هەر 5 خوله مەزنەکەی ئەوروپا شایستەی گەورەیین

سیروان حسن / سلێمانی

ئەگەر چی بەڕای من پێکەوە کۆکردنەوەی پێنج خولەبەھێزەکەی ئەوروپا لە دەستەواژەیەکدا و ناوھێنانیان تێکڕا بە (پێنج خولە مەزنەکەی ئەوروپا) ڕەنگە واقیعی نەبێت چونکە ئاست و چێژ و داھات و جەماوەریان بایی ھێندە جیاوازن کە پێکەوە حسابیان بۆ نەکرێت و بە جیا جیا ھەڵسەنگاندن و لێکدانەوەیان بۆ بکرێت گونجاو تر و دروست ترە ، ھەر بۆیە پاش نزیک بوونەوەی تەواوەتی لەکۆتایی ھاتنیان حەزم کرد جیابەجیا ھەر یەکەو بە چەند ڕستەیەک باسبکرێن گونجاوترەلە تێکەڵکردنیان.
لیگا 1ی فەڕەنسا کە(پلەی پێنج)ەمە لە پلەبەندی پێنج گەورەکەدا ھەر وەک عادەتی ئەم چەند ساڵەی دوایی کە کەمترین پێشبڕکێ و نزمترین ئاستی ھەیە لە چاو چوارەکەی تردا و ئەمساڵ کورونا ئەو نوزەیەشی لێ بڕی و خولەکە چەند ھەفتیەک کورتی ھێنا و یەکێتی تۆپی پێی فەڕەنسا وەک ئەوەی بڵێت خۆ چەند ساڵە ھیچ گۆڕانکاریەک لەسەر ئاستی کێبڕکێکە ڕوی نەداوە ئیتر بۆچی موجازەفە بکەین بەتەندروستی یاریزانەکانەوە خۆ ئەنجامەکان پێش دەستپێکردنی خولەکەش زانراون جیاوازیەکە تەنھا ئەوەندەیە کە پاریس سان جیرمان چەند ھەفتە پێش کۆتایی ھاتنی خولەکە یەکەمبونی خۆی یەکلایی ئەکاتەوە و لەکۆتاییدا بەجیاوازی چەند خاڵ یەکەم ئەبێت و کام یاریزانی پاریس گۆڵکار دەبن و بەچەند گۆڵ ، و ئەمانەش ھیچیان پاڵنەرێکی وا گرنگ نین کە سەرکێشی بۆ بکرێت و ھەربۆیە پاش ڕاوەستانی خولەکانی ئەوروپا بەگشتی بەھۆی کوروناوە پاش چەند ھەفتەیەک یەکێتی تۆپی پێی فەڕەنسا خولەکەیان بەخشیە یانە پاریسیەکە سەرەڕای ناڕەزایی و تانە لێدانی بڕیارەکە لەلایەن ھەندێ یانەوە بەڵام یەکێتی تۆپی پێی فەڕەنسا سور و مکوڕ بوو لەسەر بڕیارەکەی و کە بە دڵنیاییەوەش ئەنجامەکان لە کۆتاییدا ھەروائەبوو چونکە یانەفەڕەنسیەکان بە تێکڕا توانای کێبڕکێی یانەکەی پاریسیان نیە کە خاوەنی قاسەیەکی کراوەیە و لەوەش ئەچێت سەرچاوەی داراییشیان بێ کۆتایی بێت .
بۆندسلیگاش( چوارھەمی پێنج مەزنەکە) ھەر وەک ساڵان و ھەر وەک خوویان پێوەگرتوە کوردوتەنی بەھەوای شان بایرن میونخ بەشایستەیی خولەکەی بەدەستھێنا ، لە ئەڵمانیاش بایەر ڕکابەرێکی ڕاست و دروستی نیە ، ساڵێک دۆرتمۆند و ساڵێک لایبزیک و ساڵێک لیفەرکوزن وساڵێک دوسلدۆرف ساڵێک ھۆڤنھایم ،ڕکابەری و پێشبڕکێ نا بەڵام لە سەرەتاوە تۆزێک گیزەگیز و ئیشغاڵکردن و گێچەڵ بە گەورەیی بایەرمیونیخ دەکەن ئەویش ھەریەکەیان ساڵێک زیاتر درێژەناکێشێت بەڵام لە کۆتاییدا ھەر ئەگەڕێنەوە بۆ قاوغەکەی خۆیان و یانە باڤاریەکەش ئەچێتەوە پلەی یەکەمیەکەی خۆی بەڵام ئەمساڵ ئاستی ناوازەی لیڤاندۆڤسکی و ئەو گێڕانەوە و ڕاستکردنەوەناوازەیە بوو کە ڕاھێنەر ھاینز فلیک کە سەرەتا کاتی بوو و پاشان کرایە ھەمیشەیی چونکە بەھێمنی و بێ ژاوەژاو کارێکی نایابی کرد و بایرن کەسەرەتا لە پلەیەکی ناگونجاودابوو بەڵام بە سەنگینی و کاری گونجاوی ڕاھێنەرگەڕایاوە بۆ پلەی یەکەم .
