وێنه‌ی زاگالۆ و زیكۆی له ته‌والێت هه‌ڵواسیبوو
ماریۆ زاگالۆ و زیكۆ له مۆندیالی 1998 راهێنه‌ر و یاریده‌ده‌ری هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل بوون. سامبا له‌و مۆندیاله‌دا له كۆمه‌ڵه‌ی یه‌ك له‌گه‌ڵ تیپه‌كانی (مه‌غریب و نه‌رویج و سكۆتله‌ندا) یاریی ده‌كرد، له قۆناغی دووه‌م له چیلی برده‌وه دواتر به بردنه‌وه له دانیمارك و له قۆناغی پێش كۆتایی له‌گه‌ڵ هۆڵندا به لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه گه‌یشته یاریی كۆتایی. بابه‌ته‌كه‌ی من له‌سه‌ر یاریی كۆتایی نییه كه به‌رازیل تووشی شكست هات به‌رامبه‌ر فه‌ره‌نسا، به‌ڵكو باسی رووداوی سامپایۆ و رۆماریۆ ده‌كه‌م.
له جامی كیشوه‌ره‌كانی 1997 رۆماریۆ و رۆناڵدۆ پێكه‌وه توانیان دووانه‌یه‌كی ترسناك بۆ به‌رازیل له پێشه‌وه دروست بكه‌ن و بوونه پاڵه‌وانی خوله‌كه‌ش، به‌ڵام دواتر رۆماریۆ پێش جامی جیهانی فه‌ره‌نسا تووشی پێكان هاتوو و زاگالۆی راهێنه‌ر وتی:
“به‌هۆی پێكرانی رۆماریۆ ناچارم دووری بخه‌مه‌وه و ئیمرسۆن ده‌خه‌مه جێگه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها بیبیتۆ ده‌چێته هاوشانی رۆناڵدۆ له مۆندیاله‌كه”.
به‌ڵام رۆماریۆ پێداگری ده‌كرد ده‌توانێت دوای یارییه‌كه‌ی سكۆتله‌ندا كه یه‌كه‌م یاریی خوله‌كه‌بوو ئاماده ده‌بێت، بۆیه پێویست ناكات زاگالۆ بیر له هیچ كه‌سێكی دیكه بكاته‌وه، یان تیپه‌كه به شووتی فرۆشێكی وه‌كو سامپایۆ ببات به‌رێوه.
كارله‌كار ترازاو رۆماریۆ دوورخرایه‌وه، قه‌ده‌روابوو سامپایۆ یه‌كه‌م گۆڵی مۆندیالی 98ـی تۆماركرد و خه‌ڵاتی ئه‌و گۆڵه پێنج ملیۆن دۆلاربوو، كه دواتر وتی:
“به‌رازیل بردیه‌وه و چیتر منیش شووتی نافرۆشم”.
دوای كۆتایی هاتنی مۆندیال و شكسته ئابروبه‌ره‌كه‌ی سامبا، نزیكبوو سه‌رنه‌كه‌وێت بۆ مۆندیالی 2002، سكۆلاری هات تیپه‌كه‌ی گه‌یانده یابان و كۆریا، پێش ئه‌وه له كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی پێش گه‌شتیه‌كه‌یان رایگه‌یاند:
“رۆماریۆ به‌هۆی زۆری ته‌مه‌ن و پێكانه‌وه له‌گه‌ڵ خۆمان نابه‌ین”.
دواتر هانده‌رانی دڵشكاوی ئه‌وكاته‌ی به‌رازیل رژانه سه‌رشه‌قامه‌كان و هه‌ره‌شه‌ی ئه‌وه‌یان له سكۆلاری كرد جامی مۆندیال نه‌باته‌وه نایه‌ڵن بگه‌رێته‌وه وڵات.
هێنده‌ی نه‌برد رۆماریۆ به‌چاوی گریانه‌وه باسی دوورخرانه‌وه‌ی خۆیكرد و سۆزی گه‌لی به‌رازیلی بۆخۆی راكێشا‌و خۆی به‌ده‌سته‌وه‌داو وتی:
“ئه‌مه هه‌مان سیناریۆی مۆندیالی 98ـی زاگالۆ و زیكۆیه، كه ئاوه‌كه‌یان رشتوو رێز له گه‌وره یاریزانان نانرێت”.
رۆماریۆ وازی هێنا و ساڵ گه‌یشته 2009 هه‌موو رووداوی دوورخرانه‌وه‌ی رۆماریۆیان له‌یاد چووبۆیه‌وه، به‌ڵام ئه‌و یاریزانه ئه‌مانه‌ی له‌یاد نه‌كردبوو، به‌ڵكو له یانه شه‌وانه‌كه‌ی و له‌سه‌ر ده‌رگای (WC) یانه‌كه‌ی وێنه‌ی زاگالۆ و زیكۆی هه‌ڵواسیبوو، هه‌ركه‌س ده‌چووه ئه‌وێ وێنه‌كه‌ی ده‌بینی، پاش ئاشكرابوونی رووداوه‌كه ئه‌و دوو راهێنه‌ره رۆماریۆیان دایه دادگا، به‌ڵام دواتر وه‌ك دڵدانه‌وه‌ی یاریكه‌ره‌كه دۆسییه‌كه‌یان داخستوو له رۆماریۆ خۆشبوون.
نوسینی هه‌وراز كاوه به هه‌ندێك ده‌ستكاری و جوانكاری له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه