ڤاااااااااااااااار

سیروان حسن / سلێمانی

تۆپی پێ پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆوە بینی و لەم ساڵانەی دواییدا بەهۆی خێرایی زۆری یاریەکان و فێڵ وتەڵەکەی یاریزانان و زۆری حاڵەتەکان کارێکیان کرد کە ناوبژیوانان نەتوانن کۆنتڕۆڵی حاڵەتە یاساییەکان بکەن و بکەونە ھەڵەی زۆری کوشندەوە بەجۆرێک ھەندێ خول و پاڵەوانێتی بەھەڵەی ناوبژیوان لەم تیپی شایستەوە ئەڕۆی بۆ ئەو تیپی ناشایستە ، دوای کۆتایی ھاتنی خولەکە و شکات و تێھەڵچونەوەی دۆڕاوەکان ئەبووە ھۆی سزادانی ناوبژیوانان کە نە مافی ئەگێڕایەوە بۆ خاوەن ماف و نە کاسی لە تیپی براوە وەرئەگرتەوە ،و بۆ چارەسەرکردنی ئەمانەش بیر لە چەندین چارەسەر کرایەوە ، یەکێ لەوانە دانانی دوو چاودێر بۆ ھێڵی گۆڵ تەنها بۆ کۆنتڕۆڵکردنی هەندێ حاڵەتی نزیک گۆڵ و ناو هێڵی سزا و پاشان ئەمە گۆڕڕا بە یاسای ڤار و تۆپ و سەعاتی زیرەک بۆ یارمەتیدانی ناوبژیوان بۆ ئەوەی بڕیاری ڕاست ودروست بدات و لەگەڵ ئەویشدا ناوبژیوانێک لە ژووری ڤار دانرا و دوو چاودێری ھێڵی گۆڵ لابران و ھەموو ئەمانەش بۆ بەدیھێنانی دادگەری و یارمەتی ناوبژیوان بۆ ئەوەی ڕاستترین بڕیار بدات ، بەڵام چەند بۆ ئەوە یارمەتیدەرن ( کە زۆر یارمەتیدەرن ) دوو ھێندە گومان دروست ئەکات لەکاتی نەدانی بڕیاری ڕاست و دروستدا چونکە ھەموان لەگەڵ ناوبژیوان سەیری حاڵەتەکان ئەکەن و زۆربەی زۆری بینەران بڕیاری دروست ئەزانن و ئەیبینن و کاتێک ناوبژیوان بڕیاری ڕاست نادات ئەوە ھەموان لێی بەگومان ئەبن چونکە خۆ جاران نیە کە ئەیانوت بینەران چەندین جار و لە چەندین گۆشەوە حاڵەتەکان ئەبینن و ناوبژیوان لەیەک جێگەوە و لەیەک چرکەدا بڕیار ئەدات بۆیە ئەگەر ھەڵە بکات نابێت لێی بگیرێت چونکە ئێستا ئەویش لەگەڵ بینەران و لەچەندین گۆشەوەو کاتیشی زیاترە تا بڕیاری ڕاست بدات ، ئەی کەواتە بۆ ھەندێ جار بڕیاری ڕاست نادات ، بۆچی هەندێ حاڵەت ڕون وئاشکران کەچی بڕیاری ڕاستیان بۆ نادرێ، ھەق نیە بپرسین بۆچی لە سەرەتای وەرزەوە تا ساتی نووسینی ئەم بابەتە کە لە نیوەی وەرزداین ھەتا ئێستا ڤار یەک تاکە بڕیاری لە بەرژەوەندی یانەی ( لیڤەرپوڵ ) نەداوە، ئەی جێگای گومان نیە ، مانای چی ھەموو گەڕانەوەیەک بۆ ڤار دژی ئەو بڕیاری داوە، ئەوەی ئەڵێت یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا بێلایەنە با تێمان بگەیەنێ بۆچی پارساڵ لیڤەرپوڵیان ئیجبار وناچار کرد کە بیست و چوار کاتژمێر پێش یاری کاسی جیھانی یانەکان یاری بکات لەکاتێکدا ڕۆژی دواتر لە وڵاتی قەتەر و لەدوری نزیکەی ھەشت ھەزار کیلۆمەتر یاری ھەبوو ( کەبەپێی ئاینی پیرۆزی ئیسلام چارەکی چارەکی چارەکی ئەودوریە بە گەشت حیسابە و موسوڵمان بۆی ھەیە لەو گەشتەیدا لە مانگی ڕەمەزاندا بەڕۆژوو نەبێت ) و ھەموو ھاوار و ناڕەزاییەکانی لیڤەرپوڵیان نەبیست و یاریەکەیان پێ ئەنجامدا ، بەڵام ھەر ھەمان یەکێتی دوو مناڵی قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە شاری مانشستەر کۆرۆنا بگرن یاری (مانشستەر سیتی) دوائەخەن و کەسێک لە یاری بزانێت ئەزانێت مانشستەر سیتی لەم چەند ساڵەی دواییدا چەند سودی بینیوە لە یاری دواخراو ، مەگەر خەزنە پڕ دۆلار ویۆرۆکەی مان سیتی نیە ژەنگی بە ویژدانی یەکێتی تۆپی پێی ئینگلتەرا و ئەوروپاش هەڵهێناوە و یاساکان بۆئەو لاستیکین و لەترسی بەبازاڕکردن یاساکانی بۆ ئەگونجێنن.
