پێناسه‌ی میسی

نوسینی: هه‌وراز كاوه
میسی جگه له‌وه‌ی تا ئه‌مكاته خۆی وته‌نی ئاستی پێویستی نه‌بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كه‌ی (جۆناسان ویڵسۆن) هاوڕام كاتێك ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئه‌و كوڕه نه‌بێت كه‌س سه‌یری یاریی تانگۆ ناكات، خه‌ڵكی ناچنه یاریگا و فانیله‌ی تانگۆ ناكڕن، ژێرخانی ئابووری هه‌ڵبژارده‌كه دێته سه‌ر نیوه، ئه‌و به ته‌واوی بۆ كوڕانی وڵاتی گیڤاره گرنگه، هه‌موو ده‌یانه‌وێت وه‌ك ئه‌و بن. كاتێك له یاریگادا ته‌ماشای ده‌كه‌ن به ته‌واوی وره‌یان پێده‌به‌خشێت، هه‌روه‌ها نزیكی له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌وره‌یان ده‌كات، ڕاسته ئێستا درێسی تیپه‌كه ناوی میسی له‌سه‌ر نه‌بێت كه‌س له به‌ری ناكات، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش ملیۆنان عاشق ئاوازی پێیه‌كانی میسی ده‌چڕن، مورته‌زای كابووڵی به نایلۆن خۆیكردووه به لیۆ به قه‌ڵه‌م ڕه‌ساس ناوه‌كه‌ی ئه‌وی له‌سه‌ر شان ناوه هه‌ست ده‌كات ئاسووده‌یی ڕووحی هه‌یه بۆی، هه‌سه‌ت ده‌كات جه‌نگ بڕستی لێبڕیوه باشترین ڕێگا خۆكردنه به میسی. ئێستا تێده‌گه‌ن نه‌یار و دۆست ئاماده‌ن فانیله‌ی ژماره ده‌ی ئه‌و بپۆشن و له زوومی كامێراكانه‌وه شانازی پێوه بكه‌ن. له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا شكۆی ژماره‌كان بایه‌خی نییه هه‌ر ڕۆژه یاریزانێك له‌به‌ری ده‌كات، كه‌چی دێته سه‌ر میسی بێده‌نگی باڵدهكێشت و ده‌زانن قه‌دری ئه‌و درێسه ئه‌و پاراستوویه‌تی. به‌ڕاست پێم بڵێن له‌وه‌ته‌ی ڕۆناڵدۆ دالیمای به‌ڕازیل ڕۆیشتووه كام یاریزان توانیه‌تی پێناسه‌ی ژماره نۆ بكات؟.
شیكه‌ره‌وه‌كان گیریانخواردووه به‌ده‌ست ئه‌م بابه‌ته‌وه، به ڕاهێنهرانبێت له ته‌كتیكی تۆپی پێدا شوێنی ئه‌و ژماره‌یه هه‌ر لاده‌به‌ن، كه‌س نییه وه‌ك خاوه‌نه‌كه‌ی پێشووی شووناسی بپارێزێت و بزانێت چ ئه‌ركێكی قورسی له‌سه‌ر كۆڵ نابوو. بۆیه میسی بۆ تۆپی پێی جیهان گرنگه، جگه له‌وه‌ی مرۆڤ دۆسته و بزه ده‌خاته سه‌ر لێوی هه‌مووان، له هه‌مانكاتدا شكۆی بۆ فانیلهكانیش گه‌ڕاندۆته‌وه، كه له ڕاستیدا ئه‌مه‌یه تۆپی پێ، ئه‌مه‌یه ئه‌ستێره و ئه‌فسانه ته‌جاوزی سه‌رجه‌م سنوره‌كان بكات و شوێنی یاریكردنیشی خۆی نه‌بێت كه‌س ناتوانێت یه‌ك هه‌نگاو تێدا ڕابكات. لیۆ هه‌موو شه‌وێك به‌بێ له ده‌رگادان میوانی ماڵه‌كانه، ئه‌و پێش ئه‌وه‌ی بچێته كۆشكی ئه‌لیزێ له قاهیره له گه‌ڕه‌كێكی هه‌ژار نشین لاده‌دات و په‌یامی یه‌كسانی و مرۆڤایه‌تی باس ده‌كات. ئێستا میسی ئه‌و گۆرانییه هه‌موو كه‌س ده‌یڵێته‌وه، ئه‌و ئاوازه‌یه به قاچه‌كانی سه‌مفۆنیایی ئارامی ده‌خاته دڵ و ده‌روونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و به‌هره‌كانی خۆی پێشكه‌شی نه‌وه دوای نه‌وه ده‌كات، كه‌چی تا ئێره زۆرن لێی تێناگه‌ن و ئه‌ویان خستۆته ئاستی جامێكی ته‌نكه. باشتر وایه به‌ر له‌وه‌ی كێجه‌كه به خێرایی به‌رگه‌ی له یاریگاكان بپێچته‌وه له په‌یامی ڕوونی تێبگه‌ن چێژ له ده‌نگی قاچه‌كانی وه‌ربگرن، كه ڕه‌نگه تا سه‌د ساڵی دیكه دووباره نه‌بێته‌وه، كاتێك لیۆ دێته سه‌ر ڕووبه‌ره سه‌وزه‌كه هێنده به ئاڵۆزی پێ له تۆپه‌كان ده‌خشێنێت واده‌زانی جارێكی دیكه نه‌خشه‌ی جیهان ده‌نووسێته‌وه، یان له‌و دایكه ده‌كات به دوو قوولاپ و تۆپه‌ڵێك سووف ئاڵای وڵاته‌كه‌ی به ڕه‌نگێكی سه‌وز ده‌چنێته‌وه.
بۆیه ئێستا ده‌توانن پێمان بڵێن كێ له‌و باشتره؟.