2020 ساڵی هەڵوەرینی ئەفسانە و ئەستێرەکان

سیروان حەسەن / سلێمانی

ھەر دوازدە مانگ جاڕێک و لەسەرەتای زستاندا ساڵی ڕابوردوو پاڵتۆی زستانە لەبەر دەکات و پێشوازی لەساڵی نوێ ئەکات و خۆشی گۆچانەکەی ھەڵئەگرێت و ماڵئاوایی لەدنیا و ژیان دەکات و کۆمەڵێک یادگاری و ڕووداو بەجێ دەھێڵێت کە ھەندێ جار تا ماوەیەکی دوورودرێژ کاریگەری و لێکەوتەیان دەمێنێت ،تەنانەت لێکەوتە و کاریگەری و پاشماوەی ھەندێ ڕووداو بەجۆرێک دەمێنێتەوە کە ئەو ساڵەی تیایدا ڕووی داوە بەوەوە ناودەنرێت جا ھەندێ ساڵ بە ڕووداوێکی سروشتیەوەناونراوە ( ساڵی لافاوەکە، بومەلەرزەکە ،وشکەساڵەکە) و ھەندێ ساڵ بەڕووداوێکی سیاسی ناونراوە ( ساڵی ڕاپەڕین، ڕزگاری عێراق، ڕیفراندۆم ) ، ھەربۆیە دڵنیام ئەمساڵ لە ڕۆژ ژمێری ھزری مرۆڤایەتیدا بەناوی ساڵی کۆرۆناوە یادداشت ئەکرێت .
پەتای کۆرۆنا گورزێکی گەورە و زەبرێکی کەمەرشکێنی لەھەموو بوارەکانی ژیان دا و وەرزش یەکێک بوو لەو بوارانە و زیانێکی ئێجگار گەورەی بەرکەوت و لەبەرئەوەی وەرزش بوارێکی زیندوو و کایەیەکی زیتەڵ و بزێوو سەرکێش وسەرکەشە بەزووترین کات چالاکیەکانی دەستپێکردەوە و ھەرچۆنێک بێت چالاکیە تەواونەکراوەکان تەواوکرا و چالاکیەکانی وەرزی نوێش دەستپێکرا بە ڕێنمایی و ڕێکاری تایبەت .
لەبەر ئەو کەشە سەخت وتایبەتە ساڵێکی تایبەتمان تێپەڕاند کەتیایدا دەسکەوت و ئامارو ڕیکۆردە وەرزشیە دڵخۆشکەرەکان کەمتر بوون لەساڵان و خەم و ئازار و کۆستەکان زیادتربوون لە جاران ، کەم کۆمەڵ وکۆڕی وەرزشی ھەیە زەرەرو کۆستی نەکەوتبێ و ئازیز و ئەستێرە و ئەفسانەی لەدەست نەدابێ .
لەمساڵدا بینیمان ھەمووتیپە سەرکەوتوەکان نەیان دەتوانی ئاھەنگ بگێڕن ھەربۆنموونە دوای چاوەڕوانیەکی سی ساڵی(لیڤەرپوڵ) بە پریمەرلیگ شاد بوون بەڵام بەھۆی کۆرۆنا نەیانتوانی بەدڵی خۆیان ئاھەنگ بگێڕن ، تەنانەت بۆ تۆمار کردنی گۆڵ نەدەبوو ئاھەنگ و دەستلەملان بکەن لە یاریگای بێ جەماوەردا ، ئاوا وەرز بەڕێ کرا بەڵام بۆ براوەو سە رکەوتووەکان ھەرچونێک بێت چێژبەخش وشیرین بوو .
