مارادۆنا خۆی رێگایدا بمرێت

به‌شی حه‌وته‌م

مارادۆنا له‌ تۆپی پێدا ده‌یان چیرۆك و داستانی گه‌وره‌ی له‌ بیری هه‌موواندا نوسیوه‌ته‌وه‌‌، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ی وازی له‌ یاریی تۆپی پێ‌ هێنا چیتر ئه‌و پیاوه‌ نه‌بوو كه‌ ده‌مانناسی، به‌ڵكو خۆی وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی ده‌روون نه‌خۆش و له‌ ژیان بێزار پێشانده‌دا، كه‌ ئه‌وه‌ش وایكرد وێنه‌ی دیگۆ به‌وپه‌ری ناشرینی له‌بیری زۆرینه‌مان كۆپی بێت. مارادۆنا ده‌یان كێشه‌ی خێزانی هه‌بوو به‌ تایبه‌تی وه‌كو بنه‌ماڵه‌یه‌كی چاوچنۆك و هیچ نه‌دیده‌ په‌لاماری هه‌موو شتێكی مارادۆنایانده‌دا‌ و به‌ به‌رده‌وامی كاریان له‌سه‌ر توانه‌وه‌‌ی سامانه‌كه‌ی ده‌كرد، ئه‌وه‌ش وایكرد به‌ر له‌ كۆتاییه‌كانی ته‌مه‌‌نی وه‌كو مرۆڤێكی یاخی مامه‌ڵه‌ بكات و هیچ گرنگییه‌كی به‌ ژیانی كه‌سی خۆی نه‌ده‌دا، چونكه‌ هه‌میشه‌ خۆیشی ده‌یوت:
“رێگه‌م بده‌ن ئه‌وه‌ بكه‌م، كه‌ حه‌زم لێیه‌تی، واته‌ با هه‌میشه‌ هاورێی تۆپ بم”.

ستیفانۆ سیسی بەڕێوەبەری پێشووی کارەکانی مارادۆنا و هاوڕێی هەرە نزیکی چه‌ندین نهێنی مەترسیدار لەسەر ئەفسانەكه‌ی تۆپی پێ‌ تانگۆ ئاشکرا دەکات. لە کاتێکدا کە مردنی ناوبراو هەرایەکی گەورەی نایه‌وه‌ و هەندێک پێیانوایە کەمتەرخەمی کراوە لە چۆنیەتی مامەڵکردن لەگەڵ دۆخی تەندروستی مارادۆنا و به‌خێرایی كار له‌سه‌ر ته‌ندروستی نه‌كراوه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سیسی ده‌نوسێت:
“مارادۆنا پێش مردنی هەستی بە بێزاری و ماندووبون دەکرد، ته‌نانه‌ت خۆی وایکرد بمرێت، هه‌روه‌ها پەنجەی تۆمەت بۆ هەندێک کەس درێژ دەکرێت و زۆر قسە و باس لەسەر ئەوە هەیە گوایە ئەوان کەمتەرخەمییان کردووە لە مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشییەکەی مارادۆنادا، بەڵام ئەوانە راستنین، ئەوان نازانن ژیانی مارادۆنا چۆن بوو، چونكه‌ له‌م دوایه‌دا‌ دیگۆ به‌رده‌وام بەتەنیا بوو، كه‌چی خەڵکی تەنیا بیریان لە ناوی مارادۆنا دەکردەوە، خۆیشی وازی لەوە هێنابوو کە مارادۆنایە و جیهان چاویان له‌سه‌رێتی. من بیست ساڵ بیره‌وه‌ریم له‌گه‌لیدا هه‌یه،‌ له‌ سه‌ره‌تای ژیانیدا وانه‌بوو، كه‌ گه‌وره‌بوو به‌ ته‌واوی گۆڕدرا.

بەڕێوەبەری پێشووی کارەکانی مارادۆنا له‌ درێژه‌ی قه‌سه‌كانیدا باسی ئه‌وه‌یكرد بەمدواییە مارادۆنا هیچ بایەخی بە خۆی نەده‌دا، ته‌واو لەرووی جەستەیی و هزرییەوە هیلاك و ماندوو بوو، هه‌روه‌ها زۆر بێزار ده‌رده‌كه‌وت، هەر خۆیشی رێگایدا بمرێت. له‌ كۆتا رۆژه‌كانی ته‌مه‌نی هیچ حەزێکی بۆ ژیان نەمابوو، چونكه‌ هەرا و كێشه‌ی خێزانی دەوری مارادۆنای دابوو، ئەو خۆشی و ئارامی نەمابوو. تەنانەت دوای مردنیشی خزم و نزیکەکانی بەردەوامن لە دەرهێنانی قژی یەکتری و سه‌ودای میراتی دیگۆ ده‌كه‌ن، بۆیە بەلای کەمەوە ئەو ئێستا دەتوانێت لای ئەوانە بێت کە لە هەموو کەس خۆشتری دەویستن، كه‌ دایک و باوکین.
به‌ كورتی دیگۆ ئێستا به‌ ئارامی له‌ گۆرێكدا پاڵ كه‌تووه، له‌ ته‌نیشت ئازیزانی‌.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close