وەرزش و دووگی بەردەم پشیلە …

سیروان حسن / سلێمانی

زۆر کەم قسەم لەسەر وەرزشی کوردستان هەبووە و گەر ڕاستگۆبم لە کەم کەمتریش چاودێری ئەکەم،وەک (حافزی شیرازی) دەفەرموێت کاری خێر پێویستی بەنوێژی ئیستیخارە نیە و بابەتەکەش پەیوەندی بە گەنج و هەرزەکارانی میللەتەکەمانەوەهەیە زۆربەناچاری وبەزۆرلەخۆکردن ئەم چەند دێڕەتان عەرزدەکەم
عەرەب پەندێکی جوانیان هەیە ئەڵێت (وماخفی اعظم)، واتە ئەوەی شاراوە ونادیار وپەنهانە گەورەتر و مەزنترە ، بەدڵنیاییەوە بۆ ئەم بابەتە ڕێک پڕبەپێستی بابەتەکەمانە کە بەم دواییەچەند لێکۆڵینەوەیەک و چەندڕاپۆرتە هەواڵێک ئەوکارەساتەی ئاشکراکرد کە ئەگوزەرێ لەهەندێک یانە ودامەزراوەی وەرزشی بەرامبەر گەنج وهەرزەکارانی وڵاتەکەمان وبەتایبەتی کچان( دیارە هەندێ نەفس قێزەون کچانیشیان تێپەڕاندوە بەڵام نامەوێت وشەرم ئەکەم لێی بدوێم) .
ڕاهێنەری هەرزەکارانی خوار هەژدەساڵ لە زۆر جێگا ناودەنرێت ‌( موڕەبی) واتەفێرکەر وڕێنیشاندەر یان بەخێوکەر کەچی لای ئێمە بەعزێکیان بونەتە گورگ وچەقەڵ و چاوی برسی تەماعیان بڕیوەتە ئەو کچۆڵانەی کە تەنها تاوانیان ئەوەیە حەزیان لەوەرزشە وبەوەشەوە نەوەستاون بەڵکو وێنەی نەشیاویان گرتون تابیکەنە بابەتی هەڕەشە وفشار لەسەریان کەئەمە ئەچێتە قاڵبی تاوان و دەستدرێژی بۆسەر خۆیان و خێزانەکانیان ، ئەوانەی ئەم دەستدریژیە ئەکەن بایی ئەوەندە لەڕاهێنەرایەتی نازانن کە لە هەندێ وڵاتی پێشکەوتوو بۆیان نیە تەنانەت دەستیشیان بەریاریزانە منداڵەکان بکەوێت، بۆیان نیە نزیک ژوری خۆگۆڕین و خۆشتن و خەوتنیان بکەون و بۆیان نیە هەندێ جۆرقسەودەستەواژەش بەکاربهێنن لەگەڵیان و لە هەندێ وڵاتی موسوڵمانیش هەندێ ڕاهێنەر بە دەستنوێژەوە ڕاهێنان بەمنداڵان ئەکەن .
لەیەکێک لەڕاپۆرتەکاندا کچۆڵەیەک وتی مودەڕیبەکەمان هەندێکمانی ناچار ئەکرد کە مەساجی بۆبکەن لەژورەکەی خۆی ، کچێک خێزانەکەی دڵیان نایەت ئاردی سفری پێ بشێلن کەچی گورگە ڕاهێنەرەکەی ناچاری ئەکات جەستەی بۆگەن و نەخۆشی بۆبشێلێت ئیتر دواتر شتی خراپتریش ڕوو ئەیات و ڕیکۆرد ئەکرێت و بەکاردەهێنرێت و کێشە بۆ مناڵ وخێزانەکانیان دروست ئەبێت وتەنها تاوانیشیان ئەوەیە متمانەیان بەکەسانێک کردوە کە شایەنی متمانە پێکردن نەبون.
