مارادۆنا به‌ مردووی ریكۆردی تۆماركرد

 

هه‌وراز كاوه‌
گاردیانی به‌ریتانی

ئه‌و درێسه‌ی دیگۆ مارادۆنا له‌ یاری قۆناغی پێش كۆتایی مۆندیالی 1986 به‌ده‌ست گۆڵه‌كه‌ی له‌ ئینگلته‌را پێكرد و (2به‌1) یارییه‌كه‌یان برده‌وه‌ و گه‌یشتنه‌ یاری كۆتایی ئه‌و مۆندیاله‌، لە زیادکردنێکدا بە 7.1 ملیۆن پاوەند فرۆشرا، درێسی ژمارە ١٠ـی ئەرجەنتینییه‌كه‌، کە لەلایەن یاریزانی ئینگلتەرا ستیڤ هۆدجەوە هەڵگیرابوو، ژماره‌ی پێوانه‌یی بۆ كه‌لوپه‌له‌ وه‌رزشییه‌كان شكاند.

یاریزانە کۆچکردووەکەی ئەرجەنتین گۆڵی یەکەمی لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا کەمێک بە سەر و بە دەست تۆماركرد، ئەو و پیتەر شیڵتۆنی گۆڵپارێزی ئینگلتەرا هه‌ستان بۆ تۆپه‌كه‌، به‌ڵام تۆپەکە به‌ر دەستی چەپی مارادۆنا كه‌وتوو چووه‌ نێو تۆره‌كه‌وه‌، كه‌ دواتر ناوبژیوان به‌ گۆڵی هه‌ژمار كرد.
دوای چەند خولەکێک مارادۆنا کۆمەڵێک یاریزانی ئینگلتەرای له‌ ناوه‌راستی یاریگاكه‌وه‌ فریوداو جارێکی دیکە گۆڵێكی مێژووی تۆمارکرد، کە لە ساڵی ٢٠٠٢دا لە ڕاپرسییەکدا کە ٣٤٠ هەزار هاندەری لە ١٥٠ وڵاتدا به‌شداربوون، ئه‌و گۆڵه‌ی دیگۆ بە گۆڵی سەدە هەڵبژێردرا.

درێسەکەی دیگۆ لە ماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ستیڤ هۆدجەوە خاوەندارێتی دەکرا، ئەو یاریزانەی هێڵی ناوەڕاستی ئینگلتەرا، کە بەبێ مەبەست تۆپەکەی به‌رزكرده‌وه‌ و دیگۆ به‌ ده‌ستی گۆڵه‌كه‌ی تۆماركرد، دوای یارییه‌كه‌ هەردوو یاریزانەکە درێسەکانیان گۆڕیەوە و كه‌وته‌ لای ئه‌و یاریزانه‌ی ئینگلته‌راوه‌.

ئه‌و درێسه‌ له‌ 20 ساڵی ڕابردوو بە خواستن لە مۆزەخانەی نیشتمانی تۆپی پێی شاری مانچستەر دانرابوو، خه‌ڵكی به‌ پاره‌ ده‌چوون ته‌ماشایان ده‌كرد، دواتر کۆمپانیای سۆزیبی لە ماڵپەڕەکەیدا جلە شینه‌ ژمارە ده‌یه‌كه‌ی دیگۆی مه‌زایه‌ده‌ كرد.

براهم واچتەر:
بەرپرسی جلوبەرگی سەر شەقام و کۆکراوەی شته‌ مۆدێرنه‌كان، لە کۆمپانیای سۆزیبی دەڵێت:
ئەم کراسە مێژووییە بیرهێنانەوەی بەرجەستەی ساتێکی گرنگە، نەک تەنیا لە مێژووی وەرزشدا، بەڵکو لە مێژووی سەدەی بیستەمدا،كه‌ زیادکردنەکەمان ڕاگەیاند لەلایەن هەوادارانی كه‌لوپه‌له‌ وەرزشیه‌كانه‌وه‌، خه‌ڵكی وه‌كو لافاو روویان لێناین بۆ كرینی درێسه‌كه‌، ئەم حەماسەتە بێ فلتەرەی جه‌ماوه‌ر بۆ كرینی درێسه‌كه‌ی دیگۆ پێمان ده‌ڵێت:
بەبێ گومان ئەمە تامەزرۆترین درێسی تۆپی پێیە، کە تا ئێستا هاتبێتە زیادکردن و خه‌ڵكی حه‌ز بكه‌ن بیكرن، هه‌روه‌ها ژماره‌ی پێوانه‌یی شكاندووه‌ له‌ شته‌ نایابه وه‌رزشییه‌كاندا.

هه‌روه‌ها هۆدجی خاوه‌نی درێسه‌كه‌ی مۆندیالی 86ـی ماردۆنا وتی:
درێسەکە مانای کولتووری قووڵی هەیە، بۆ جیهانی تۆپی پێ و خەڵکی ئەرجەنتین و خەڵکی ئینگلتەرا. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوە دیارییه‌كی گرنگبوو دیگۆ پێیدام، كه‌ خه‌ڵاته‌كه‌ له‌لایه‌ن شایستەترین یاریزانی تۆپی پێ وه‌ بوو بۆمن.
ئەم یارییە دوای چوار ساڵ هات کە بەریتانیا لە جەنگی فۆكلاندا، له‌ ساڵی 1982شکستی سه‌ربازی بە ئەرجەنتین هێنا و لە ئەنجامدا گرنگییەکی زۆری بۆ هەردوو وڵات هه‌بوو.

مارادۆنا لە ژیاننامەکەید دەڵێت:
ئەوە وەک ئەوە وابوو، لە وڵاتێک ببەیتەوە نەک تیپێکی تۆپی پێ.
یانەی سۆزیبی مەزەندەی کردبوو کە ئەو درێسە بەلایەنی کەمەوە بە ٤ ملیۆن پاوەند بفرۆشرێت، كه‌چی له‌ كۆتایدا به‌ حه‌وت ملیۆن پاوه‌ند فرۆشراو ژماره‌ی پێوانه‌یی ده‌سته‌به‌ركرد.
ژمارەی پێوانەیی پێشووی زیادکردن بۆ یادگارییە وەرزشییەکان بە دەستنووسێکی ڕەسەنی واژۆکراوی مانیفێستی ئۆڵۆمپی ساڵی ١٨٩٢ تۆمارکراوه‌، کە لە ساڵی ٢٠١٩ لە کۆمپانیای سۆزیبی بە ٨.٨ ملیۆن دۆلار فرۆشرا، كه‌ ٧.٠٥ ملیۆن پاوەند بە نرخی ئه‌مڕۆ ده‌كات و ئه‌وه‌ی دیگۆ بووه‌ گرانترین.

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close