مێسی دەبێت خزمەتی گریزمان و کۆتینهۆ بکات

نوسینی هه‌وراز كاوه‌

بارسێلۆنا به‌ کادیز دۆرا و (12) خاڵ له‌گه‌ڵ یه‌كه‌می لالیگا دووره‌ و تا دێت قه‌یرانی تیپه‌كه‌ روو له‌ هه‌ڵكشانه‌، به‌ڵام لێردا هه‌ندێك خراپی لایه‌نی هونه‌ری تیپه‌كه‌ باس ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای هێڵی به‌رگری تیپه‌كه‌ بكه‌ی دوو یارییه‌ خۆیان گۆڵ پێشكه‌شی ركابه‌ر ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌ند و پێشه‌وه‌ یارییه‌كی تاراده‌یه‌ك خراپیان دژی کادیز نه‌كرد، به‌ڵام كه‌ پشته‌وه‌ی تیپ ناتوانن یه‌ك ریزی ئاستی خۆیان رابگرن له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو لایه‌نه‌ی دیكه‌ بێگومان تووشی كاره‌سات ده‌بن.

جوڵه‌كانی ئه‌لبا ته‌واو خراپ و لاوازبوو، هه‌روه‌ها دیمبلی و كۆتینهۆ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ چه‌پی یاریگا نه‌یانده‌توانی یارمه‌تی گریزمان و برایسوایت بده‌ن، كاتێك راستی به‌رگری كه‌ دیستی لێیه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ دووربوو له‌ گریزمان و میسی ئه‌مه‌ش وایده‌كرد تیپی کادیز به‌ ئاسانی هێرشی هه‌ڵگه‌راوه‌ دروست بكه‌ن و سوود له‌و بڵاوییه‌ی تیپی ركابه‌ر ببین، كه‌ پێویسته‌ له‌رووی ئاستی هونه‌ری تاكه‌وه‌ كۆمان زیاتر كار له‌سه‌ر تاك به‌ تاكی یاریكه‌ره‌كانی بكات، چونكه‌ زۆر به‌كه‌می له‌یه‌ك ده‌گه‌ن و ناتوانن خوێنده‌وه‌ بۆ ئاستی خۆیان و تیپی به‌رامبه‌ر بكه‌ن، یان شێوه‌ی وه‌ستان و جوڵه‌كانی به‌رگری جێگه‌ی تێرامانه‌، شه‌وی پێشوو به‌روونی هه‌ست به‌و دووریه‌ی نێوان ئه‌لبا و لینگلێت ده‌كرا و به‌ ئاسانی هێرشبه‌رانی دژ ده‌چوونه‌ سه‌ر تێر شتیگن.

دوای گۆڵه‌كانی کادیز قورسایی یاریی بارسێلۆنا ته‌نیا له‌سه‌ر لاكان بوو، كه‌ ئه‌مه‌ش یاریی بارسێلۆنا نییه‌ و ئه‌و تیپه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ ده‌ست به‌سه‌ر نیوه‌ یاریگادا ده‌گرن، كه‌چی شه‌وی پێشوو ته‌نیا له‌ باڵه‌كانه‌وه‌ گوشاریان ده‌كرد و به‌ هیچ جارێك سه‌ركه‌توونه‌بوون له‌ گه‌یشتن به‌ گۆڵی ركابه‌ر، به‌ڵام كاتێك له‌ ناوه‌ند یاریان ده‌كرد هه‌میشه‌ رووبه‌رێكی زۆریان ده‌ست ده‌خست و یاریگاكه‌یان بۆ خۆیان گه‌وره‌ ده‌كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ ئاسانی باڵه‌كان ده‌چوونه‌ پێشه‌وه‌ و دواتر میسی یان هاورێكانی دیكه‌ی به‌بێ‌ گرفت له‌به‌رده‌م گۆڵپارێزدا ده‌مانه‌وه‌ و گۆڵیان ده‌كرد.

نموونه‌ی ڤالڤێری كۆمانی راهێنه‌ر ئینكاری له‌گه‌ڵ هه‌ندێك یاریزان ده‌كات و ده‌یه‌وێت هه‌ندێكی دیكه‌ وه‌كو سه‌ره‌كی بهێڵێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆته‌ خاڵی لاوازی تیپه‌كه‌. بۆ نموونه‌: سێرجینۆ دیست پێویست ناكات دوو گێم وه‌كو یاریكه‌ری سه‌ره‌كی به‌شدار بێت، كه‌ تا ئه‌مرۆ كه‌مترین جار جوڵه‌ و وه‌ستانی له‌سوودی تیپه‌كه‌ی هه‌بووه‌، هه‌روه‌ها بوونی بۆسكیتس خاڵی لاوازی تیپه‌كه‌یه‌ ته‌واوی تیپه‌كان كار له‌سه‌ر ئه‌و لاوازییه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌م یاریكه‌ره‌ له‌رووی جه‌سته‌وه‌ به‌ته‌واوی كه‌تووه‌ و ناتوانێت رۆڵی به‌رده‌می به‌رگری و پاڵپشتی له‌كان و هاوكاری میسی بكات. هه‌رچی لیۆیه‌ ئاستی جێگیر نییه‌ و هه‌موو ده‌زانین زۆر به‌ قورسی گۆڵی بۆ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ كه‌می گۆڵی یانه‌كه‌ و نه‌بوونی گۆڵكاری راسته‌قینه‌. تێر شتیگن جاری دووه‌مه‌ له‌ گۆڵه‌كه‌ی دێته‌ده‌ره‌وه‌ بۆ پچرانی تۆپه‌كان، به‌ڵام خاو ده‌گات و هۆكاری هه‌ردوو گۆڵه‌كه‌بوو له‌م دوو هه‌فته‌یه‌دا. هه‌ڵه‌كانی یاریی كلاسیكۆ به‌رده‌وامه‌ و كۆمانی راهێنه‌ر چاكی نه‌كردووه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كۆمان بیه‌وێت تیپه‌كه‌ی بگه‌رێته‌وه‌ بۆ ركابه‌ری پێویسته‌ میسی له‌وه‌ تێبگه‌یه‌نێت هه‌رچی له‌ توانایدایه‌ بیخاته‌ خزمه‌تی گریزمان و كۆتینهۆ و دیمبلی گومانم نییه‌، كه‌ لالیگا به‌ ئاسانی له‌ده‌ست ناده‌ن.

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close