لەم ساڵی کۆرۆنایەدا ناخۆشی زۆرتر و تاڵیەکانی بەئازارتر بوون بۆ ھەموان و لەھەموو ئاستەکاندا ، لە ئاستی نەتەوەی کورددا چەندان ئازیز و ئەستێرەمان لەدەستدا ، ئەمساڵ بە بەرھەمترین وەرزشکاری ناوداری کوردمان لەدەستدا کە پاڵەوان(محەمەدیاسین)ی بەشداربووی هەردووخولی ئۆلۆمپیادی( مۆسکۆ، لۆس ئەنجلس ) بوو کە مێدالیا و نازناو و ڕیکۆردەکانی لەسەر ئاستی عێراق و عەرەب و ئاسیالە بەرزکردنەوەی قورسایی لە ساڵەکانی تەمەنی زۆر زیاتر بوون ، پیاوێکی ئاڵتوونی وەک (سیامەند ڕەحمان)ی خاوەن پێداویستی تایبەتمان لێ رۆیی کە لەهەردوو خولی پارائۆلۆمپی (لەندەن ، ڕیۆ دی جانیرۆ) بە مەدالیای زێڕ سنگی ڕازانرابوویەوە ، وەرزشەوان و ناوبژیوان و بناغەدانەری میدیای وەرزشی کوردی (یاوەر نامیق)مان لەدەستدا کە شاوری دادوەری بەدەمیەوە و قەڵەمی ڕۆژنامەنوسی بەدەستیەوە و ئاڵای لایمەنی و ئاڵای کوردستان پێکەوە بەدەستەکەی تریەوە بوو ،ئالان عەلی وەرزشکار و میدیاکارمان لەکیس چوو .
لە عێراق (ئەحمەد ڕازی )ئەفسانەی تۆپی پێی یانەی زەوراوهەڵبژاردەی عێراق وئاسیاو خاوەن گۆڵە تاقانەکەی عێراق لە جامی جیھان جیھانی بەجێ ھێشت وخەم وفرمێسکیش بۆ هەوادارو عاشقانى وە لەگەڵ خۆيدا (نازم شاکیر و کەریم سەلمان و عەلی ھادی و ونوری ذياب وکەرار ئیبراهیم و هـه ردوو ناوبژيوانى نێو دەوڵەتی تاریق ئەحمەد ومحمود نورەدین )ی برد ، لەوڵاتە عەرەبیەکانیش ھەربەوجۆرەبوو و کۆمەڵێک ئەستێرە ئاوابوون لەوانە حەمادەعەقرەبی سەفاقسی تونسی و ئەمین دابۆو خەمیس عويرانى سعودی.
لەسەرئاستی جیھانیش چەندین و چەندان ئەستێرە و ئەفسانە ماڵئاواییان کرد و بەجێیان ھێشتین کە ڕەنگە تەنھا ناونوسکردنیان چەندین وچەندان نوسین بەشیان نەکات بەڵام ناوھێنانی ھێندێکیان بەرزڕاگرتن و بەڕێزڕاگرتنی ھێندێکی ترە چونکە ئەم ناوانە چەندین کات وچەندان جار بونەتە مایەی دڵخۆشی و چێژ بەخشین بەھەموومان و چێژ و ساتی زێڕینی زۆریان بەخشیوە بۆیە یادکردنیان و ڕێزڵێگرتنیان ئەرک وئەمەکە ، چەندین ڕاھێنەرو پاڵەوانی ئۆڵۆمپی و یاریزانی بەناوبانگ و ئەستێرە وئەفسانە ئەم دنیایان بەجێھێشت کە ڕۆژگارێک نمونەی باڵا و نیشانەی ئازایەتی و لێھاتویی و لێوەشاوەیی بوون ، لەم ساڵە شومەدا هەردوو ڕاهێنەری فەرەنسی بەناوبانگ (میشێڵ ھیدالگۆ و جیڕارھولییە ) کۆچی دواییان کرد، ھەروەھا سابێللای ئەرجەنتینی وسیمیونی ئیتاڵی وڕاھێنەری ئەنتەر میلان ، ساڵی ٢٠٢٠ کۆچی دوایی سێ پاڵەوانی جیهانی لەخۆگرتبوو کە هەریەکێکیان خاوەنی سێ مەدالیای زێڕبوون لە مێژووی یارییەکانی ئۆلۆمپیاددا کەئەمانەن : بالبیرسینگی هیندی و بۆبی مۆرۆی ئەمەریکی وتیبور بینیدیک ی مەجەری .
