هەر زوو ووتم شێخ تەرتیبی ئەکات

سیروان حسن/ سلێمانی

لە گرانیەکەدا پۆلیسێکی ھاتوچۆ ھەبوو کە بە سەرپێچیەوە شۆفێرێکی دەگرت دوو بژاردەی دەخستە بەردەم و پێی دەوت ، سەد دینار غەرامەت بۆ بکەم بە پسوڵە یان پەنجا دینار بێ پسوڵە ، ئێ کابرای سەرپێچیکار لە ھەموو حاڵەتیکا دەیوت پەنجا بێ پسوڵە ، بەمەش کابرا پەنجادیناری بۆ دەگەڕایەوە و مۆڵەتیشی لێ نەدەسێنرا وھاتوچۆی دائیرەشی لەکۆڵ ئەبووەوە و لەگێچەڵیش ڕزگاری دەبوو ئەمە(مانشستەر سیتی )،کابرای ھاتوچۆش پارەی خۆی دەست دەکەوت و قازانجی ماددی خۆی ئەکرد ئەمیش (دادگای کاس ) ، و زەرەرمەندیش حکومەت بوو کە یاساکەی شکێنرابوو و پارەی غەرامەکەشی وەرنەگرتبوو و ھەیبەتیشی لەکەدارکرابوو ئەمیشیان (یوفا و تۆپی پێ). لابردنی سزاکەی سەر مانشستەر سیتی ئەم چیرۆکەی بیر خستمەوە ھەروەک (مۆرینھۆ )وتی ئەگەر سەرپێچی کردوە سزاکەی بۆچی بۆ لادەبەن و ئەگەر ڕاست و دروست مامەڵەی کردوەبۆ سزاتان دابوو و ئێستاش بە سزای پارەپێبژاردن لێی خۆش دەبن ، ئەمانەش ھەمووی ئەچێتە سەر شارای خەرمانی گەندەڵی و گزی وفزی ودزی و پیس خۆریەکانی ئەم بەناو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیانەی کە نمونەکەیان (دادگای CAS ) کە مێشکیان کاس کردوین بە باسی دادگەری و عەدالەت و نەزاھەت و نەزاکەت وئەمەش حاڵی دادگاکەیانە کە بووە بە بوکەڵە وشەقشەقە بەدەست منداڵە ئەمیر و جزدانە پڕ پارەکانیان و باخەڵە گەرمەکەیان دڵی ھەمویانی سارد کردۆتەوە و ژمارە بانکیە گەورەکانیان کەرامەتی ھەمویانی بچوک کردۆتەوە و ئەوەتا یاری بەیاسای یاری ئەکەن و بە پارە پیسەکانیان یاسای (پارەی پاک)ی یوفا یان خەجاڵەت و شەرمەزار کردووە ، کە لێرەداھەقە مرۆڤ ھەڵوەستەیەک بکات ، یاسای پارەی خاوێن بۆ ئەو یانانەیە کە پارەیان کەمە ، ئەگینا پارەدارەکان ناگرێتەوە ، ئەگینا ئەو گەندەڵخانەیەی (مان سیتی و سان جیرمان )سازیان کردوە لە ئەوروپای کۆماری ئیفڵاتون لە کۆریای باکوریش لێیان قبوڵ ناکرێت ئیتر یاسای پارەی خاوێنی چی !! وە ئەو ھەڵتروشکانەی گواردیۆلا لەحزوری (شێخ)دا ھیچ دەروێشێک نابینی لەھیچ شێخستانێکدا وابە بچوکی و نابوتی وخۆبەکەم زانیەوە لەبەردەمی شێخەکەیدا ھەلتروشکێ، ئیتر ئازادی چی؟!!! .
لە بەرواری ٢/١٧ی ئەمساڵدا بابەتێکم لە سایتی (یاریگاسپۆرت) *نوسینی تیایداهەموو گەندەڵی و داهات گەورەکردن و گزیەکانی مان سیتیم ڕون کردۆتەوە کەچی تازە دادگای کاس لە دەقی پاکانەکەیدا ئەڵێ بەڵگەی تەواو نیە لەسەر گەورەکردنی داهات و تەنها یاسای(٥٦)**ی هاوکاریکردن لەگەڵ لیژنەی لێکۆڵینەوەی یوفایان پێشێل کردوە و لەسەر ئەمەسزادراون بەڵام لەڕاستیدا بۆ بێدەنگ کردنی یوفا دە ملیۆن یۆرۆیان بۆ ئەویش داناوە ، لەبەرواری ٥/٢٣ ئەمساڵدا و لە هەمان سایت بابەتێکم*** بڵاوکردەوە کە تیایدا پێشبینی ئەوەم کردووەو ووتومە کە سزاکان لەسەر مانشستەرسیتی لادەبرێت وهەر لەو ووتارەدا پیرۆزبایم کردووە لە شێخ مەنسوور بۆ لابردنی سزاکە ئەویش لە ڕوانگەی بڕوابونم بەوەی دادگای کاس لەدادگای قەرەقوش و بۆکاسا و عیدی ئەمین دادگەرتر نیە بەڵام ئەمان خوێنڕێژو سەربڕنین پارەخۆر و گیرفانبڕن ، گزی و فزیەکانی ئیدارەی مان سیتی ئەقۆزنەوە بۆ کێشانەوەی زۆرترین بڕی پارە لێیان لەڕێی ھەڕەشە لێکردنیان بە سزادان و ئەوانیش ئامادەی ھەموو جۆرە سازشێکن چونکە ھەموو خراپەکاریەکانیان کردوەو بە پارەکانیان عەیب وعار و لەکەکانیان دائەپۆشن، وەک دەڵێن خەڵک ھەبووە قسەی ناشرینیان لەسەر