بەدیدی من ڤار حاڵەتەکانی زۆر ئاسان و گران کردوە ، ئاسانی کردون بۆ بڕیاری دروست و گرانی کردون بۆ بڕیاری ھەڵە ونادروست و ھەموو لێپرسراوێتیش ئەکەوێتە ئەستۆی ناوبژیوانی ناو یاریگا لەبەر ئەوەش بەدروستی نازانم بڕیار لەژوری ڤارەوە دەربچێ لەکاتێکدا ناوبژیوانی ڤار زۆر جار نابینرێ وناناسرێ و باجی نادروستی بڕیار ناوبژیوانی یاریگا ئەیدا و ھەڵە لەسەر ئەو ماڵە و ئەم حاڵەتەش لە یاری نیوە کۆتایی کاسی سوپەری ئیسپانیای نیوان ڕیاڵ مەدرید و ئەتلەتیک بلباو ڕوی دا و پەنارتیەک بۆڕیاڵ نەگیرا و دوایی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانی ناچاربوو داوای لێبوردن لەڕیاڵ بکات ، بەڵام نازانم یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا بۆ دوانەخستنی یاری ڕیاڵ و دواخستنی یاری تیپێکی تر ئەڵێت چی و پاساوی چیە لەکاتێکدا ھەمان بەفر و ھەمان سەرما و ھەمان زستان بوو بەڵام لەبەر ئەوەی هات وهاواری پارساڵی یانەکان و ڕاگەیاندنەکان و سۆشیال میدیا کەگوایە یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا و ڤار لالیگایان دا بەڕیاڵ ژینگەیەکی دروستکردوە کە ستەم لەڕیاڵ بکەن بۆ ئەوەی نەڵێن لایەنگری ڕیاڵ ئەکەن.
گەڕانەوە بۆ ڤار لە چەند حاڵەتێکدایە کە یەکێکیان کارتی سورە ، بەڵام کاتێک بەبێ ڤار (ڕۆناڵدۆ )دەست ئەدا لە ناوبژیوان بەنیازی پاڵپێوەنان بەڵام پاڵەکەی پێوە نانێت لەسەر نیەتی پاڵنان بۆ پێنج یاری ڕاگیرا بەڵام (میسی) بەڤارەوە و بەبێ تۆپ ھەڵساوە بەلێدانی سەری یاریزان بە مەبەستی ئازاردان لە حاڵەتێکدا پێی دەوترێت ڕەفتاری ناوەرزشی کە ئەگەر تۆپی دەست بوایە کەمترین شت کارتی شینی وەرئەگرت کە لەسور باڵاترە بەڵام لەبەرئەوەی میسیە و بەبازاڕکردن و نرخی بازاڕی خۆیو بارسا ولالیگا دانەبەزێت بۆ دوویاری ڕائەگیرێت کە ئەگەر ئەو یاریزانەی تر وای لەم بکردایە دڵنیام سزایەکی زۆر قورس و گەورەیان ئەدا وڕەنگە بەتیرۆریستیش لەقەڵەمیان بدایە چونکە ڕیشێکی درێژی ھەبوو ، جا ھەر بەم باسەوە لەم ڕۆژانەدا لەکوێت یەکێتی تۆپی پێی کوێت دوو یاریزانی سزادا یەکێیان ئەڵێن ویستویەتی و نیازی ھەبووە ھێرش بکاتە سەر ناوبژیوان واتە نیەتەکەیان خوێندۆتەوە و هێرشەکەی نەکردوە و نەشگەشتۆتە نزیک ناوبژیوان، کەچی تومەس داماوانە یاریزانی یانەی ڕکابەری یانەی کابرای دەستڕۆیشتوو و خواپێداون کە یەکێتی تۆپی پێشی کۆنتڕۆڵ کردوە وەک چۆن پەرلەمانی ئەو وڵاتەی کۆنتڕۆڵ کردوە ،یاریزان سزادراوە لەسەر دەم جوڵاندن کە جوڵەی دەمیان لێک داوەتەوە بەجنێو بۆیان حساب کردوە ، بۆیە ئێستا دەست بەدەمیانەوە ئەگرن کە قسە ئەکەن تا کەس نەزانێت چی ئەڵێن،یاریزانە سوپەرستارەکان و بەتایبەت میسی مامەڵەی تایبەت ئەکرێن تا کار گەیشتە ئەوەی (سیپ پلاتەر) بەشان وباڵیا هەڵی ئەدا ومەدح وسەنای ئەکرد کەکاری ئەونیە وبۆشی نیە مامەڵەی تایبەت لەگەڵ یاریزانێکدا بکات ، هەمووانیش دەزانین کەئەو ( سیب بلاتر ) ەی شیعرو شانامه ى به باڵای میسی دا دەووت پاشتر بەچ ئابڕووچوونێکەوە لە ( فیفا) وەدەرنرا ، کەئەمە حاڵی سەرۆکی فیفا بووبێت ئیتر لۆمەی ناوبژیوانان چۆن بکەین کاتێک چەندین حاڵەتی تر ڕویداوە کە میسی تیایدا شایەنی کارتی زەردو هەندێ جار سوریش بووە بەڵام پێی نەدراوە و هەمان حاڵەت یاریزانێکی سوپەرستاری وەک ڕۆناڵدۆ یان نیمار پێی هەڵساون کارتی زەردوسوریشیان پێ وەرگرتووە ئیتر باسی یاریزانی ئاسایی هەر هیچ.
پارساڵ لە بابەتێکی ترمدا کە هەر لە سایتی یاریگاسپۆرت بڵاوبۆوە لە بەرواری ٢٠٢٠/٤/١٢لە ژێر ناونیشانی (تۆپی پێ ئاڵۆزە یان ئاڵۆزی دەکەن ) ڕاو و بۆچوونی خۆم لە سەر ڤار بەم چەند دێرەی خوارەوە دەربڕیبوو کە ئێستاش هەر لەسەر هەمان بۆچوونم :

خودی ڤار تۆپی پێی ئاڵۆزترکردوە کە بە ڕای من پێویستە بە جۆرێکی تر پەیڕەو بکرێت بۆنمونە وای لێبکرێت لە کاتی یارییەکەدا هەر تیپێک بۆێ هەبێت ( 2 جار یان بەپێی ئەو ژمارەیەی فیفا بڕیاری لەسەر دەدات ) داوا لەدادوەری یاریگابکا کەپێداچونەوە بکات بەبڕیارەکەیدا لەڕێی دووبارە سەیرکردنەوەی حاڵەتەکە ((چونکە فیفا بیرۆکەی سیستمی ڤاری بە سوود وەرگرتن لە سیستمی Challenge ی یاری تۆپی پێی ئەمەریکیەوە وەرگرتووە کە لە ساڵی١٩٨٦ وە لە خولیNFL ی ئەمەریکادا پەیڕەودەکرێت، وە بەپێی سیستمی Challenge فێرکاری هەرتیپێک بۆی هەیە بەدریژایی کاتی یارییەکە دووجار داوا لەدادوەری یاریگابکا کەپێداچوونەوە بکات بەبڕیارەکەیدا لەڕێی دووبارە سەیرکردنەوەی حاڵەتەکە ))،کە ئیتر زیادەڕەوی ناکەن لەداوای ڤاردا و پێویستیش بە ناوبژیوانانی ژوری ڤار ناکات و دادگەریش بەدی دێت کە هۆی داهێنانی سیستەمی ڤارە و کەسێتی ناوبژیوانیش پارێزراوتر دەبێت کە ڤار لەهەیبەت و سام و سمای کەمکردۆتەوە

ڕاستە تۆپی پێ دنیایەکی جوان و بەچێژە بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو ھەموو کۆمپانیا و بازرگان و گروپە زەبەلاحانەی سەریان تێکردوەنەلەبەر جوانی یاریەکە و نەلەبەر چاوی کاڵی ھەوادارەکانی تێکەڵاوی یاریەکە نەبون، بەڵکو دەستکەوت و قازانج وداھات ھێناونی وئەمانەش بە دڵنیاییەوە لەسەر حسابی جوانی یاریەکە و سیما و ڕەوشتە بەرزەکانی بەدی دێت و هەموو ئەو ڕوداوو شتانەی کە ڕوو ئەدەن پاک و بێگەرد وبێ غەل و غەش نین و ئەو تیروپشک و خەڵات بەخشینەوە و هەڵبژاردنی وڵاتی میوانداری پاڵەوانێتیەکان وبەخشینی مافی پەخشی یاریەکان و چەندان شتی تر هەمویان پاک و بێگەرد و بێ خەوش و بێ دەستکاری نین.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close