شۆخان نورەدین ئەو كچە یاریزانە كوردەی بە هالاند ناسراوە بۆ یاریگا سپۆرت دەدوێت

دیمانە : ئارام شێركۆ
شۆخان نوورەدین ئەو كچە كوردەی لە ماوەیەكی كورتدا لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق و عەرەبیش ناوی دەركرد و بە شكاندنی ڕیكۆردەكانی گۆڵكردن و تۆمار كردنی هاتریك و سوپەر هاتریك لە خولی سعوودیە لەگەڵ یانەی هیلالی سعوودی وای لێهات بە هالاندی سعوودیە یان هالاندە كوردەكە ناو بنرێت، شۆخان كە ئێستا بە تۆمار كردنی 37 گۆڵ لە 11 یاری لە خولی سعوودیەی بۆ كچان توانی تەنها لە یەك یاریدا 15 گۆڵ تۆمار بكات، واتا پێنج هاتریك بەوەش پێشەنگی گۆڵكارانی خولەكەی گرتوە.
یاریگا سپۆرت بە باشی زانی هەلی گەڕانەوەی شۆخان لە سعوودیە بقۆزێتەوە و سەردانی ماڵەكەی بكات و لەنزیكەوە ئەو دیمانەیەی یاریزانە سەرنج ڕاكێشە بكات كە بم دواییە لەگەڵ هەڵبژاردەی كچانی عێراق توانی پاڵەوانێتی ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ تۆپی پێی ئافرەتان بباتەوە و شۆخانیش بووە گۆڵكاری ئەو خولە كە تێیدا زیاتر ناوی ئەو كچە كوردە بە خەڵك ئاشنابوو.
یاریگا سپۆرت: ناوی سیانیت و ڕۆژی لەدایك بوونت؟
شۆخان : شۆخان نورەدین سەدرەدین خەڵكی كەركووكم دانیشتووی شاری هەولێرم لە ساڵی 2000 لەدایكبووم و لەسالی 2017 دەستم بە وەرزشكردن كردوە سەرتاش بە تۆپی دەست دەستم بە وەرزش كردن كردو ئینجا تۆپی پێ كە بینیم تێیدا سەركەوتوو و بەهرەمەندم.
وێنەی شۆخان لە دوایین یاری خولی سعوودی بەرامبەر شوعلە لێرە سووپەر هاتریك تۆماردەكات
یاریگا سپۆرت: سەرتای كاروانی وەرزشیت؟
شۆخان : لەساڵی 2017 دەستم پێكرد و تۆپی پێی و تۆپی دەستم دەكرد لەیانەی هەولێر لەگەڵ یانەكەش براوەی پاڵەوانێتی فووسالی كوردستان بووین، دواتر پەیوەندیم بە یانەی گازی باكوور كرد و پاشان یانەی زەورا هەر لەگەڵ یانەی نەوتی باكوورش لە ساڵی 2019 بوومە گۆڵكاری خولی عێراق، لە2021 یش لەگەڵ نەوتی باكوور پلەی دووەمی عێراقمان بەدەستهێنا و دیسان من گۆڵكاری خول بووم، لە ساڵی 2022 پەیوەندیم بە یانەی زەورا كرد و لەگەڵ ئەوانیش گۆڵكاری جامی عێراق بووم.
یاریگا سپۆرت: ئەی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق ؟
شۆخان: لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداریم لە جامی ڕۆژئاوای ئاسیا بۆ فووتسال كرد كە لە سعوودیە كرا و لەوێش توانیمان پلەی یەكەم بەدست بهێنین و لە كۆتایی 4-2 لە سعوودیە ببەینەوە و منیش بە تۆمار كردنی 7 گۆڵ بە گۆڵكاری خولەكە دەستنیشان كرام.
یاریگا سپۆرت: ئەی چیرۆكی ڕۆیشتن وەك یاریزانێكی پیشەگەر بۆ خولی سعوودی چۆن بوو؟
شۆخان: لە 10-10-2022 لە یانەی هیلالی سعوودیە داوام كرام و یەكەمین گرێبەستم كرد لەوێش ئێستا زۆر سەركەوتووم و پێشەنگی گۆڵكارانی خولەكەم و ڕكابەری لەسەر یەكەمی خولەكەش دەكەین و چەندین كچە یاریزانی كورد و عەرەبی عێراقی دیكەش لێرە لەو خولەیاری دەكەن و ئاستێكی باش پێشكەش دەكەن و ئێستاش بە تۆمار كردنی 37 گۆڵ پێشەنگی گۆڵكارنی خولەكەم بە جیاوازییەكی زۆر داگیر كردوە.
