خوێندنەوەیەک بۆ یاریی پاریس سانجێرمان – مانچێستەر سیتی

ئه‌مشه‌و كاتژمێر (10)ـی شه‌و، له‌ گەڕی دووه‌می خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا، هه‌ردوو یانه‌ی پاریسان جێرمان و مانچسته‌ر سیتی له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م، له‌ یاریگای باخچه‌ی شازه‌ده‌كان رووبه‌رووی یه‌ك ده‌بنه‌وه‌.

ئه‌م یارییه‌ بۆ یانه‌ی پاریسانجێرمان گرنگه‌ و ده‌یه‌وێت قه‌ره‌بووی یاریی یه‌كه‌می بكاته‌وه‌، كه‌ له‌گه‌ڵ یانه‌ی كڵۆپ بروجی به‌لجیكی له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كان به‌بێ‌ گۆڵ یه‌كسان بوون، به‌وه‌ش پاریسان جێرمان یه‌ك خاڵی هه‌یه‌ و له‌ پله‌ی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌یه‌تی.

یانه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ له‌ خولی ناوخۆی فه‌ره‌نسی دۆخی باشه‌ و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 24 خاڵ و هه‌شت بردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر یه‌ك، یه‌كه‌می خوله‌كه‌یه‌، دوای یاریی به‌ دوو گۆڵی (دركسله‌ر و ئدریسا گایی) له‌ مۆنپێلیایان برده‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌ریده‌خات پێش یارییه‌كه‌ی سیتی باشتر ئاماده‌ن و دوو رۆژ زیاتر پێشوویان وه‌رگرتووه‌.

به‌ڵام گرفتی پۆچیتینۆی راهێنه‌ر ئه‌وه‌یه‌، تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ سوود له‌ ته‌واوی ستاره‌كانی ببینێت و یارمه‌تی هه‌مووان بدات، یان وه‌ك یه‌ك ده‌سته‌ یاریی بكه‌ن و به‌ته‌واوی ئاماده‌بن، چونكه‌ له‌ یاریی پێشوویان دژی كلوب بروج (میسی و مباپی و نیمار) شكستیان هێنا له‌وه‌ی ته‌نیا گۆڵێك تۆمار بكه‌ن.

بۆیه‌ پۆچیتینیۆ له‌ یارییه‌كه‌ی ئۆڵۆپیك لیۆن، له‌ خولی فه‌ره‌نسی میسی دانیشاند، به‌وه‌ش نا ئارامی خسته‌ نێوان خۆی و ئه‌و یاریزانه‌وه‌، كه‌ دواتر وترا به‌هۆی پێكانه‌وه‌ بووه‌، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت لیۆ پێكانێكی سووكی هه‌یه‌ و ده‌سته‌ی پزیشكی یانه‌كه‌ پێش رووبه‌روو بوونه‌وه‌وه‌ی یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی رایانگه‌یاند میسی ئاماده‌ی ئه‌و یارییه‌ ده‌بێت، به‌ڵام لیۆ له‌وه‌ دڵنیانییه‌ به‌ شێوه‌ی سه‌ره‌كی یاریی ده‌كات، یاخود كه‌شه‌كه‌ چۆن ده‌بێت، كه‌چی له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی راهێنه‌ری پاریسان جێرمان ئه‌وه‌نه‌ی وت:
میسی پێگه‌ی تایبه‌تی دژی یانه‌ی مانچسته‌ر سیتی ده‌بێت.

هه‌رچی یانه‌ی ستیزنی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌یه‌، دۆخی باشه‌ و ته‌واوی یاریزانه‌كانی بۆ ئه‌و یارییه‌ی پاریس ئاماده‌یه‌، هه‌روه‌ها دوای بردنه‌وه‌ له‌ یانه‌ی چێڵسی له‌ خولی ئینگلیزی پیپ گواردیۆلا كۆتایی به‌و هه‌موو ده‌نگۆیانه‌ هێنا، كه‌ گوایه‌ راهێنه‌ر كێشه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك له‌ یاریزانه‌كانیدا هه‌یه‌ و به‌ كۆكردنه‌وه‌ی 13 خاڵ و جیاوازی یه‌ك نوخته‌ له‌دوای لێڤه‌رپوله‌وه‌یه‌، جگه‌ له‌مانه‌ گواردیۆلا ته‌واوی یاریزانه‌كانی ده‌باته‌ پاریس و شه‌ری لیۆیان پێ ده‌كات، هه‌روه‌ها رایگه‌یاند بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كان رۆبن دیازی باشترین یاریزانی وه‌رزی پێشووی پرێمه‌رلیگ یه‌كێك ده‌بێت له‌و پێنج یاریزانه‌ سه‌ره‌كییه‌ی سه‌ركردایه‌تی تیپه‌كه‌ی پێ‌ ده‌سپێرێت، چونكه‌ رۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو له‌ بردنه‌وه‌ی مانچسته‌ر سیتی له‌ یانه‌ی لایبزیك (6به‌3) و به‌ده‌ست هێنانی سێ‌ خاڵی ئه‌و یارییه‌.

دوا دوو یاریی هه‌ردوو یانه‌ مانچسته‌ر سیتی و پاریسان جێرمان له‌ وه‌رزی پێشوو، له‌ قۆناغی پێش كۆتایی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا بوو، كه‌تێدا تیپه‌كه‌ی گواردیۆلا هه‌ردوو یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌ و گه‌یشته‌ فیناڵی ئه‌و وه‌رزه‌، به‌وه‌ش فیله‌سووف خه‌ونی خلێفی سه‌رۆكی له‌ چاڵناو ئه‌مجاره‌ به‌ هێنانی میسی ده‌یه‌وێت تۆڵه‌ له‌ كۆنه‌ راهێنه‌ره‌كه‌ی خۆی و دژمنی دوێنێی بكاته‌وه‌.

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close