دۆلارەکانی پاریس گریانی (میسی) یان کردە پێکەنین

سیروان حسن / سلێمانی

خزمێکی نزیکم بەتەمای کۆچ کردن بوو بۆ هەندەران ، هەموو کەسوکار کۆبوبوینەوە بۆ خواحافیزی لێکردنی ، هەموان غەمبار بوون بۆ کۆچ کردنی بەڵام خۆی لەهەموان خەمناک تر و دڵتەنگتر بوو وزۆر بەکوڵ ئەگریا ، منیش وتم برا کە ئەوەندە نابەدڵ و خەمباری و ئەگریت بۆچی کۆچ ئەکەیت ؟ لەوەڵامدا وتی مەجبورم ، وتم برام مەجبوری چیت !! باشترین شوێنی نیشتەجێبونت هەیە لە خۆشترین شوێنی شار ، تازەترین مۆدێلی ئۆتۆمۆبیلت هەیە، باشترین دوکانت هەیە لە گرنگترین شەقامی شار و دەسکەوتێکی باشیشت هەیە ، گیرفانت گەرم و مێشکت سارد ، وەک کوردئەڵێت لەخوابەزیادبێت لەهیچت کەم نیە ، مەجبوری چیت؟؟ ، گریانی ئەو خزمەم و گریانی میسی یەک سەرچاوەی هەبوو ئەویش ئەوەبوو هەردوکیان لە تێر وپڕیا ئەگریان.
سەرئەنجام میسی بەرشلۆنەی جێهێشت دوای ساڵانێکی زۆر و دوای ئەوەی توانیان پێکەوە مێژوو بنوسنەوە، میسی هۆکارێکی گرنگ بوو بۆ بەدەست هێنانی چەندین نازناووپاڵەوانێتی بۆ یانەکەی و چەندین خەڵاتی تاکەکەسییش بۆخۆی ، بەرشلۆنەش میسیان لە منداڵێکی کەمێک نەخۆشەوە کردە گەنجێکی دەوڵەمەندی ژیان خۆشی خەیاڵی کە چاوی دەیان ملیۆن خەڵکی لەسەربێت و بەئاواتی ئەوەوە بن لە یاریگادا بیبینن چونکە بینینی لە نزیکەوە قورسە و وەرگرتنی ئیمزایەکی سەختە و وێنە چرکاندنێک لە گەڵیدا خەون وخەیاڵێکە نزیکە لە مەحاڵەوە ، تەنانەت کار گەیشتە گۆڕینی ڕێڕەوی فڕۆکەکان تا بەسەر ئاسمانی ماڵی میسیدا گوزەرنەکەن ، کار گەیشتە ئەوەی میسی بڕیاری ئەدا کە یانەکەی کام یاریزان بفرۆشن و بۆند لەگەڵ کام یاریزان بکات و سوێندی یاسایی هاتنی هەریاریزانێک بۆ بەرشلۆنە ببوە ئەم ڕستەیە :(میسی باشترین یاریزانی مێژووە) ، وە هەریاریزانێک بە ڕونی و پاراوی نەیوتایە هاتنی ئەکەوتە مەترسیەوە و لە یانەکەشدابوایە فرۆشتن و لەسەرکورسی یەدەک دانیشتن ئەبووە بەشی ، هاتن و ڕۆشتنی هەموو ڕاهێنەرێک بۆ بەرشلۆنە قسە و ڕای میسی تیایدا گوێلێگراو بووە و زۆر جار قسەی کۆتایی هی ئەو بووە و تەنانەت ڕۆڵی لەهەڵبژاردن و مانەوەی سەرۆکی یانەکەشدا هەبوو، کار گەیشتە ئەوەی وەک پەرستراوێک هەندێ کاڵفام کوڕنوشی پەرستن و ڕێزلێنانی بۆ بەرن ، هەموو ئەمانە و شتی زیاتریش و دەیان ملیۆن یۆرۆی موچەی ساڵانە و پاداشتی ڕیکلامەبازرگانیەکان و پاداشتە داراییەکانی خەڵاتەکان نەبووە هۆی مانەوەی میسی لەبەرشلۆنە و سەرئەنجام ڕۆشت لەیانەکە .
