یارییەکانی چامپیۆنزلیگی شەوی چوارشەممە

شه‌وی چوار شه‌ممه‌ جارێكی دیكه‌ قۆناغی سێیه‌می یارییه‌كانی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌. كاتژمێر 10ـی شه‌و یانه‌ی بایرن میونخی ئه‌ڵمانی له‌ كۆمه‌ڵه‌ی پێنج ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی به‌نفیكای پرتووگالی، یانه‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ ته‌واو دۆخی باشه‌ و ناگلیزمانی راهێنه‌ر ته‌نیا یه‌ك یاریی تووشی شكست بووه‌ له‌ خولی ئه‌ڵمانی، كه‌ ئه‌و ئاسته‌ی تیپه‌كه‌ وایكردووه‌ له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كان رێكخراوتر ده‌ربكه‌ن و له‌ دوو یاریی پێشوو شه‌ش خاڵیان كۆكردۆته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ئه‌ركی به‌نفیكای دووه‌می ریزبه‌ندی قورس ده‌كات، وه‌كو یارییه‌كانی پێشوو ته‌نیا چاویان له‌بردنه‌وه‌ نه‌بێت، بۆیه‌ پارێزگاریكردن له‌ ئه‌نجامی دوو یاریی پێشوویان ئاسان نییه‌ و لانیكه‌م بردنه‌وه‌ی خاڵێكی یارییه‌كه‌ له‌ ركابه‌ری بۆ قۆناغی دووه‌م ده‌یان پارێزێت.

هه‌رچی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌یه‌ له‌ نێو یاریگای كامپ نوو میوانداری یانه‌ی داینه‌مۆكیڤی ئۆكرانی ده‌كات، به‌رشه‌لۆنه‌ ته‌واو بارودۆخی له‌ خولی ئیسپانی و یانه‌ پاڵه‌وانه‌كان خراپه‌ و كۆمانی راهێنه‌ر ناتوانێت پێكهاته‌ی بنه‌ره‌تی دروست بكات، به‌ڵام بۆ ئه‌م یارییه‌ ده‌توانیچت سوود له‌ تواناكانی كۆن ئه‌گیۆرۆی هێرشبه‌ر ببینێت، بۆیه‌ پێویستی به‌وه‌یه‌ به‌ ئه‌نجامێكی گه‌وره‌ سه‌ركه‌وتن ده‌سته‌به‌ر بكات و خۆی له‌ خانه‌كانی پێشه‌وه‌ نزیك بكاته‌وه‌ و هانده‌رانی ئاشت بكاته‌وه‌، چونكه‌ ته‌نیا خالێكی هه‌یه‌ و یاریی دوای یاریی تیپه‌كه‌ تووشی دارمان و خراپی ئه‌نجامه‌كانی ده‌بێت.

هه‌مان رۆژ كاتژمێر ده‌ی شه‌و له‌سه‌ر یاریگای ئۆلدترافۆرد یانه‌ی مانچسته‌ر یونایتد دوای شكسته‌كه‌ی له‌ خولی ئینگلیزی میوانداری یانه‌ی ئه‌تڵه‌نتای ئیتاڵی ده‌كات. مانچسته‌ر یاریی پێشووی دۆراند و له‌ ئه‌گه‌ری شكستی ئه‌مجاره‌ی نه‌ك له‌ بازنه‌ی ركابه‌ری نامێنێت، دوورنییه‌ راهێنه‌ری یانه‌كه‌ سۆڵشایه‌ر دووبخرێته‌وه‌، له‌ كاتێكدا تیپه‌ ئیتاڵییه‌كه‌ باردۆخی باشه‌ و دوو وه‌رزه‌ به‌ ئاسانی له‌ قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كان ركابه‌ری تووندی یانه‌كان ده‌كات و چوار خاڵی هه‌یه‌ و قورسترین یاریی ئه‌مه‌ی مانچسته‌ره‌، بێجگه‌ له‌م یارییه‌ هه‌ردوو یانه‌ی ڤیاریالی هه‌ڵگری نازناوی ئه‌وروپا لیگ و یونگ بۆیز رووبه‌رووی یه‌ك ده‌بنه‌وه‌، یانه‌ سویسرێكه‌ یاریی پێشووی له‌ مانچسته‌ر برده‌وه‌، كه‌ به‌هێزترین تیپی كۆمه‌ڵه‌ی شه‌شه‌ و ئه‌مه‌ش واده‌كات بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ زیاتر خۆیان بۆ گه‌یشتن به‌ قۆناغی دووه‌م هه‌ڵكه‌ن.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وته‌م یانه‌ی رید بۆڵ سالزبۆرگی نه‌مساوی میوانداری یانه‌ی فۆڵفسبۆرگی ئه‌ڵمانی ده‌كات، تیپه‌ نه‌مساوییه‌كه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ی چوار خاڵ پله‌ی یه‌كه‌مه‌ و نایه‌وێت دووچاری شكست بێت، تا به‌ ئاسانی له‌ ركابه‌ره‌كه‌ی كه‌ ئیشبیلیای ئیسپانیه‌ كه‌ له‌هه‌مان كۆمه‌ڵه‌یه‌و ئه‌ویش له‌گه‌ڵ یانه‌ی لیلی فه‌ره‌نسی یاریی ده‌كات دوور بكه‌وێته‌وه‌، كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ ئیشبیلیا به‌ راهێنه‌رایه‌تی لۆپێتیگی ئاستی جێگیره‌ یاریی سه‌راپاگیر ده‌كه‌ن و جوڵه‌ له‌ ركابه‌ره‌كانیان ده‌بڕن. هه‌روه‌ها ركابه‌ری چوار تیپی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ جیاوازی نێوانیان ته‌نیا دوو خاڵه‌ و له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر شكست و یه‌كسان بوونێك خانه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌می ریزبه‌ندی له‌ ده‌ست ده‌ده‌ن.

یارییه‌كانی كۆتا كۆمه‌ڵه‌ له‌ كاتژمێر 10ـی شه‌و به‌رێوه‌ ده‌چن، له‌سه‌ر ئاستی كۆمه‌ڵه‌كه‌ یۆڤانتۆس شه‌ش خاڵی هه‌یه‌ و به‌بێ‌ گرفت بۆ یارییه‌كه‌ی زینت سانپترسبۆرگی رووسی ئاماده‌یه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌لێگری راهێنه‌ر به‌و دوو بردنه‌وه‌ی پێشووی ئه‌ركی ئاسانه‌ و زیاتر بیری لای خولی ئیتاڵییه‌ بچێته‌وه‌ پێشه‌نگی خوله‌كه‌، هه‌روه‌ها یانه‌ی چێلسی ئینگلیزی هه‌ڵگری نازنازی ساڵی پێشوو له‌ یاریگای ستامفۆرد بریدج میوانداری یانه‌ی مالمۆی سویدی ده‌كات، كه‌ مالمۆ نێچیرێكی ئاسانه‌ و تۆخێل ده‌توانێت ته‌واوی حساباتی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م تیپه‌ ساغ بكاته‌وه‌ و به‌پشت بیه‌ستن به‌ ئه‌نجامی یارییه‌كه‌ی یوڤی له‌ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌ خۆی جێگر بكات و هه‌نگاوی به‌ره‌و قۆناغی دوووه‌م ئاسان بكات.

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close