ئه‌مڕۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی چاره‌نووسساز ده‌كات

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا دوای به‌یاننامه‌كه‌ی 12 یانه‌كه‌ی ئه‌وروپا به‌ به‌یاننامه‌یه‌كی توندی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌و یانانه‌ ده‌كات.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نا ئاسایی ئه‌نجام ده‌دات و له‌ یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌یدا بڕیاریدا ته‌واوی یارییه‌كانی چامپیۆنزلیگ و یۆرۆپالیگ بوه‌ستێنێت، كه‌ له‌ كۆی چوار یانه‌ی پێش كۆتایی چامپیۆنزلیگ سێ یانه‌یان به‌شێكن له‌ دامه‌زرێنه‌رانی خولی سوپه‌ری ئه‌وروپا.

ماڵپه‌ڕی ABCی ئیسپانی رایگه‌یاندووه‌، له‌وانه‌یه‌ یوێفا نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی چامپیۆنزلیگ بداته‌ پاریس سانجێرمان، چونكه‌ یانه‌ فه‌ره‌نسییه‌كه‌ ره‌تیكردووه‌ته‌وه‌ بچێته‌ ناو خولی سوپه‌ری ئه‌وروپی و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ئه‌لێكسانده‌ر سێفرین سه‌رۆكی یوێفا هه‌یه‌.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و ئینگلته‌را و ئیتاڵیا به‌ هاوبه‌شی به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و دژی خولی سوپه‌ری ئه‌وروپی هه‌ڵوێستی خۆیان راگه‌یاندووه‌، ته‌نانه‌ت رۆژنامه‌ی ئاسی ئیسپانی رایگه‌یاندووه‌، له‌وانه‌یه‌ خوله‌كانی ئیسپانی و ئیتاڵی و ئینگلیزی ئه‌م وه‌رزه‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه‌، یانیش نازناوه‌كه‌ به‌و یانانه‌ نه‌درێت كه‌ دامه‌زرێنه‌ری خولی سوپه‌رن.

میدیاكانی ئه‌وروپا رایانگه‌یاندووه‌، له‌وانه‌یه‌ ئه‌و 12 یانه‌یه‌ی به‌شێكن له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری خولی سوپه‌ری ئه‌وروپا، به‌ ته‌واوه‌تی له‌ سه‌رجه‌م خوله‌ ناوخۆیی و ئه‌وروپییه‌كان دووربخرێنه‌وه‌، ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و بۆریس جۆنسن سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا هه‌رزوو دژایه‌تی خۆیان بۆ خوله‌ نوێیه‌كه‌ راگه‌یاند.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close