بەچاوی پڕفرمێسک و قوڕگی پڕ لەگریان کەتەلۆنیای بەجێهێشت بەرەو یانەیەک کە بتوانێت موچە و شایستە داراییەکانی بۆ دابین بکرێت کەلەئێستادا بەرشلۆنە ناتوانێت ئەو موچە بەرزەی بداتێ، هەرچەندە میسی وەک ووتی ڕازی بووە بەکەم کردنەوەی موچەکەی بۆ نیوە بە بۆندێکی پێنج ساڵی ، بەڵام ئەونیوە موچەیەی میسی بەقەد موچەی تیپێکی تەواوی وەک ڕیاڵ سۆسیداد یان ئیسپانیۆڵە!!ئەوەندە زۆرە کەبەرشلونە توانای نیە ئەو موچەیە بدات بەهۆی لێکەوتەکانی قەیرانی کۆرۆنا و یاسای لیگا هەربۆیە داوایان لەمیسی کرد موچەکەی کەمتر بکاتەوە ، وەئەگەر لە ڕوانگەی سۆز و وەفاداریەوە بڕوانینە مەسەلەکەوەک ڕێزێک بۆ ئەو مێژوەی میسی وبەرشە و وەک وەفایەک بۆبەخششەکانی بەرشلۆنە هەقبوو بیکردایە بەڵام ڕازی نەبوو ، پاش ئەو هەموو ساڵە و ئەوهەموویادگاریە و لە پایزی تەمەنیدا قەیچێکا باساڵێک یان دووساڵ ڕازی بوایە موچەکەی وەک یاریزانەکانی تری بەرشلۆنە بوایە ، خۆ ئەو جگە لە موچە ساڵانە دەیان ملیۆن یۆرۆ داهاتی هەیە، هەروەک ڕۆژنامەنوس کریستیناکوبیرۆ وتی( من بومایە لەجێی میسی ئەموت دوساڵ بەخۆڕایی یاری بۆ بەرشلۆنە ئەکەم ، چونکە ئەو ملیۆنانەی بەرشلۆنە بەخشیوێتی بەمیسی بە بیست وپێنج جار ژیان بۆی سەرف ناکرێت هێندە زۆرن).
بەڵام دور لەسۆز و عاتیفە بڕوانینە ڕوداوەکە بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندیەکانی دنیای پیشەگەری تۆپی پێ ئەوە شتێکی ئاسایی ڕویداوە و یاریزانێک و یانەکەی پاش تەواو بونی بۆندەکەی نێوانیان وڕێک نەکەوتنیان لەسەر موچە ومەرجی تازەکردنەوەی بۆندەکەیان لێک جودابونەوە بەڵام گەورەیی بەرشلۆنە ومیسی و ئەو مێژووە پرشنگدارو دورودرێژە ڕوداوەکەی وا گەورەکردوە وەک
ئەڵێن پێکدادانی بەردی گەورە دەنگی گەورەترە، ئەگینا ئەمە دنیای پیشەگەریە و یاریزان ئەزانێت سەرمایە و دەستمایەی هەموو یاریزانێکی پیشەگەر لەش ولار وجەستە و ئەو بەهرەیەیەتی کە چەند ساڵێک توانای پێشکەشکردنی ئاستی بەرزی هەیە و ئیتر تەمەن بواری نادا هەروەک ئەوانەی پێش خۆی بۆیە پێویستە دور لە سۆز و عاتیفە زۆرترین داهات ودەستکەوت بۆ خۆی وخێزانەکەی مسۆگەر بکات.
پارساڵ میسی ویست وخواستی ڕۆشتنی هەبوو بەڵام پاش گیروگاز و بگرەوبردەیەکی زۆر لەگەڵ کارگێڕی یانەکە سەرئەنجام وتی یانەکەمم خۆش دەوێ و ئامادەنیم لە دادگا ڕوبەڕویان بمەوە بۆیە تا کۆتایی بۆندەکەم ئەمێنمەوە و دوای ئەوەش بزانین چی ڕوئەدات، هەر بۆیە بەبڕوای من ڕۆشتنەکە چاوەڕوانکراو بوو بەڵام قسە ولێدوانە ڕۆژنامەوانیەکانی کارگێڕی یانەکە وسەرۆکەکەی و میسیش کە مانەوە وتازەکردنەوەی بۆندەکەیان دوپاتدەکردەوە و دەرکەوت کەسیان ڕاستیان نەگوتوەو یارییان بەهەست وسۆزی ملێۆنان لەهاندەرانی بەرشلۆنە کردووە ، وەفاداری وسۆز وهەستی ناسک ڕۆژ بەڕۆژ لە دنیای پیشەگەریدا کەمتر ئەبێتەوە و ئەو کۆمپانیایانەی کایەی تۆپی پێیان قورخ کردوە وزۆری نەماوە بیکەنە قەیەغەی خۆیان و تۆپی پێیان کردوەتە کاڵای پارە پەیداکردن و نزیکن لەوەی یانەو یاریزانەکان بکەنە کەرەستەی بازرگانی وبەهەموو جۆرێک کڕین وفرۆشتنیان پێوە دەکرێت و هەموو وەرزێک چەندین ڕێگای تازە دەدۆزنەوە بۆ زیادکردنی دەستکەوتە مادیەکانیان، واتە دنیای پیشەگەری خەریکە جێگای ئەمەک و وەفاداری تیادانامێنێت لەیاریزانەکانەوە بۆ یانەوهەڵبژاردەکانیشان و بەپێچەوانەشەوە واتە یانەکانیش بواری ئەوەیان بۆ نەماوە وەفاداربن بەرانبەر یاریزانەکانیان بەجۆرێک کە ڕەنگە جارێکی تر نمونەی تۆتی ڕۆما و جیڕاڕدی لیڤەرپوڵ نەبینین.
لەدنیادا هەموو پێکەوە بونێک جیابونەوەیە ئەنجامەکەی و هەموو هاوبەشی وشەراکەتێک ئاکامەکەی دورکەوتنەوەیە ، بۆیە ئەوەی ڕویدا هەرئەبوو ڕووبدات ئەمڕۆ یان سبەی بۆیە ئەوەی ڕویداوەلە هەموو یانەیەک ویاریزانێک ڕوو ئەدەن بەڵام توخوا هیچ یاریزانێکمان لێ مەکەن بە نمونەی وەفاداری و هیچ یانەیەکیش مەکەنە سپڵە و بێوەفا ، ئەوەی ڕویداوە سروشتی مرۆڤەکانە کە وێڵی زۆرترین دەستکەوت وداهاتن و گەرەکیانە هەموو شت بۆخۆیان بێت وبەشی کەس نەدەن ، ئەگینا کەسێک تێم بگەیەنێ یانەی پاریس سانجێرمان ئەم هەموو ئەستێرەیەی بۆچیە ؟ و چۆن وبەکام داهات موچەیان ئەداتێ ؟ لەکاتێکدا بەرشلۆنە ناتوانێ ئەمە بکات و ڕیاڵ مەدرید لە بازاڕی گواستنەوەدا ئەبینین کە تا ئێستا تەنها ئەفرۆشێ وتوانای کڕینی سنوردارە، ،ئەی مانشستەرسیتی و یانەکەی پاریس چۆن ئەم هەموو ئەستێرەیە ئەکڕن و چۆن ئەو هەموو موچە زۆرانەیان ئەدەنێ؟ ئەی لیڤەرپوڵ بۆ ناتوانێ وەک ئەوان بکات لەکاتێکدا دوو هێندەی کۆی هەردوکیان جەماوەری هەیە .
