ئالڤێس: کاتێک مێسی ویستی بارسێلۆنا بەجێبهێڵیت ئەم قسانەم پێ گوت

دانی ئالڤێس دەڵێت هەر یاریزانێک بارسێلۆنای بەجێهێشت بێت پەنجەی پەشیمانی گەزتووە، باسی ئەو قسانەش دەکات کە بە لیۆنێل مێسی گوتووە.

دانی ئالڤێس، بەرگریکاری ئێستای ساوپاولۆی بەڕازیلی و پێشووی بارسێلۆنای ئیسپانی لە دیمانەیەکی لەگەڵ رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەڵێت ‘من چەند جار گوتومە مێسی بۆ ئەوە لەدایکبووە لە بارسێلۆنا یاریی بکات، بارسێلۆناش بۆ ئەوە دروستبووە مێسی یاریی لێبکات، پێشتر کاتێک من ویستم بارسێلۆنا بەجێبهێڵم مێسی ئامۆژگاریی کردم یانەکە بەجێنەهێڵم، منیش هەمان کارم لەگەڵی کردەوە’.

هەروەها ئالڤێس دەڵێت ‘کاتێک ویستم لە بارسێلۆنا بڕۆم میسی پێی گوتم لێرە بمێنەوە چونکە لێرە باشترت دەستناکەوێت، پێی گوتم لە چ شوێنێک لێرە دڵخۆشتر دەبیت، بارسێلۆنا باشترین شوێنە، من ئەوکات لەبەر ئەم قسانەی میسی لە یانەکە مامەوە، کاتێک مێسیش ویستی لە بارسێلۆنا بڕوات هەمان ئەو قسانەم بەبیر هێناوە، بەڵام مێسی هیچ وەڵامێکی نەدامەوە’.

بەرگریکارە بەڕازیلییەکە دەڵێت ‘سەرجەم ئەو یاریزانانەی لە بارسێلۆنا رۆیشتوون پەشیمان بوونەتەوە، هەموویان کاتێک بارسێلۆنا بەجێدەهێڵن پەنجەی پەشیمان دەگەزن، ئینجا بەۆی هەر هۆکارێک بێت’.

هەروەها دەشڵێت ‘من و نێیمار کاتێک بارسێۆنامان بەجێهێشت دوای ماوەیەک هەموو هەوڵێکمان دا بگەڕێینەوە یانەکە بەڵام چەند کەسێک رێگریان کرد، من دەمویست بگەڕێمەوە بارسێلۆنا 10 ساڵی دیکەش لە یانەکە یاریی بکەم کەچی پێسوازییان لێنەکردم و رێگرییان لێکردم، هەمان ئەو کەسانەی وایان لە من کرد یانەکە بەجێبهێڵم لە پلە و پۆستەکانیان مانەوە’.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close