سەدە و چارەکێک لە باڵا دەستی ئەمەریکا بۆ وەرزشی جیهانی

سیروان حسن / سلێمانی
خوڵی ئۆڵۆمپی تۆکیۆ خەریکە چلەی ئەچێت و لەهەندێ عورف وڕێسای کۆمەڵایەتیدا هەرشتێک چلەی چوو ئەگەر خوانەکردە ناخۆش بوو ئەڵێن ئیتر خەفەتی بۆ مەخۆ وئەگەر خوشیش بوو ئەڵێن خۆشیەکەی دوای چل ڕۆژ کۆتایی دێ ، نزیکەی چل ڕۆژە چاوەڕێم کەسێک حەرفێکی نەنوسی لەسەرئۆڵۆمپیاد ، ئەوسووپا ڕۆژنامەنووسە وەرزشیەی لەلای خۆمان کە تیایاندایە نازمان بەسەردا ئەکات و ئەڵێت من کوردم ناساندوە بە سەندیکای ڕوژنامەنوسانی وەرزشی جیهان (AIPS) ئەگینا ئەوان بێ خەبەربون لەمیلەتێک کەناوی کورد بێت ، یان کتێبێکی زەبەلاحی لەسەرمێژووی ئۆڵۆمپیاد نوسیوە بەڵام حەرفێکی نیە بۆ وتن سەبارەت بە ئێستای ئۆڵۆمپیاد،‌ناگونجێ تۆ لەسەر ڕابردوو مێژووی ئۆڵۆمپیاد فەرهەنگێکت نوسیبێت و خولی تۆکیۆ هات و تێپەڕی نەک وتار و لێکۆڵینەوە کۆمێنتێکت نەبێ و حەرفێکت نەبێ بۆ وتن بشێت لەسەر ئەمڕۆی خولی ئۆڵۆمپی !! ئەمەش شتێکی بیرخستمەوە لە زانکۆیەکی بەغدا دەمانخوێند پاش دوو سێ مانگ برادەرێکمان وتی عەرەبیەکەم فول فولە و شیعرێک دەنوسم بەعەرەبی ، وتمان بابە تۆعەرەبیەکەت بۆ قسەکردن ناگونجێ شیعری چی؟ وتی ئێ تاقیم بکەنەوە وپرسیارم لێ بکەن ، وتمان باشە بەعەرەبی بەشاخ دەڵێن چی ،وتی شاخ زۆرگەورەیە لەعەرەبیدا نیە ، وتمان ئەی بە مێروولە دەڵێن چی وتی عەرەبی شتی وا بچکۆلەی تیانیە، جا وابزانم ئەندامێتی لە(AIPS)جیهانی و کتێبی وەرزشی نوسینی هەندێک لەو میدیاکارەوەرزشیانەی لای خۆمان کە خۆیان لێ بۆتە پڕۆفیشناڵ وەک عەرەبی زانینەکەی برادەرەکەم وایە !!!!.
ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ کوتایی هات بە پێشەنگی ئەمریکا کە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، بەزمانی ژمارە کان بەکۆکردنەوەی113میدالیا کە(39یان زێڕ و 41 زیو و 33 برۆنزن ، ئەمریکا لە 29 وەشانی ئۆڵۆمپیدا 28جار بەشداری کردوە و تەنها ساڵی 1980لە ئۆڵۆمپیادی مۆسکۆ بەشداری نەکرد وەک ناڕەزایەتی بەرانبەر داگیرکردنی ئەفغانستان لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتی جارانەوە و لەکۆی 28بەشدارییەی ئۆڵۆمپیاد (18 جار پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە و 8جار دوهەم و دوجار سێهەم بووە )و بەگشتی کۆی2673میدالیای دەستخستووەکە(1075ئاڵتون و846زیو و752 برۆنز بوون) ، ئەمە تەنها لەئۆڵۆمپیادی هاوینەدا ، لە ئۆڵۆمپیادی زستانەشدا لەکۆی 23 بەشداری ئەمریکا لەهەر بیست وسێ خولی ئۆلۆمپیادی زستانە توانیوێتی307 میدالیا کە 105ئاڵتون و 113زیوو89برۆنزی بەدەست هێناوە وبەمەش لەدوای نەرویج کە 368 میدالیای هەیەلەپلەی دوهەمی ڕیزبەندی ئۆڵۆمپیادی زستانەشدا دێت ، و کۆی دەسکەوتی ئەمریکا لە ئۆڵۆمپیادی زستانە وهاوینە 2980میدالیایە کە(1180ئاڵتون و 959زیو84 برۆنز)ە کە بەمەش پێشەنگی ئۆڵۆمپیادە لە125ساڵی ڕابردودا لە ماوەی نێوان (1896-2021)وەلەپێش یەکێتی سۆڤیەتی جارانەوەیەبە جیاوازی 1776میدالیا ، وە ووڵاتانی ( بەریتانیاوئەڵمانیاوچین وفەرەنساوئیتاڵیاوسویدورووسیاونەرویج)لە پلەی (3بۆ10) یەک بەدوای یەکدا دێن لەکۆکراوەی ژمارەی مەدالیاکانیان لەمێژووی هەردوو ئۆلۆمپیادی هاوینەوزستانەلە ڕابردوودا، وەهەر لەم سەدەو چارەکەدا ئەمریکا 18جار یەکەمی ئۆڵۆمپیادی هاوینە بووە و یەکێتی سۆڤیەت 7جار و فەڕەنسا وبەریتانیا وئەڵمانیا وچین 1جار یەکەمی ئۆڵۆمپیادی هاوینە بوون و لە ئۆڵۆمپیادی زستانەش سۆڤیەت 9جار ونەرویج 8جار و ئەڵمانیای یەکگرتوو3جار و ئەمریکا وسوید وئەڵمانیای ڕۆژئاوای جاران وکەنەدا 1جار پلەی یەکەمی ئۆڵۆمپیادی زستانەیان بەدەستهێناوە ، جا کاتێک جۆش وخرۆش وشادی بەدەستهێنانی میدالیایەکی ئۆڵۆمپی ئەبینین لەلایەن یاریزان ویەکێتی وڵاتی سەرکەوتو ئەزانین نرخی ئەو هەموو سەدان وهەزاران میدالیایە چەند مەزن و گەورەیە وئەوەشمان بۆ دەرئەکەوێت کەوەرزش تەنها تۆپی پێ نیە ، ئەو هەموو گرنگی و تێچووەزۆرەی بۆ تیپی تۆپی پێ سەرف ئەکرێت لەئۆڵمپیاددا تەنها یەک مەدالیای پیاوان ویەک میدالیای ژنانی بۆ تەرخان کراوە ، لەکاتێکدائەفسانەی مێژووی ئۆلۆمپیاد مەلەوانی ئەمەریکی( مایکل فیلیبس) بەتەنها خۆی بەقەد دەیان وڵات زیاتر میدالیای دەستخستوە لە مەلەدا کە خاوەنی 28 مەدالیایەکە (23زێڕو3زیو2برۆنز)ن یان کارڵ لویس لە یاری گۆڕەپان ومەیدان ونمونەی تریش زۆرن .
وڵاتی چین کێبڕکێکاری ئێستای ئەمریکایە چونکە سۆڤیەت نەماوە و وڵاتانی تریش توانای کێبڕکێی ئەمریکایان نیە ، چین لەساڵی 1979بوەتە ئەندامی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی ولەدوای ئەو مێژوەوە بەشداری ئۆڵۆمپیادەکانی هاوینەی لەساڵی 1984و زستانەی لەساڵی 1980کردوە و کۆی696 میدالیای بەدەستهێناوە، کە634یان لەئۆلۆمپیادی هاوینە و 62لە ئۆڵۆمپیادی زستانەدا و (چین 1جار سەرلیستی ئۆڵۆمپیاد بووە و 3جار دوهەم و 2جار سێهەم و 3جار چوارهەم و 1جاریازدەهەم) بووە و لە ئێستا و داهاتودا چین ڕکابەر و کێبڕکێکاری سەرەکی ئەمریکایە بەهۆی گەشەی خێرای وڵاتەکە لەهەموو ڕویەکەوە و توانای مرۆڤی گەورەی وڵاتەکە و ئەو گرنگیە زۆرەی ئەدرێ بەپاڵەوانە ئۆڵۆمپیەکان لەڕێگای ئەکادیمیا پێشکەوتوەکانی پەروەردەی پاڵەوانی ئۆڵۆمپی کە تیایاندا یاریزانەکان بە پێشکەوتوترین و توندوتۆڵ ترین ڕێکار ئامادە ئەکرێن تا دەکرێنە پاڵەوانی ئۆڵۆمپی و چینیەکان ئاواتێکیان هەیە ئەویش ئەوەیە پێش ئەمریکا بکەون لەهەر بواریکدا بێت وتەنها ئەمریکا بەڕکابەری خۆیان ئەزانن و هەنگاو هەنگاو کێبڕکێی نێوانیان گەرمتر ئەبێ وجیاوازی ژمارەی میدالیاکانیان کەمتر ئەبێتەوە و جیاوازی نیوانیان بچوکتر ئەبێتەوە وە لەتۆکیۆ لە مەدالیای ئاڵتونداجیاوازییان تەنهایەک مەدالیابوو ، وەئەم پانۆرامای ژمارە وداتا ئۆڵۆمپیەی عەرزم کردن هیچ کام لە میدیاکارە پڕۆفیشناڵەکانمان نە وتویەتی نە نوسیویەتی نەلەهیچ کەناڵێکی بینراو وبیستراو و نوسراوی لای خۆمان نە بینراوە نە بیستراوە نەخوێندراوەتەوە چونکە وابزانم پسپۆڕی زۆربەیان لە میسی وڕۆناڵدۆ وکلاسیکۆ و ڕیمۆنتادا تێ ناپەڕێت بۆیە هیوادارم پێمان نەفرۆشنەوە و وەک چێشتی دوێنێ بۆمان گەرم نەکەنەوە و خۆیان بکەن بەشێف و بەچێشتی فرێش وتازەی دەستیاوی خۆیان دەرخواردمان بدەنەوە.