یاری تێنسی سەر زەویش یەکێک لە ئەستێرە درەوشاوەکانی مێژووی خۆی لەدەستدا ئەویش بەکۆچی دوایی(ئەشلی کوبەر ) کەخاوەنی چوار نازناوی گراند سلام و دوو پلەی دووەمی بوو ، بۆکسێنەران (نیت بڕۆکس وبیت ڕادیماشیدو ویلبرت مکلور)ی ئەمەریکی و فیرناندوئەتزۆری ئیتاڵی کەھەمویان خاوەن میداڵی ئاڵتونی ئۆڵۆمپی بۆکسێنن بوون جێیان هێشتین ، وەهەریەک لە (یان کووالتشکی پۆڵەندی و نینابوشاروفای روسی و راڤەرجۆنسۆن و ئەرنی رۆبنسۆنی ئەمەریکی )به جەستە جێیان هێشتین و بە پرشنگداریش ناوی خۆیان وەک ئەستێرە لە مێژووی یارییەکانی ئۆلۆمپیاددا بۆ بەجێ هێشتین کەهەریەکێکیان خاوەنی مەدالیایەک زیاتر بوون لە نێو مەدالیاکانی ( زێڕو زیوو برۆنز)ی خولە ئۆلۆمپیەکان .
هەر ئەمساڵیش یاریزانی پاراگوایی (سیزار زابالا) کۆچی دوایی کرد، کە لەیاری (عێراق و پاراگوای) لە جامی جیھانی ١٩٨٦ لەگەڵ ئەحمەد ڕازی زیاتر لە وێنەیەکیان هەیە وەک ئەوەی وەعدو بەڵێنیان بەیەک دابێت پێکەوە یاری بکەن و پێکەوە کۆچی دوایی بکەن ، وەهەر لەم ساڵە نامۆیەدا بە مرۆڤایەتی و وەرزش هەریەک لەگۆڵچی ناسراوی لیڤەرپوڵ ڕای کلیمنس و جاکی تشارلتۆنی ئینگلیزی و روبی ڕینسینبرینگی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ھۆڵنداو خاوەن گۆڵی ژمارە ھەزار لەجامی جیھان و هاوڕێکەی(ویم سوربییر)کە بەرگریکاری هوڵەندیەکان بوو لە هەردووجامی جیهانی ١٩٧٤ و ١٩٧٨ و لەگەڵ ئەجاکس ئەمستردامیش ٣ نازناوی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بەدەست هێنابوو وە (پاولۆ ڕوسی )ئەفسانەی تۆپی پێی ئیتاڵی کە لە زیندان ھاتەدەرەوە و کاسیی جیھانی بۆ ئیتاڵیا بەدەستھێنا وە (بابا بوبا دیوبی ) ئەستێرەی تۆپی سەنیگال کە خاوەنی یەکەمین گۆڵی کاسی جیهانی٢٠٠٢ بوو ماڵئاوایی یەکجارەکیان لەهەوادارانی تۆپی پێی جیهان کرد.

ئەفسانەی باسکەی ئەمەریکا ( کوبی براینت )ی یاریزانی لوس ئەنجلۆس لەیکەرز لەسەرەتای ساڵدا بەکەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەی ماڵئاوایی لەژیان و جیھان کرد و ھەموو عاشقانى باسكەی لەتێکڕای جیهان تووشی شۆک کردو فرمێسکی باراند لە چاوی عاشقانىNBA به تايبەتیش هاندەرەکانی لۆس ئەنجلس لەیکەرز ، وەبەچە ند رۆژێکی زۆر کەمیش لە کۆتایی ئەمساڵ دیسانەوە ئەستێرەیەکی تری درەوشاوەی نێو مێژووی باسکەی ئەمەریکا کۆچی دوایی کرد کەئەویش ( کەی سی جۆنز)ی یانەی (بۆستن سیلتیکس ) بوو کەخاوەنی ١٢ نازناوی پاڵەوانی NBA بوو ٨ جاریان وەک یاریزان و ٤ جاریش وەک فێرکار جگە لە مەدالیای ئاڵتونی ئۆلۆمپیادیش .