لەکوردستان یانەی وەرزشی ئێجگار زۆرە ، هەرشتێکیش زۆربێت بۆریش ئەبێت ، کەئەم بابەتە ڕەشە ئەنجامی ئەو زۆری وبۆریەیە ، چونکە هەندێ بەناو یانە هەیە لەناوەڕۆکدا ناوی تیپی گەڕەک زۆریشە بۆی ،ئیتر چۆن کەسانی هەلپەرست و کەم فرسەت خۆیانی تێ ناترنجێنن و لەڕێگای بەناوخزمەتکردنی وەرزشەوە کاری نەشیاوو نادروست وناجۆر ئەنجام بدەن.
دامەزراوە فەرمیە وەرزشیەکان ئەرکیانە لێکۆڵینەوە ولێپرسینەوە لە هەموو یانە وەرزشیەکان بکەن و بڕیاری شیاوو دروست دەرهەق ئەوانە بدرێت کە هەرشتێک لەمانەی بەسەردا ساغ ببێتەوە و گەڕاندنەوەی مافی مافخوراوان ئەرکی لەپێشینەیان بێت و ئەرکی هەموو ئەو یانە و دامەزراووڕێکخراوە وەرزشیانەیە کەکاری ناشیاویان تیا ئەنجام دراوە سزای هەڵەکارەکانیان بدەن ، بەڵام خوانەخواستە کە کار لە گێچەڵەوە گەشتبێتە دەست درێژی و ڕیکۆرد کرابێت و هەڕەشەیان پێ بکرێت و لەگەڵ چەند کچێکیش ئەنجامدرابێت و زۆربەشیان خوار هەژدەساڵ بن ئەبێت بەتاوان و پێویستە بەرەوڕوی یاسا ودادگا بکرێتەوە تا سزای خۆی وەربگرێت خوابکات بچنە بەردەم دادگایەک دادوەرەکەی وەک ئەم نمونە باڵایە بێت کە عەرزتانی ئەکەم،
ئەڵێن لەسەردەمی یەکێک لە دوو عومەرەکەدا دادوەرێکی ئەو سەردەمە کێشەو کێشمەکێشی دووکەسی لەبەردەستدا بووە تا قەزاواتی تیابکات و حوکمی تیابدات کە لەسەرباخێکی خورما شەڕیان بووە ، یەکێکیان ئەبیستێت کەجەنابی قازی حەزی لەخورمایە و بەدڵ وبەگیان دوو سەبەتە خورمای نایابی بۆ ئەبات ،قازیش ڕەتی ئەکاتەوە و خورماکە لەکابرای خاوەن کێشە وەرناگرێت و بەیانیش دەستلەکارکێشانەوەکەی ئەداتە والی ، والی ئەڵێ بۆ؟ ئەڵێ قوربان یەکێک لەو دوو بەشەڕ هاتوە دیاری بۆ هێناوم و ڕێزی لێ ناوم ، خەلیفە ئەڵێ لێت وەرگرت ؟ ئەڵێ نەوەڵا قوربان بەڵام ناتوانم ئیتر بە عەدالەت دادگەری بکەم لەنێوانیاندا ، واتە دوو سەبەتە خورماکەی وەرنەگرتوە وهێشتا بەگومان بوە لەخۆی دوو سەبەتە قوڕ بەسەرم!!!!!