سیریا A ئیتاڵیاش (پلەی سێھەم)ی پێنج گەورەکەی ئەوروپایە ئەویش ھەروەک لەم چەند ساڵەی دوایی دەیبینین یوڤانتۆس لەلوتکەدایە و جگەلە باڵادەستی خۆی تیپەکانی تریش ھەمویان دەڵێی یاری بۆ ئەو دەکەن و ھەمویان لەبەرژەوەندی ئەو یەکتری دەدەن بە زەویدا ، چەند یاری بەرامبەردەبێ و دەیشدۆڕێت یوڤانتۆس هەریەکەمە و ھەر یەکەمیش دەبێت ، ئەمەش خاڵێکی جیاکەرەوەی نەرێنیە بۆ خولی ئیتاڵی چونکە نەبونی ڕکابەری بەھێز وکێبڕکێی پڕچێژ خاڵی لاوازیە و زیانەبەتایبەتی بۆ یانەی خانمەپیرەکە . لەم سێ خولەی باسمان کرد مونافەسە وکێبڕکێ وبەربەرەکانێ زۆر کەمە تیایاندا و ھەندێ جار لە حوکمی نەبونیشدایە چونکە پێش دەستپێکی خولەکان لەھەر چاودێرێکت بپرسیایە لە خولی فەڕەنسا کێ دەبێتە پالەوان؟ لەوەڵامدا دەیوت (پاریس سان جیرمان) دووبارە لێتپرسیایە ئەی لەئەڵمانیا یەکسەر ئەیوت (بایرن میونخ) ،بتپرسیایە ئەی لە ئیتاڵیا دەیوت (یوڤانتۆس)، ئێ ئەمەش بەڵگەی کەمی کێبڕکێیەلەو سێ خولەدا .
لالیگای ئیسپانیا لەڕووی بەھێزی و کێبڕکێ و ئاست و جەماوەر لە پێش لیگا 1 و بۆندسلیگا و سیریا A وەیە چونکە کێبڕکێیەکی بەھێز ھەیە لەنێوان دوو جەمسەری زۆر بەھێز ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە و ھەندێ یانەی تریش داخڵی کێبڕکێکە دەبن ، بەڵام باڵادەستی دوو قوتبەکە پێویستی بە بەڵگەھێنانەوە نیە و ھەردوکیان زۆر دەوڵەمەندن لەڕوی ماددی و یاریزانی سوپەر ستار و جەماوەری و ھەموو ڕویەکەوە و ئەمساڵ ڕیاڵ مەدرید بەشایستەیی خولەکەی بۆ خۆی یەکلایی کردەوە و بەخاڵ و بەئاستیش بەرشلونەی تێپەڕاندو لالیگای بردەوە و گەڕانەوەی بەھێزی ڕیاڵ و ھەرەمەکی یاریکردنی بەرشلونە دوونیشانەی دوای کەرەنتین بوون کە گیانی خزمەتکردنی تیپ و یەکێتی نێو یاریزانانی ڕیاڵ ڕون و ئاشکرابوو و شپرزەیی و کەس بەکەسی و بێ سەرپەرشتیاری یاریزانانی بەرشلونەش ڕون و ئاشکرابوو و تەنانەت ھەندێ جار بەرشلۆنە ھەر ئەوەیان مابوو پەلاماری یەکتری بدەن لەبەر چاوی کامێراکان بۆیە دەست بەتاڵ دەرچون لەم وەرزە و ئەوەش لەبەردەمیاندا ماوە کە چامپێۆنزلیگە ھیچیان بۆ ناکرێ تیایدا بەم وەزعەی ئێستایانەوە وە پێویستیان بە پیاداچوونەوەیەکی گشتگیر ھەیە ، وە ڕیاڵ مەدریدیش بردنەوەی لیگای ئیسپانیا بۆی بووە فریادڕەسی وەرز چونکە ئەویش کوپادیلڕێیشی لەدەست چووە و لە چامپێۆنزلیگیش یاریەکی قورس چاوەڕێی ئەکات لەیاریگای ئیتیحاد.
