روبەرووبونەوەی بەرشلۆنە و بایرن میونشن

یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی پێنجه‌م میوانداری یانه‌ی بایرن میونخ ده‌كات، كه‌ ده‌كرێت ئه‌م یارییه‌ له‌ چه‌ند روویه‌كه‌وه‌ باس بكرێت، چونكه‌ هه‌ردوو تیپ ته‌واو له‌رووی پێكهاته‌ و شێوازی یاریكردنه‌وه‌ گۆڕانی زۆریان به‌سه‌ردا هاتووه‌.

ئه‌م وه‌رزه‌ یانه‌ی بایرن میونخ كاریگه‌رترین چه‌كه‌كانی له‌ ده‌ستداوه‌، به‌ تایبه‌تی ئاریان رۆبن و ریبیری و بواتینگ، جگه‌ له‌وه‌ هانز فلێكسی راهێنه‌ریش له‌ژێر گوشاری به‌رێوه‌به‌ری وه‌رزشی یانه‌كه‌ تیپه‌كه‌ی به‌جیهێشت، بۆیه‌ یانه‌ی بایرن یولیان ناگلیزمانیان خسته‌ جێگه‌ی فلێكس، كه‌ به‌ مۆرینهۆی بچووك ناسراوه‌، یاخود ده‌وترێت زۆربه‌ی فكره‌ی یاریی تیپه‌كه‌ی له‌شێوه‌ یاریی گواردیۆلا و تۆخێله‌وه‌ وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام دۆخی بایرن ئه‌مجاره‌ وه‌ك ساڵانی پێشوو نییه‌ و راهێنه‌ر ئاسان ناتوانێت پێكهاته‌ و شێوازی یاریكردن به‌دڵی خۆی دابرێژێته‌وه‌.

ئه‌وه‌ش واده‌كات یاریزانه‌كانی بایرن نه‌توانن به‌بێ‌ كێشه‌ له‌ یاریگادا یاریی بكه‌ن، یاخود هێڵی به‌رگریان یارمه‌تی ناوه‌ند و پێشه‌وه‌ بده‌ن، به‌ڵام نه‌بوونی میسی و پاشه‌كشه‌ی ئاستی بۆسكێتس و لاوازی لا باڵه‌كانی به‌رشه‌لۆنه‌، كه‌ پێشتر به‌هۆی ئه‌لڤیس و ئالباوه‌ ئه‌و تیپه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر ته‌واوی یاریگادا ده‌گرت، وا ده‌كات ناگلیزمان زۆر له‌بیری پلانی یارییه‌كه‌دا نه‌بێت، به‌ڵام كاتێك ته‌ماشای یارییه‌كانی پێشووی ناگلیزمان ده‌كه‌ی هه‌ست ناكه‌ی شێوازی هێرشبه‌ری بێت، چونكه‌ ئه‌و راهێنه‌ره‌ به‌ پلانی (4،2،3،1) یاریی ده‌كات، به‌ڵام زیره‌كانه‌ به‌هۆی نه‌بوونی ناوه‌ند و ئه‌سێستكاری گه‌وره‌وه‌ قورسایی تیپه‌كه‌ی له‌ باڵه‌كانه‌وه‌ خستۆته‌ سه‌ر گنابری و سانییه‌، له‌كاتی هه‌ڵكشانی ئه‌و دووانه‌ لیڤاندۆسكی ده‌چێته‌ بۆكسی گۆڵی ركابه‌ر و مۆله‌ر وه‌كو یاریده‌ده‌ر بۆ كۆنترۆڵكردنی تۆپه‌كانی پێشه‌وه‌ له‌ پشته‌وه‌ی لیڤا جوڵه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها كیمیچ ده‌چێته‌ ناوه‌ندی یاریگاكه‌ و هه‌رچی گۆریتزكه‌ ده‌بێته‌ یاریزانی به‌رده‌می به‌رگری و له‌وكاته‌دا بایرن به‌ چوار ناوه‌ند و دوو هێرشبه‌ر یاریی ده‌كات، كه‌ ئه‌وه‌ش وا له‌ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ ده‌كات بیر له‌وه‌ نه‌كه‌نه‌وه‌ له‌ ته‌واوی یاریگاكه‌دا هه‌ڵبكشێن و گوێ‌ به‌ هێڵی به‌رگری و ناوه‌ند نه‌ده‌ن.

هه‌روه‌ها نه‌بوونی میسی وه‌كو هێرشبه‌ر و ناوه‌ندی تیپه‌كه‌ خاڵی لاوازی به‌رشه‌یه‌ و راهێنه‌ر ناچاره‌ بۆ پركردنه‌وه‌ی جێگه‌ی ئه‌و یاریزانه‌ یاریی به‌ ممفێس و دیپای و برایسوات بكات، جگه‌ له‌وه‌ دی یۆنگ به‌بێ‌ میسی و راكیتچ به‌ته‌نیا له‌ ناوه‌ندی یاریگایه‌. تاكه‌ یاریزان بتوانێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م یارییه‌ قورسانه‌دا بكات پیكییه‌، كه‌ ئه‌وش ته‌واو ماندوی ده‌ستی هیڵی به‌رگریه‌ و هه‌موو یارییه‌ك به‌ كۆڵێك كێشه‌وه‌ یاریگا جێده‌هێڵن، یاخود به‌هۆی فرۆشتن و هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی یاریزانه‌كانیه‌وه‌ كۆمان نه‌یتوانیوه‌ پلانی كۆتایی خۆی دابرێژێت.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مانه‌دا ناگلیزمان ده‌ڵێت:
لە بایرن میونیخ بەردەوام فشارت لەسەرە بۆ بردنەوە و بەدەستهێنانی نازناو، تۆ کاتێک لە بایرن میونیخی دەبێت سەرجەم یارییەکان ببەیتەوە و نازناوی پاڵەوانێتییەکان بکەیت بە ناوی خۆتەوە، ئەمەش زۆر گرنگە بۆ ئێمە.

ڕاهێنەرەکەی یانەی بایرن میونیخ ئاماژەی بەوەکرد: دەمەوێت لە هەموو شتێکدا براوە بم، وە ئەمە بەرهەمی ئەو کارەیە کە تیمەکەم لە وەرزی ڕابردوودا لەگەڵ هانزی فلیک ئەنجامیان دابوو.

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close