به‌رپرسانی ریال مه‌درید به داواكارییه‌كی مباپێ شۆك بوون و له‌وانه‌یه له پاریس سانجێرمان بمێنێته‌وه

كیلیان مباپێ داوای پاره‌ی زیاتر له ریال مه‌درید ده‌كات و پاریس سانجێرمان هیوای بۆ مانه‌وه‌ی هێرشبه‌ره‌كه‌ی زیندوو بووه‌ته‌وه.
كه‌ناڵی RMC SPORTی فه‌ره‌نسی رایگه‌یاندووه، چاوه‌ڕێ ده‌كرێت هه‌فته‌ی داهاتوو به‌رپرسانی ریال مه‌درید له‌گه‌ڵ خێزانی كیلیان مباپێ كۆببنه‌وه و گفتوگۆ له‌باره‌ی داهاتووی مباپێ بكه‌ن، به‌ڵام میدیاكانی فه‌ره‌نسا به بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی گه‌شتی خێزانی مباپێ بۆ قه‌ته‌ر ترسیان خسته ناو دڵی مه‌دریدییه‌كان.
جۆسێپ پێدریرۆل پێشكه‌شكاری به‌ناوبانگی به‌رنامه‌ی ئێلچێرێنجیتۆی ئیسپانی ئاشكرایكردووه، خێزانی كیلیان مباپێ بۆ پشوودان سه‌ردانی ده‌وحه‌یان كردووه و ئه‌گه‌ره‌كانی نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی مباپێ له پاریس سانجێرمان به كراوه‌یی ماونه‌ته‌وه.
رادیۆی كادێنا كۆپی ئیسپانی رایگه‌یاندووه، گه‌رچی پێشتر به‌رپرسانی ریال مه‌درید و كیلیان مباپێ له‌سه‌ر به‌نده كه‌سییه‌كان رێكه‌وتوون كه‌چی مباپێ ئێستا داوای 100 ملیۆن یۆرۆی زیاده ده‌كات، به‌رپرسانی ریال مه‌دریدیش ئه‌م داواكارییه‌ی مباپێیان ره‌تكردووه‌ته‌وه.
رۆژنامه‌ی لیكیپی فه‌ره‌نسیش ئاشكرایكردووه، هێشتا مباپێ له نێوان پاریس سانجێرمان و ریال مه‌درید خۆی یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان به كراوه‌یی ماونه‌ته‌وه.