چامپیۆنزلیگ دەست پێدەکاتەوە

ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌رۆژانی سێ‌ شه‌ممه‌ و چوار شه‌ممه‌ جارێكی دیكه‌ گه‌ری سێیه‌می خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كان ده‌ست پێده‌كاته‌وه‌، كه‌ تێدا چه‌ندین یاریی گرنگ به‌رێوه‌ ده‌چێت.
له‌كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی ده‌بێته‌ میوانی یانه‌ی كلوب بروجی به‌لجیكی، كه‌ ئه‌مه‌ یارییه‌ بۆ سیتی گرنگه‌ و ده‌یه‌وێت دوای شكسته‌ی به‌ یانه‌ی پاریسان جێرمان خۆی بگه‌یه‌نێته‌وه‌ خانه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌م، هه‌روه‌ها پاریسان جێرمان میوانداری یانه‌ی لایبزیگی ئه‌ڵمانی ده‌كات، كه‌ هیچ خاڵێكی نییه‌ و ده‌یه‌وێت به‌و بردنه‌وه‌یه‌ پێشه‌نگی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی بگرێت و زیاتر ئاماده‌كاری بكات بۆ خولی فه‌ره‌نسی، كه‌ چه‌ند یارییه‌ قورس سه‌ركه‌وتن ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پۆچیتینهۆی راهێنه‌ر ته‌واوی چه‌كه‌كانی ئاماده‌كردووه‌ بۆ چامپیۆنسلیگ.

له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌م له‌ كاتژمێر ده‌ی شه‌وی رۆژی سێ شه‌ممه‌ یانه‌ی لێڤه‌رپوول گه‌شتی شاری مه‌درید ده‌كات، تا له‌وێ‌ رووبه‌ری ئه‌ته‌له‌تیكۆ مه‌درید بێته‌وه‌. تیپه‌كه‌ی كڵۆپ ته‌واوی یاریزانه‌كانی ئاماده‌یه‌ و پێش ئه‌م یارییه‌ پێنج گۆڵیان له‌ یانه‌ی واتفۆرد كرد و خۆیان له‌ خانه‌ی دوووه‌می پرێمه‌رلیگ جێگر كردووه‌، هه‌روه‌ها هێرشبه‌ره‌كانی یاریی دوای یاریی ژماره‌ی گۆڵه‌كانیان زیاد ده‌كه‌ن و به‌ته‌واوی ركابه‌ری له‌گه‌ڵ به‌هێزترین به‌رگریكارانی یانه‌كاندا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، كه‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ محمد سه‌ڵاح توانی ژماره‌ی گۆڵه‌كانی له‌گه‌ڵ تیپه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته‌ 100 گۆڵ. تیپه‌كه‌ی سیمۆنی بارودۆخی له‌ لالیگادا باش نییه‌ و ته‌واو هێرشبه‌ره‌كانی لاوازن و ئه‌نجامی تیپه‌كه‌یان بۆ بردنه‌وه‌ و ركابه‌ری یانه‌كان له‌ لالیگا دوا ده‌كه‌وێت، به‌ڵام له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كان دۆخیان باشه‌ و له‌ خانه‌ی دووه‌م جێگر بوون، به‌ بردنه‌وه‌ له‌ یانه‌ ئینگلیزییه‌كه‌ ته‌واو له‌ ئه‌یسی میلان و پۆرۆتۆ دوورده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ ئه‌و دووانه‌ش ئه‌م هه‌فته‌یه‌ یاریی لوتكه‌ی خۆیان بۆ جێگر بوون و ركابه‌ری له‌سه‌ر خانه‌ی دووه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ میلان دوو شكست و پۆرتۆ یه‌ك یه‌كسان بوونی هه‌یه‌.

له‌ كۆمه‌ڵه‌ی سێیه‌م هه‌ردوو یانه‌ بروسیا دۆرتمۆند و ئه‌جاكس ئه‌مسته‌ردام به‌ كۆكردنه‌وه‌ی شه‌ش خاڵ یه‌كه‌م و دووه‌می ریزبه‌ندی كۆمه‌ڵه‌كه‌ن، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ یاریگای یۆهان كرۆیف ئارینا تیپه‌ هۆڵندییه‌كه‌ میوانداری یانه‌ی دۆرتمۆند ده‌كات، كه‌ به‌ بردنه‌وه‌ی هه‌ركامیان پلیتی قۆناغی دووه‌م مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ردوو یانه‌كه‌ی دیكه‌ بێشكتاشی توركی و سپۆرتینگ لیشبۆنه‌ی پرتوگالی به‌ شكستی ئه‌و دووانه‌ی پێشه‌وه‌ و بردنه‌وه‌ی یه‌كێكیان دێنه‌وه‌ نێو كه‌شی ركابه‌ری كۆمه‌ڵه‌كه‌ و ده‌كرێت له‌ یارییه‌كانی داهاتوو شه‌ری قۆناغی دووه‌م بكه‌ن.

له‌ كۆمه‌ڵه‌ی چواره‌م رۆژی سێ‌ شه‌ممه‌ له‌ یاریگای دۆنیاس ئارینا یانه‌ی شاختاری ئۆكرانی كاتژمێر ده‌ی شه‌و میوانداری یانه‌ی ریاڵ مه‌دریدی بریندار ده‌كات، كه‌ جیاوازی هه‌ردوو تیپه‌كه‌ ته‌نیا دوو خاڵه‌، ریاڵ یاریی پێشووی به‌ یانه‌ی شێریفی مۆلدۆڤیا دۆراند نه‌یتوانی خۆی له‌ داوی تیپه‌ بچووكه‌كان رزگار بكات، كه‌ ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ یانه‌ ئۆكرانییه‌كه‌ به‌هۆی لاوازی هێڵی به‌رگری ریاڵ و خراپی چه‌ند یاریی پێشوویان له‌سه‌ر حسابی ئه‌وان سه‌ركه‌وتن له‌سه‌ر یاریگای خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن و پلیتی خانه‌ی دووه‌م به‌ده‌ست بێنن.
هه‌رچی یارییه‌كه‌ی دیكه‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌ر چۆنێك بێت زیانی بۆ ریال و شاختار هه‌یه‌، شێریف شه‌ش خاڵی كۆكردۆته‌وه‌ و یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆیان ده‌بنه‌ میوانی ئه‌نته‌رمیلانی ئیتاڵی كه‌ ته‌نیا خاڵێكی هه‌یه‌ و تاكه‌ ده‌رفه‌ت و مانه‌وه‌ی بۆ ركابه‌ری له‌گه‌ڵ ریاڵ مه‌درید بردنه‌وه‌ی ئه‌و یارییه‌ تا كۆی خاڵه‌كانی بگه‌یه‌نێته‌ چوار خاڵ و بێته‌وه‌ نێو كه‌شی ركابه‌رییه‌كان، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌نته‌ر ئاسانه‌ و تیپه‌كه‌ له‌سه‌ر خاكی خۆی یارییه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌دات.

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close