سەیر وسەمەرەو لەوە کارەسات بڕ ئەوەیە لای خۆمان ئەوسوپایەی ناویان لە خۆناوە میدیاکاری وەرزشی وشیکارو شڕۆڤەکاری وەرزشی کەکەناڵە ئاسمانی و لۆکاڵیەکانیش فریای شیکارولێکدانەوە وتێکدانەوەیان ناکەون ، دەزانن دایکی نیمار چەندشویکردوە و بەکێ ولەکوێ و چۆن ومارەییەکەشی چەندبووە و خۆشیانی پێوەسەرقاڵ ئەکەن و دەزانن لەشی میسی چەندە تاتۆی پێوەیە،بەگرنگیش باسی دەکەن کە ڕۆناڵدۆ حەزی لە کام براندی کاوبۆوچاویلکەیە،کلاسیکۆ و ڕیمۆنتادا وبارسا و میرەنگی وێردی سەرزمانیانە ودڵنیاشم زۆربەیان مانای حەرفی ئەم وشانە نازانن وخۆشیانی پێ ئەکەنە پاڵەوانی مەعلومات و قارەمانی فەیسبوک وتۆڕە بەناو کۆمەڵایەتیەکان کەچی کەسیان ورتەیان نایە و نوزەیان لێ بڕاوە ونایانەوێت بەدێڕێکیش پشتگیری کچان وکوڕانی کوردستان بکەن کە هەندێکیان لە هەندێک دامەزراوەی وەرزشیدا لەلایەن هەندێ کەسەوە بەرەوڕوی گێچەڵ و دەستدرێژی بونەتەوە بەڵام ئەم سووپایەی لەمەڕ خۆمان نەبادا کەس زویربێت و نەوەک کەناڵێکیان لێ بڕەنجێ و ئامادەبونی شەوانە وهەفتانەی سەرشاشەوکەناڵەکانیان لەکیس بچێ کڕبوون و بێدەنگیان بە مەسڵەحەت زانیوە .
یەکێک لەو بەناو شرۆڤەکەرانەی لای خۆمان کەڕۆژانە لەم تیڤی و ئەو تیڤی ئەو ڕادیۆ دەردەکەوێت وکاتێکیش لە ماڵەوەو ناوبازاڕوناو سەیارە دەبێت لایڤ بۆ زیاتر لە ١٠٠ هەزارفۆلۆوەرەکەی دەکاتەوە، لەم ڕۆژانەدا لەپەیجەکەی پۆستێکی کردووە داوای پشتگیری دەکات لەهاوشێوەکانی خۆی کەبایکۆتی هەواڵی هاوڕەگەزخوازی نێو یانەکانی ئەوروپا بکەن چونکە هەروەک خۆی ووتەنی باس لە شتێک ناکات کە نامۆ بێت بە کەلتووری خۆی، ئێمەش پێی دەڵیین بانگەوازەکەت لە جێگای خۆیەتی هەرچەندە زۆر درەنگ وەختە چونکەساڵێک لەمەوبەر لەو کاتەی بەندەو برایەکی تریش دووبابەتی جیاوازمان نووسی لە دژی خۆسەغڵەت کردنی زۆربەی ئەو سووپایەی باسمان کرد بە هەواڵی ( بۆی فرێندەکەی ) دایکی نیمارەوە هەرئەوکات داوای بایکۆتی ئەو شێوە هەواڵانەمان کرد بەڵام نووزەیەکی ناڕەزایمان لەتۆوە نەبیست ، هەربۆیە لە ئێستاشدا بەردەوامی هەر کەس و تاقم وگروپێک لەبێ دەنگی لەو تاوانەی دەرهەق بە کچان و کوڕانی کوردستاندا کراوە لەژێر پەردەی فێرگەو یانە وەرزشیەکاندا لە بێ هەڵوێستی و خۆپەرستی و ترسنۆکی و مەسڵەحەت خوازی زیاتر هیچ پێناسەیەکی تری نیە .
لەکۆتایشدا ناوهێنانی پشیلەو گورگ و چەقەڵ وشوبهاندنی هەندێک سیفەتیان لەگەڵ ئەو بەناو مرۆڤانەی دەستیان چووە کچان و کوڕانی کوردستان بە ناچاری بوو بۆیە پڕ بەدڵ داوای لێبوردن لەگورگ و پشیلە وچەقەڵ ئەکەم و هیوادارم بمبەخشن و بمبورن چونکە ئەوان هەرگیز تاوانی قێزەون ناکەن و گرتەی ڤیدیۆیی قوربانیەکانیان ناگرن و برسێتی نەبێ هەڕەشە لەکەسیش ناکەن و هیچ جۆرە دەستدرێژەیەک ناکەن و هەرگیز ئەو ئیبداعە قێزەونە تاوانکاریەی لە هەندێک مرۆڤدا هەیە لەواندا نیە بۆیە ببورە مام گورگ بمبەخشە پشە گیان چەقەڵ گیان عەفوم بکە.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close