ئۆڵۆمپیاد گرنگترین ڕوداوی وەرزشی سەر گۆی زەویە کە تیایدا وڵاتان پێشبڕکێی تێدا دەکەن لەسەر دەرخستن وپێشکەوتنی وڵاتەکەیان و توانای یاریزانانیان و یەکترناسینی گەل ومیللەتانیان و دەرخستنی ئاستی گەشەو پێشکەوتنیان ولەکۆتایی پێشبڕکێکاندا بە سەرکەوتو ئەوترێت پیرۆز و بە سەرنەکەوتوش ئەوترێت بەختێکی باشتر ، تەنانەت لای هەندێ وڵات بەشداری کردن و ناساندنی وڵات و میللەتانیان گرنگترە لە بردنەوەو بەدەستهێنانی میدالیا ، واتە ئۆڵۆمپیاد پێشبڕکێی وڵاتان وگەلانی دونیایە بۆ دەرخستنی تواناکانیان بۆسەرخستنی وڵات و گەلەکانیان ، کەچی تازە بەتازە خەڵکمان هەیە باس لە(وەرزشی ئەم حیزب وئەو حیزب)ئەکات لەکاتێکدا لە ئۆڵۆمپیادا چەند ڕەشپێستمان بینی میدالیایان بۆ سوید ودانیمارک ئەبردەوە کەسیش باسی ڕەنگی پێستیان ناکات و چەند دەموچاو بچوکی چینی وکۆری میدالیایان بۆ ئەمریکا وکەنەدا بەدەستهێناوە ، چەند یاریزانی موسوڵمان میدالیایان بۆ فەڕەنسا وئەڵمانیا بەدەستهێناوە واتە پەیامی وەرزش باڵاترە لە ڕەنگ وشێوە وڕوخسار و ئاین ومەزهەبی یاریزانان، میللەتان ئاین و مەزهەب و ڕەنگ و زمانیان تێپەڕاندوە لە وەرزشدا کەچی لای ئێمە تازە بەتازە خەڵکی بەحساب خوێندەوار و ڕۆشنبیرو (زانا) باسی وەرزشی حیزب و دەستە وتاقم ئەکەن.
لە ئۆڵۆمپیادەکاندا چەند یاریزانێکی کوردیش بەشداریانکردووە لە هەڵبژاردەکانی عێراق و ئێران وتورکیا وسوریا و تەنانەت لە هەندێ هەڵبژاردەی کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جارانیش یاریزانی ڕەچەڵەک کوردیان تیابووە و هەندێکیان توانیویانە میدالیاش بەدەست بهێنن بەڵام لەڕوانگەی مندا ئەو میدالیانە ئەو ئاوەن کە تینوێتی ناشکێنن و ئەو نانەیە بەڵای برسێتیت لەکۆڵ ناکاتەوە چونکە لەژێر ئاڵای وڵاتی تردا بووە و لەسایەی سرودی نیشتیمانی زمانی تردا بووە جا هەروەک مام هەژار ئەفەرموێت :
( بەیادی ئەو ڕۆژە ئەژی دڵم) کە یارێزانی کورد ببینم بەشدار بن لە یاریە ئۆڵۆمپیەکاندا لەژێر ئاڵای پیرۆزی کوردوستاندا یاری بکەن ئەگەر مەدالیاش بەدەست نەهێنن گرنگ نیە خۆ ئەگەر میدالیایان بەدەستهێنا و ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرزکرایەوە و سرودی ئەی ڕەقیب درا بەگوێی هەمواندا ئیتر پێویستم بە یەک سەعات ژیان نیە دوای ئەو ڕۆژە ولەچاوەڕوانی ئەو ڕۆژەدا وەک مەحوی ئەفەرموێت هەر دەڵێم: ( خودا کەی بێ ، خودا کەی بێ ، خودا کەی) .

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close