لەتۆپی دەستیش لەساڵی 2019 لەگەڵ یانەی هەولێر بەشداری جامی كەنداوم كردو لەوێش بە تۆمار كردنی 50 گۆڵ باشترین گۆڵكاری خولەكە دەرچووم.
یاریگا سپۆرت : ئامانجی داهاتووی شۆخان چییە؟ ئایا بیرت لە یاریكردن لە ئەوروپا نەكردوەتەوە؟
شۆخان : بەڵێ بیرم لەوە كردوەتەوە كە لە ئەوروپا یاری بكەم و 5 یانەی ئەڵمانیا داوایان كردووم بەڵام گەورەترین كێشەی من ئەوەیە كە نەمتوانیوە تا ئێستا ڤیزا وەربگرم بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یەكێك لەو یانانە بكەم، هیوادارم حكومەتی هەرێم هاوكاریم بكات تا وەك كچە كوردێك بتوانم وەك یاریزانێكی تۆپی پێی پرۆفیشنال لە دەرەوەی عێراق و وڵاتانی عەرەب یاری بكەم و ناو و ئاڵای كوردستان بەرز بكەمەوە، ئێستاش بریكارەم هەر خەریكە بەو كارە ئەگەر سەریش نەگرێت ناچارم بۆ وەرزی داهاتووش هەر لەگەڵ یانەی هیلالی سعوودیە بەردەوام بم و گرێبەستە شەش مانگیەكەم تازە بكەمەوە.
یاریگا سپۆرت: خانەوادەكەت تا چ ڕادەیەك پاڵپشتی تۆیان كردوە؟
شۆخان : خانەوادەكەم زۆر پشتگیرییان كردووم ئەوانیش نەبوان ئەگەری زۆری هەبوو واز لە وەرزش بێنم، من هاوینی پارساڵ باوكم كۆچی دوایی كرد و ئەوە زۆر كاریگەری خراپی بەسەرم هەبوو بەنیازی وازهێنان بووم، بەڵام خاندەوادەكەم هانیان دام و ڕێگایان نەدا واز بهێنم و ئەوەتا ئێستا بەردەوامم.
یاریگا سپۆرت: شۆخان هاندەری كام یانە و هەڵبژاردەیە و چ یاریزانێكت خۆش دەوێت؟
شۆخان: من هاندەری ئارجەنتین و بارسێلۆنا و لیۆنێل مێسیم بەڵام یاریزانەكانی دیكەشم وەك كریستیانۆ و نێیمار و ئیمباپێ خۆش دەوێت.
یاریگا سپۆرت: ئێستا كریستیانۆ لە یانەی نەسری سعوودی یاریدەكات ئەوە دڵخۆشی كردی؟
شۆخان: بەدڵنیاییەوە زۆر دڵخۆشی كردووم، جێی شانازییە بۆ من ئەو لە خولی سعوودی یاری بكات، بۆ من زۆرە من لە خولێكم لە یانەیەكی نایابی وەك هیلال لە خولی ئافرەتان یاری دەكەم ئەویش لە پلەی نایاب لەگەڵ نەسر یاری دەكات هەروەها دەتوانین چاومان پێ بكەوێت و ئامادەی یاریش ببین ئەوانە شتی دڵخۆشكەرن بۆ ئێمە.
یاریگا سپۆرت: تۆ لە سعوودیە وەك یاریزانی پیشەگەر یاری دەكەی لەوێ چۆن كات بەسەر دەبەی؟
لەسعوودیە بەدەگمەن دەچینە دەرەوە زیاتر لە هۆتێل بۆ یاریگا بۆ مەشق كردن و لەوێش دەگەڕێمەوە، لێرەش هەر من بەتەنها نیم بەڵكو دێرین لەیانەكە لەگەڵمە و چەندین یاریزانی دیكەی كورد و عەرەبی عێراقیش لە خولەكە یاریدەكەن.
یاریگا سپۆرت: شۆخان حەزی لە چ خواردنێكە و چ ڕەنگێكە ؟
من زۆر حەزم لە دۆڵمەیە ئەگەر دۆڵمە هەبێت ئەوا نانێكی باش دەخۆم، سەبارەت بە ڕەنگیش ڕەش ڕەنگی خوازراوی منە.
یاریگا سپۆرت: دوا وتەت چییە و چی بە بینەرانی پەیجەكە دەڵیێ؟
شۆخان: سوپاسی یاریگا سپۆرت دەكەم و هیوای پێشكەوتنی بۆ دەخوازم و داوا دەكەم پشتگیری وەرزشوانانی جچ بكەن و داواكاریم حكومەتی هەرێمیش زیاتر پشتگیری وەرزشی ئافرەتان بكات.