باوكی مێسی و لاپۆرتا كۆبوونه‌ته‌وه‌.. مێسی بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی ئه‌م داواكارییانه‌ی هه‌یه‌

خوان لاپۆرتا له‌گه‌ڵ باوكی مێسی كۆبووه‌ته‌وه‌ و هه‌ردوولا له‌باره‌ی چاره‌نووسی مێسی قسه‌یان كردووه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی بارسێلۆنا هیچ ئۆفه‌رێك بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌ستی مێسی پێشكه‌ش بكات.

كه‌ناڵی 3ی كه‌ته‌لۆنی رایگه‌یاندووه‌، هه‌فته‌ی رابردوو خوان لاپۆرتا سه‌رۆكی یانه‌ی بارسێلۆنا له‌گه‌ڵ خۆرخێ مێسی باوك و به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی مێسی كۆبووه‌ته‌وه‌ و قسه‌یان له‌باره‌ی چاره‌نووسی مێسی له‌ بارسێلۆنا كردووه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ هیچ رێككه‌وتنێك.

كه‌ناڵه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ ئاشكرایكردووه‌، خوان لاپۆرتا هیچ ئۆفه‌رێكی بۆ نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی مێسی پێشكه‌ش نه‌كردووه‌ و داوای له‌ باوكی مێسی كردووه‌ تاكو ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو چاوه‌ڕێ بكات تاكو راپۆرتی دارایی یانه‌كه‌یان ته‌واو ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانن دۆخی دارایی یانه‌كه‌یان چۆنه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كه‌ناڵه‌كه‌، مێسی ده‌یه‌وێت بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا نوێبكاته‌وه‌، بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا یاریی بكات و دوای مۆندیالی 2022 رووبكاته‌ یانه‌ی ئینته‌ر میامی ئه‌مریكی، ئینجا دواتر بگه‌ڕێته‌وه‌ یانه‌كه‌ و له‌ كارگێری یانه‌كه‌ و وه‌كو باڵیۆزی یانه‌كه‌ كار بكات، لیۆ رازییه‌ نیوه‌ی مووچه‌كه‌ی كه‌م بكرێته‌وه‌ تاكو بارسێلۆنا بتوانێت ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره‌ بۆ وه‌رزی نوێ بگوازێته‌وه‌ كه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر ئه‌و یاریزانه‌ ئێرلینگ هالاند ده‌بێت.

باوكی مێسی به‌ خوان لاپۆرتای راگه‌یاندووه‌، مێسی زیاتر پڕۆژه‌ی داهاتووی یانه‌كه‌ی له‌لا گرنگتره‌ نه‌وه‌ك بابه‌تی دارایی و بڕی مووچه‌ و پاداشتی نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close