هەر لەم ساڵدا ئەفسانەی ئەفسانەکان مارادۆنا کۆچی دوایی کرد ، مارادۆنای یاریزان و ئەفسانەی ئەرجەنتین و یانەی ناپۆلی ئیتاڵی ،سەرکێش و جیاواز ، خاوەن فیکر و رزگاری خواز ، یارمەتیدەری ھەژاران تائەوڕادەیەی چەندین جار خەڵەتێنراوە ، جیاواز لە شێوازی ژیان تاڕاددەی ئاڵودەبون بەتلیاک ، خاوەن فیکر کەھەمیشە دژی قاچ و قوچەکانی( فیفا )لە جەنگ وململانێدا بوو بەرپرسانی فیفاش ھیچ کەمتەرخەم نەبون دژی تا سڕ کردنی بەبیانوی وەرگرتنی ماددەی وزە بەخش !!، شۆڕشگێڕ تاڕادەی ئەوەی کەلوپەلی وڵاتە کۆلونیاڵەکانی بەکارنەھێناوە، بەڵام ساڵەکەی ئەوەندە نەھات بوو تەنانەت خۆشەویست و ھەوادارانی مارادۆنا نەیانتوانی شین و پرسەی بەدڵی خۆیان بگێڕن ، دروست وەک ئەو جەماوەرەی (لیڤەرپوڵ )کە دوای سێ دەیە چاوەڕوانی پریمەرلیگ نەیانتوانی بەکامی دڵ شادی و شایی بون بەپاڵەوانی پریمەرلیگ لەگەڵ ( یۆرگن کڵۆب ) و ئەستێرەکانی ڕیدز بگێڕن .
ساڵی کۆرۆناکە ساڵێکی بێ بەرەکەت بوو بۆ تێکڕایی مرۆڤایەتی و لەوەرزشیشدا بەتایبەت بۆ (بەرشلۆنەو میسی) ھەرچەندە بۆ ھەندێک خێری باشی تیا بوو بۆ (هانز فلیک و بایەر میونخ) بۆ (ئەرماند مۆندۆ دۆبلانتیسی) پاڵەوانی سویدی بازی زانە کە بە زانایی (سێرجی بۆبکا)ی ئۆکرانی لە قاموسی ژمارە پێوانەیەکاندا سڕیەوە پاش شکاندنی ژمارە پێوانەییەکەی دوای بیست وشەش ساڵ ،تێکەڵەی خۆشی وناخۆشی بۆ (حەبیب نۆرموحەمەدۆڤ) پاڵەوانی داغستانی یاری شەڕ وخوێن کە دروست وەک شەڕەکەڵەبابی وڵاتی تایلەند وایە تاسەر ئێسقان وەرزشێکی بەئێش وئازارە، بەڵام لێوانلێوبو ڵە خەم و کەسەر و لەدەستدانی ئەو پەڵکەزێڕینانەی کە ڕۆژگارێک شادی ھێنەر و خەفەت ڕەوێن بوون و ڕەنگە ھەندێکیان لە قۆناغێکدا لە خولێکدا لەیاریەکدا ئازاریان گەیاندبێ بەدڵمان و بوبنە مایەی شکستی ئەوتیپەی ھاندەری بوین بەڵام چونکە ڕۆژگارێکی ئەوەندە جوان و پاک و بێ خەوش بوو ئەوەی ئازاری کردوە بەدڵمانا ئێستا کۆچ کردنی ئازاری گیانمان ئەدا و ئەمەش پەیامی تەواوی وەرزشە ،ئەم ساڵەی لە گیانەڵادایە وتەمەنی چەند ڕۆژێکی بەبەرەوەماوە لێوانلێو بوو لە چالاکی وەرزشی ناسروشتی و یاریگای چۆڵ و بێدەنگ کە کار گەیشتە دانانی بڵندگۆ لە یاریگاکاندا و ھەروەھا پڕ پڕ بوو لە کۆچی ئازیزان و لەدەستدانی یادگاری و تەنانەت زیادەرەویش نیە ئەگەر بڵێن ماڵئاوایی هەندێک لەو ئەفسانەو ئەستێرانە مردنی یادگارییەکانی ئەو ڕۆژگارانەمانن کە پەیامە جوانەکانی وەرزش لە لووتکەدا بوون ، بەڵام ژیان بەردەوام ئەبێت ھەروەک بەردەوامیش بوو بۆیە ھەروەک چۆن لە کولتوری خۆماندا چەندین ساڵ ھەن کە ناوی ئازار بەخشیان لێ نراوە ئەم ساڵەش ئەچێتە ڕیزی ئەو سالانە و دەبێت بە ڕابردوو و لە ھزری بیرەوەریدا وای لێ دێت ھەروەک چۆن دەڵێین ساڵی لافاوەکە دەڵێین ساڵی کۆرۆناکە .

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close