دیوار بۆنوسیوە بە دە دیناری دایپۆشیوە ، بەڵام ئایا ئەم دادگایە بێ ئاگایە لەوەی بەم کارەی ھەموو ڕێکخراوە وەرزشیەکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە ، ھەموو یاسا و ڕێساکان دەخاتە ژێر گومانەوە ، ھەموو شەرعیەتی ڕێکخراوەکەیان عەیبدار ئەکا کە دڵنیام ڕۆژێ لە ڕۆژان وەک بلاتینی و بلاتەرو هاوشێوەکانیان لە قەفەزی دادگادا ڕایان دەگرن و سزای ئەم ھەموو خۆدەوڵەمەند کردنەیان لێ دەرئەھێننەوە و ئیشەڵڵا یاسای چاکسازی دەیانگرێتەوەو خراپەکانیان چاک ئەکاتەوە وسازیشیان ئەکات بۆ بەردەم دادگا بەڵام دادگایەکی دادوەرنەک وەک خۆیان کەناوی خۆیان ناوە( دادگای کاس) چونە وەک دەردەکەوێت کاسی ئەمان دۆلارە ، ئینجا ئافەرین دادگا زوڵم لەچەند یانەیەکی وەک لیستەرسیتی و ولڤەرھامتون بکەیت لەبەر ئەوەی ئەمان توانای دابینکردنی بڕە پارەیەکی زیاتریان نیە لە مان سیتی تابیدەن بە دادگاکە تا سزاکەی لەسەر جێگیر بکات ، ئێ خۆ قەرەقوشیش ھەر ڕێک ئەمەی کردوە ، کەسێکیان بە سێدارە سزا داوە کورتەباڵا بووە ملی نەگەیشتۆتە پەتی سێدارە ئەویان وەلاناوە و باڵابەرزێکی بێ تاوانیان ھێناوە لەجێگای ئەو کردویانە بە پەتا تەنھا لەبەر ئەوەی ملی گەیشتوەتە پەتی سێدارە . یۆرگن کڵۆپ لەپەرۆشی بۆ یاساکانی (پارەی پاک)و هەلی یەکسان دژی بڕیارەکە هەڵوێستی نواند ئەگینا بەشداریکرنی مان سیتی لە چامپیۆنزلیگی داهاتوو بۆ کڵۆپ قازانجە بەڵام ئەی یاسای پارەی خاوێن !!!! ، ئەی هەلی یەکسان و دادگەری ، باشە ئەگەر ئەو سەرپێچیانە یانەی (لایبزیک)ی ئەڵمانی بیکردایە چیان لێ ئەکردن ؟ وەڵڵا یاریزانەکانی وەک دادگای شۆڕشی کابرا ڕیزیان ئەکردن و جەنابی حاکم ئەیوت لە ژمارە ۱۰ بەولاوە ئیعدام و لە ژمارە ۱۰ بەملاوە زیندانی هەتاهەتایی ، ژمارە ۱۰ ش هاوارئەکات ئەی خۆم دادوەرەکە توڕە ئەبوو ئەیوت خوشت هەر ئیعدام . لەپشت هەموو دادوەرێکەوە نوسراوە گەر حوکمتان کرد لەنیوان خەڵکدا دادگەر بن ، کاتێک یوفا سزای مان سیتی دا (خافێر تیباس)ی سەرۆکی ڕابیتەی لالیگا وەک خۆی وتی هەناسەی ئۆخەی هەڵکێشا ، بەڵام لەدوای ئەم بڕیارەی دادگای کاس جگە لە دەربڕینی نارەزایی لە بڕیارەکە داواش دەکات دووبارە هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی ئەم دامەزراوەیە بکرێت و بەگومانە لەوەی کە دەستەیەکی شیاو و گونجاوبن بۆ تێهەڵچوونەوە بەم بڕیارە دامەزراوەییانەی جیهانی تۆپی پێ ، وە نەشی شاردۆتەوە کاتێک دەڵێت سویسرا مێژوویەکی گەورەی هەیە لەبواری ناوبژیوانی ، بەڵام دادگای کاس لەو ئاستەدا نیە .
بنەماکان لەم دادگایە بە جۆرێکی ترە و تەرازوی کێشانەی دادی ئەمان جیاوازە و بە دۆلار و یۆرۆ قەپان ئەکات ئەگینا ئەگەر تاوانبارن هەڵگرتنی سزا بۆ؟ ئەگەر بێتاوانن ۱۰ملیۆن یۆرۆسزابۆ؟.
بۆیە هەریانەیەک سزا ئەدرێت ئەوا دڵنیابێت سزای بێ پارەیی ئەدرێت ئەگینا ئەگەر شوێنی بەخشینەکە بزانێت و سەری خۆی بقەبڵێنێت ئەوا سزا بەچاوی خۆی نابینێت و ئەگەر یوفاش زاتی ئەوەی کرد سزای بدات ئەوا لە(دادگای کاس )بە یەک تێهڵچونەوە مافەکەی پێ ئەفرۆشنەوە ، ببورن بۆی ئەگێڕنەوە ، ئێ کوردیش ئەڵێ پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش ، وەک چۆن خولەچەخماخە وتی لەگەڵ وتم خولەم نەمەخفەر هەقی منی هەیە نەپۆلیس ، ئەمیش لەگەڵ وتی یاشێخم نە دادگای کاس هەقی هەیە نە یوفا بۆیە ئەڵێم هەربمێنێت و بەرقەراربێت یاسای یاری پارەی خاوێن .

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close