ئینجا پریمەرلیگ کە بەڕای زۆربەی چاودێرانی لێزان و شارەزای تۆپی پێ لەھەموو جیھان بەھێزترین و پڕچێژترین خولی ناوخۆیی تۆپی پێیە لەجیھاندا و ئەمساڵ لیڤەرپوڵ بەشایستەیی و بەجیاوازیەکی زۆر و کۆمەڵێک ڕیکۆردەوە خولەکەی یەکلایی کردەوە ، بەھێزی ئەم خولە بەشێوەیەکە یاریەکانی تیپەکانی کە جەنگی دانەبەزین و شەڕی مانەوە لە پریمەرلیگدا دەکەن ھیچی کەمتر نیە لەیاری ئەو یانانەی کێبڕکێی سەرکەوتن بۆ خولە ئەوروپیەکان ئەکەن و ھەروەھا کە سەیری خولەکانی پلە یەک و پلەدوو دەکەیت زۆرترین یانەکانیان لە پریمەرلیگ یاریان کردوە و تەنانەت لەسەر ئاستی ئەوروپاش ئەنجامی باڵایان ھەیە (نوتینگھام فورست) بەنمونە.
پریمەرلیگ پڕچێژترین و بەھێزترین وپڕبینەرترین خولی تۆپی پێی ناوخۆییە لە جیھاندا ھەرچەندە ھەندێ جار لای خۆمان شرۆڤەکارە ناوخۆییەکان لە کەناڵە لۆکاڵیەکان وپەیجەکانیان دەڵێن خولی ئیسپانی لای ئێمە بازاری گەرمترە بەڵام لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزدا زۆر بە ڕاشکاوانە پێیان دەڵێم بۆ ئەژمارکردنی دیاردەی جیھانی ئێمە ژمارەیەکی ھێندە قورس نین لەو یەکلایی کردنەوەیەدا چونکە شرۆڤەو لێکدانەوەی خودی شرۆڤەکارەکان ولایکی پەیجەکانیان و کۆمێنتی سەر پۆستەکانیان سنووری گەرەک و شارۆچکەکانی خۆیان تێپەڕناکات ، بەڵکو ئەوە جەماوەری تۆپی پێی ئەوروپاو باشوورو باکووری ئەمەریکاو چین و ھیند ولاتانی تر و شارەزایانی تۆپی پێی جیهانی ئەمە یەکلایی دەکەنەوە ، مافی گواستنەوەو پەخشی پریمەرلیگ گەواھیدەری بەھێزی خولەکەیە ، دیارە نکوڵی لە بەھێزی لالیگاش ناکرێت بەڵام بەراوردکردن بە بەڵگەیە ، پەخشکردنی لالیگا لە کەناڵی جزیرەی وەرزشی جاران( بین سپۆرتی ئێستا)و بوونی کۆمەڵێک کۆمێنتاری عەرەبی بەناوبانگ و گونجاوی کاتی یاریەکانی کە شەو دەکران و شەویش ھەموان لە ماڵەوە بەدیار تیڤیەکانەوە بوون لە کاتێکدا(یاریەکانی پریمەرلیگ عەسران و ئێواران بەڕێوەدەچون )و ئەوکاتیش کەناڵی جە زیرەی وەرزشی مافی گواستنەوەی پریمەرلیگی نەبوو ،بەڵام لەگەڵ بەھێزی مونافەسەی ڕیاڵ و بەرشلۆنە و چونی زۆربەی ئەستێرەکانی تۆپی پێش بۆ ئەو دویانەیە بۆ بەدەستھێنانی پارە و خەڵاتی تاکە کەسی( ھەروەک چۆن ھەموو ھونەرمەندە مەزنەکانی جیھان ڕوو لە ھۆڵیوود ئەکەن بۆ داھات و ناوبانگ )و وە ڕکابەری بەھێزی میسی وڕۆناڵدۆ و زیاتر تۆخ کردنەوەی لە لایەن ماشێنێکی راگەیاندن و دەزگای زەبەلاحی بەبازاڕکردنەوە نەیانتوانی و ناشتوانن شەوق و ڕەونەقی پریمەرلیگ بشارنەوە چونکە ئەو یاریە ئاگرینانەی کە لەخولەکانی تر دەبیت وەرزێک چاوەڕێی بکەیت تا یاریەک ببینیت ئەوە لە پریمەرلیگ ھەموو ھەفتەیەک یاریەکی ئاگرین دەبینیت ئەگەر زیاتریش نەبێت .

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close