دەردەکانی بارسێلۆنا

به‌رشه‌لۆنه‌ كێشه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی یاریی هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش واده‌كات به‌ ئاسانی تیپی به‌رامبه‌ر لێی ده‌باته‌وه‌، چونكه‌ به‌ هیچ كلوجێك یاریكه‌ره‌كانی ئه‌و تیمه‌ ناتوانن جگه‌ له‌و شێوازه‌ په‌یره‌وی پلانی دیكه‌ بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ئیداره‌ی یانه‌كه‌ ئه‌و یاریزانانه‌ی هێناوه‌ كه‌ هه‌مان فكره‌یان هه‌یه‌، باشترین به‌ڵگه‌ش بۆ قسه‌كانم هێنانی راهێنه‌رێكی هۆڵندی وه‌كو كۆمانه‌ كه‌ له‌ شێوه‌ یاریی یانه‌كه‌وه‌ نزیكه‌، كه‌ ره‌نگه‌ به‌شێكی كه‌می خراپی ئاستی تیپه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆی ئه‌م راهێنه‌ر بێت، به‌شێكی دیكه‌ میسی و پیكی و بۆسكێتسه‌.

كۆمان په‌له‌یكرد ده‌ركردنی چه‌ند یاریزانێك نموونه‌ی راكیتچ و سوارێز،كه‌ لانیكه‌م بۆ ئه‌م وه‌رزه‌ ده‌یانتوانی به‌ باشترین شێوه‌ به‌رۆڵی خۆیان هه‌ستن، هه‌روه‌ها كۆمان خاڵێكی دیكه‌ی كوشنده‌ی ئه‌وه‌یه‌، تا ئه‌مرۆ نه‌یتوانیوه‌ ئاستی زۆرێك له‌ یاریزانه‌ تازه‌كان پێش بخات، به‌ تایبه‌تی باڵه‌كان كه‌ كۆڵه‌كه‌ی یاریی یانه‌كه‌بوون، هه‌روه‌ها پێشر ئه‌ڵڤیس و ئالبا له‌وێدا زۆرترین رۆڵی به‌رگری و گه‌وره‌كردنه‌وه‌ی رووبه‌ری یاریگایان به‌ڕووی به‌رامبه‌ردا ئه‌نجام ده‌دا و هه‌میشه‌ یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ ناوه‌ند و هێرشبه‌ره‌كان زیاده‌ عه‌ده‌دیان ده‌كرد بۆ دروستكردنی پاستان و گۆڵكردن، كه‌چی تیمه‌كه‌ ئه‌مه‌ی نییه‌ ئێستا.

ئه‌گه‌ر باسی میسی و پیكی و بۆسكێتس بكه‌ین، ئه‌مانه‌ به‌شێكی دیكه‌ن له‌ لاوازی ئاستی یانه‌كه‌، به‌ تایبه‌تی لیۆ به‌ ته‌واوی له‌ڕووی گۆڵكردنه‌وه‌ پاشه‌كشه‌ی كردووه‌، وه‌رزه‌كانی پێشوو زیاتر له‌ (50) گۆڵی بۆ به‌رشه‌لۆنه‌ ده‌كرد، هه‌روه‌ها گروتین و حه‌ماسی زیاتری بۆ یاریی و نازناوه‌كان هه‌بوو، به‌ته‌واوی به‌ ئه‌ركی خۆی هه‌ڵده‌ستا و ده‌یزانی جێگه‌ی وه‌كو هێرشبه‌رێكی ئازادی خه‌یاڵییه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی هاتۆته‌ پشتی هێرشبه‌ره‌كان، كه‌ ئه‌و جێگایه‌ یاریزانی ژماره‌ 10 تێدا یاریی ده‌كات و رۆڵی دروستكاری یاریی و گۆڵكردن و به‌ستنه‌وه‌ی ناوه‌ند و لاكان ده‌بینێت، كه‌چی میسی له‌مه‌دا لاوازه‌ و زۆر به‌ زه‌حمه‌ت هه‌موو ئه‌و ڕۆلانه‌ ده‌بینێت، كه‌ ره‌نگه‌ هۆكار هه‌بن وابێت، به‌ڵام ناشكرێت تیپێك هه‌موو قورسایی خۆی بخاته‌سه‌ر ئه‌م هێرشبه‌ره‌.

پیكی پێشتر له‌گه‌ڵ پۆیۆڵ كه‌مترین هه‌ڵه‌ی ده‌كرد، ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌و گۆڵانه‌ی به‌سه‌ر ده‌كرا ئه‌و تۆماری ده‌كرد، یان هه‌ندێكجار و له‌كاتی پێویستدا رۆڵی هێرشبه‌ری ده‌بینی، كه‌چی ئێستا نه‌ك ئه‌مانه‌ی نییه‌، ته‌نانه‌ت توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ ئه‌زمونی خۆی بۆ به‌رگریكاره‌ لاوه‌كانی ته‌نیشتی بگوازێته‌وه‌، یاخود وه‌كو سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ ده‌ربكه‌وێت. بۆسكێتس خاڵی لاوازی به‌رشه‌لۆنه‌یه‌ له‌م وه‌رزه‌دا، چونكه‌ ئه‌و كوره‌ شێوه‌ یاریكردنی نه‌رمه‌ و كه‌سایه‌تییه‌كی هێمنی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌كاتی دروستبوونی په‌ستان له‌سه‌ر هێڵی ناوه‌ندی تیپه‌كه‌ی هه‌رگیز ناتوانێت یاریی بكات و گوشاره‌كان كه‌م بكاته‌وه‌، واته‌ بۆسكێتس یاریكه‌رێك نییه‌ بتوانێت له‌چڕیدا تۆپ بهێڵَته‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌و له‌ژێر گوشاری ئینیستا و چاڤی، دواتر راكیتیچ هه‌ڵده‌ستا به‌نمایشكردنی ئاستی و خۆی و كۆنترۆڵی پانتایی سه‌نته‌ری یاریگای ده‌كرد، كه‌ ئێستا ئه‌وانه‌ نین به‌ ته‌نیا ناتوانێت كۆنترۆڵی یاریگاكه‌ بكات و سسته‌ له‌ گه‌یاندن و پچرانی تۆپه‌كان، یاخود لاوازه‌ له‌ خێرا چوونه‌ جێگه‌ی خۆی، كه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ ده‌ردێكه‌ له‌ تیمه‌كه‌ی میسی چاره‌سه‌ركردنی هه‌روا ئاسان نییه‌.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close