نوێترین دەنگۆیەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان

ئەمڕۆ شەممە لە میدیاکانی ئەوروپاوە چەند دەنگۆیەکی نوێ لەبارەی هەواڵەکانی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانان بلاوکراوەتەوە، لێنگلێت نزیکە بارسێلۆنا بەرەو تۆتێنهام بەجێبهێڵێت و رافینهاش نزیکە لە لیدز یونایتدەوە بچێتە بارسێلۆنا.

رافینها بارسێلۆنای هەڵبژارد

رافینها نزیکە بە قیست بەرامبەر 60 ملیۆن یۆرۆ لە لیدز یونایتدەوە بچێتە ریزەکانی بارسێلۆنا.

جیرارد رۆمێرۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیسپانی رایگەیاندووە بارسێلۆنا و لیدز یونایتد نزیکن بگەنە رێککەوتن، رافینها هێرشبەری بەڕازیلی بەرامبەر 60 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکات کلە دیکۆ ئەستێرەی پۆرتوگاڵی پێشووی بارسێلۆنا بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە بەڕازیلییە دەکات و رۆڵی کاریگەری هەیە لەوەی رافینها بچێتە بارسێلۆنا.
فابریزیۆ رۆمانۆ رایگەیاندووە چێڵسی ئۆفەرێکی بە بڕی 70 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی لیدز یونایتد کردووە بەڵام رافینها حەز دەکات بچێتە بارسێلۆنا بۆیە لیدز یونائیتد نزیکە رازی بێت رافینهاز

لێنگلێت بە خواستن دەچێتە تۆتێنهام هۆتسپێرس

لێنگلێت بە خواستن بۆ ماوەی وەرزێک بەرامبەر پێنج ملیۆن یۆرۆ لە بارسێلۆناوە دەچێتە ریزەکانی تۆتێنهام هۆتسپێرس.

فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی رایگەیاندووە، کلیمێنت لێنگلێت بەرگریکاری فەرەنسی لەسەر بەندە کەسییەکانی لەگەڵ تۆتێنهام هۆتسپێرس گەیشتووەتە رێککەوتن و ئەو یاریزانە دڵخۆشە بەوەی پەیوەندی بە ریزەکانی تۆتێنهامەوە بکات، لێنگلێت لەلایەن ئەنتۆنیۆ کۆنتییەوە داواکراوە و ئێستا بارسێلۆنا و تۆتێنهام لە گفتوگۆی راستەوخۆدان و چاوەڕێ دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوو هەردوولا بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و گرێبەستەکە رابگەیەنرێت.

دی یۆنگ لە هەموو کاتێک زیاتر لە مانچێستەر یونایتد نزیکە

مانچێستەر یونایتد و بارسێلۆنا لەبارەی فرەنکی دی یۆنگ لە رێککەوتنی کۆتایی نزیک بوونەتەوە، ئەو دوو یانەیە گەیشتوونەتە رێککەوتن بەرامبەر 65 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکە واژۆ بکەن، بەڵام هەردوولا لەبارەی وردەکاری 20 ملیۆن یۆرۆ پاداشت لە گفتوگۆدان.

دی یۆنگ لە سەرەتای بازاڕی گواستنەوەی هاوینەی یاریزاناندا لەسەر داوای ئیریک تێن هاگ لە چوونی بۆ مان یونایتد نزیکە و چاوەڕێ دەکرێت لەم هەفتەیە ببێتە یاریزانی شەیتانە سوورەکان.

ستێرلینگ لە چێڵسی نزیکتر بووەتەوە

رەحیم ستێرلینگ زیاتر لە چوونی بۆ چێڵسی نزیکتر بووەتەوە و بلووز لەسەر داوای تۆماس تۆخێل سوورە لەسەر ئەوەی ئەو یاریزانە ئینگلیزە لە مان سیتییەوە بباتە ریزەکانی.

چێڵسی راستەوخۆ لەگەڵ مان سیتی لە گفتوگۆدایە و هەردوولا نزیکن بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، چێڵسی ئامادەیە 45 ملیۆن پاوەند بۆ ماوەی چوار ساڵ بدات لەپێناوی گواستنەوەی ئەو هێرشبەرە ئینگلیزە.

حەکیم زیاش بەرەو ئەیسی میلان

ئەیسی میلان لەگەڵ چێڵسی دەستی بە گفتوگۆی جددی کردووە، بۆ ئەوەی حەکیم زیاش لەو یانەیەوە پەلکێشی ریزەکانی بکات.

حەکیم زیاش حەز دەکات بچێتە ریزەکانی ئەیسی میلان و یانە ئیتاڵییەکەش دەیەوێت یاریزانە مەغریبییەکە بگوازێتەوە، بەڵام زۆری مووچەکەی زیاش رێگرە لە بەردەم میلان بۆ ئەوەی بیباتە ریزەکانی.

زیاش بەهۆی کەمی دەرفەتی یاریکردنی دەیەوێت بلووز بەجێبهێڵێت و رووبکاتە ریزەکانی رۆسۆنێری.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close