میسی بەرشلۆنەی جێهێشت بە دنیایەک یادگاری خۆش وناخۆشەوە وخاڵی کۆتایی دانا بۆ چیرۆکی پێکەوە بونیان،
میسی مێژویەکی پرشنگداری لەگەڵ بەرشلۆنە نوسیەوە و بووە ئەستێرەی خاوەن زۆربەی ڕیکۆردەکانی مێژوی یانەکەودەسکەوت و سەرکەوتنی زۆری لەگەڵ یانەکە بەدەستهێنا،
بەڵام ئەوەی وابزانێ میسی زۆری بەخشیوە و کەمی پاداشت وەرگرتوە ئەوە وەک فارس ئەڵێ (ئیشتیباهی) کردوە و کوردیش ئەڵێ بەهەڵەدا چووە، چونکە بەرشلۆنە هەر بەهێز وگەورە بووە وخاوەنی دەسکەوت وسەرکەوتنی گەورەبووە پێش هاتنی میسی و تەنانەت پێش لەدایکبونیشی، دڵنیام هەرواش ئەمێنێتەوە و هەمیشە جەمسەرێکی بەهێزی کێبڕکێ ئەبێ لەئیسپانیا وئەوروپاو جیهانیش چونکە زۆر یاریزان دێن ودەچن لە یانە مەزنانە بەڵام یانەکان لەجێی خۆیانن.
لەکولتوری گەلاندا ئەو کاراکتەرانەی ڕەمزی خۆشەویستی و وەفا و دڵدارین ئەو دڵدارانەن کە بەیەک نەگەشتون ولەدوری یەکتر بەوەفاوە سەریان ناوەتەوە و هەرگیزاوهەرگیز نابینین کەسێک ببێتە ڕەمزی وەفاداری پاش دەورانێکی درێژ پێکەوە بوون دڵخوازەکەی جێ بهێڵێت بۆ کەسێکی تر پاڵنەرەکان هەرچیەک بن ، وە وەک دڵدارێکی بێ ئەمەک و بێ بەڵێن لەکاتێکدا لەبەرشلۆنە وڕیاڵ یاریان کردوە میسی وڕامۆس ژێربەژێر لەگەڵ پاریس سان جێرمان ڕێککەوتون هەروەک بەرنامەی ( ئالشرینجیتۆ ) ئاشکرای کردووە کەسێرجی ڕامۆس خۆی هەشت مانگ پێش ئێستا بە پێرێزی سەرۆکی ڕیاڵ مەدریدی ووتوە کە ئەوو میسی لە یانەی پاریس سانجیرمان پێکەوە یاری دەکەن ، وەرۆژنامەی ( مارکا)ی بەناوبانگیش هەمان ئەو هەواڵەی پشت ڕاستکردۆتەوە، ئەوەی سەرە واوێک لەبەها و مۆراڵ و ئەتەکێت شارەزابێت ئەمە ناپاکی وەرزشی نەبێت چیە؟!! بۆیە میسی نەیتوانی ببێتە ڕەمزی وەفاداری هەموشمان ئەزانین هۆکارەکە پارە بوو، ئەگەر وانیە بۆ گریان و لوشکە لوشک دوای سێ ڕۆژ بوو بە قاقای پێکەنین کاتێک بۆندی موچە چەورەکەی لەگەڵ پاریس ئیمزا ئەکرد و لەولاشەوەباوکی پانزە ملیۆن یۆرۆی وەرگرت بەناوی شیرینی واتە هەقدەستی دەڵاڵی وشاگردانە و سەرقوفڵانە ، گریان وپێکەنینەکە هەردوکیان (نواندن )بوون ، یەکێکیان فرمێسکی تیمساحاوی بوو ، ئەوی تریشیان پێکەنینی بێوەفایی.

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close