ئێمە لە کوێی (وەرزش)داین ؟!

 سیروان حسن / سلێمانی
وەرزش چالاکیەکی ڕۆژانەی مرۆڤی تەندروست و نۆرماڵە کە وەک ئەرکێک یان خواستێکی ڕۆژانە دەبێت ھەستێت بە ئەنجام دانی چالاکیە وەرزشیەکان لە ڕۆشتن و نەرمە ڕاکردنەوە بیگرە تا دەگاتە قورسترین جۆرەکانی وەرزش ، لەم کەرەنتین و قەدەغەی ھاتوچۆیەی ئەم دواییەدا زۆر دڵخۆش بوم بەوەی ھەموان بە نیمچە ناچاری لەبری ئوتومبیل بەپێ و پاسکیل دەگەڕاین کەئەمەش لایەنێکی ئەرێنی کەرەنتین بوو ، وەک ئەڵێن لە کەلاوەشدا گوڵی جوان ھەیە ، ئەمەی باسم کرد وەرزشی ڕۆژانەی ژیان دروستی ھەموو تاکێکی کۆمەڵگایە بەڵام وەرزش لە یانە و دامەزراوە فەرمیە وەرزشیەکاندا پێوستی و بەرنامەسازی و پلان و پەروەردەی زۆر زیاتری پێویستە کە ھەر لە سەرەتای مناڵیەوە دەست پێدەکات و لەگەل ھەڵکشانی تەمەن و تێپەڕبونی زەمەن گۆڕانکاری بەسەردادێت بەڵام بناغەوبنچینە قۆناغی منداڵیە کە سەرەتای ڕواندنی خۆشەویستی وگیانی وەرزشی و قوبوڵکردنی بەرامبەر و زۆر شتی تریش، لەگەڵ ھەڵکشانی تەمەنی یاریزان پلان وبەرنامەو ڕێبەری گونجاوی بۆ دائەنرێت کە لەلایەن کۆمەڵە شارەزا و پسپۆڕ و ئەکادیمی و وەرزشەوانی دێرین کە کۆکراونەتەوە لە دەستگایەکدا ئیتر ناوی ھەرچیەک بێت گرنگ نیە گرنگ ناوەڕۆکە، کۆکردنەوەی کۆمەڵێک خەڵکی شاڕەزا و شایستە لە ڕێکخراوێکدا ھێندە گران نیە ، ڕێکخستنی کۆنفڕانسێک ھێندە سەخت نیە ، گرتن و بەستنی کۆڕێک تەنھا بۆ بیروڕا گۆڕینەوە ھێندە قورس نیە ، کۆکردنەوەی ژمارەیەک یاریزانی ئێستاو جاران و ھەندێک ئەکادیمی ئێستا وجاران ھەندێک چاودێر و ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندنکار و میدیایی کە ئەم توێژەیان ئێستاوجارانی ناوێت چونکە ئەمەیان بەکۆن وتازەیی نیە و لەبەر نەبونی ئەکادیمیایەکی تایبەت بە میدیا و ڕاگەیاندنی وەرزشی شارەزایی لەم بوارەدا زۆربەی خۆڕسک و خواست و خولیایە ، ئیتر ئەوانەی کە خۆیان بە نابیغەی زەمان ئەزانن وا ئەزانن وێنە چرکاندن لە بەردەمی یاریگایەکی ئەوروپا ئەیکاتە ڕێبەر و ڕێنیشاندەری وەرزشی بێ ئاگا لەوەی کە جیاوازی ئێمە لەگەڵ ئەوروپا بەقەد جیاوازی ھەرێز و چیمەنی یاریگاکانی ئەوان و یاریگاکانی ئێمەیە کە لای ئەوان چیمەنی یاریگا جێگای بە فەرشی کاشان لێژ کردوە و ھەرێزی یاریگاکانی ئێمەش بێڕەنگ وبێخێر کەبەکەڵکی ڕاھێنانیش نایەت!!!، ئێمە دەبێت ئاشمان ھەبێت تا داوای ئارد بکەین ، دەبێت وەرزشمان ھەبێت تاداوای یاریزان و ڕاھێنەر و ڕاگەیاندکار بکەین ، ئێ ئێمە بەداخەوە وەرزشمان نیە یان لەجێی نەبوانە ئێ برایان ئێمە مریشکمان نەبێت ھێلکەمان لەکوێ بوو !!! ، بۆیە ئەبێت پێش ھەموو شت وەرزش بنیاد بنێین ئینجا باسی شتەکانی تر بکەین و پێش ئەوەش ئەبێت گوێ لەیەک بگرین و بۆئەوەیش کە گوێ لەیەک بگرین دەبێت یەکتر قبوڵ کەین، لەوەرزشدا دۆڕاندن قبوڵ کەین، ھەرچی وتی وانابێت دوژمن نیە ، ئەم شتانەشمان ھیچی نیە و بەم شێوەیە بڕۆین ناشمانبێت ، ئیتر باخۆمان لێ نەبێت بە ژمارە وڕەقەمی قورس لەکاتێکدا ئەوەی ھەمانە کەمێک لەسفر باڵاترە وتۆزێک لە ھیچ زیاترە ، ئیتر ناوی زەبەلاح و نازناوی قەبە ھیچ لە بارودۆخ ناگۆڕێ. چالاکیە وەرزشیەکان لەجیھاندا دوو جۆرن ، پیشەگەر و ئارەزومەند ،و لەم ساڵانەی دوایشدالەھەندێ وڵات نیمچەپیشەگەریش پەیدا بووە کە ڕێژەییە لەوڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر ، لە سیستەمی پیشەگەریدا و بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییداھەموو شتێک پارەیە وپارەکەشە بوەتە ھۆی گۆڕینی وەرزش بۆ چالاکیەکی ماددی و ڕاکردن بەدوای پارەدا، لەم سیستەمەدا وەرزش زۆر پێشکەوتوە لەھەموو ڕویەکەوە ، بەھای مرۆڤایەتی و ئەرزشی وەرزش کەمی کردوە ، و لە سیستەمی ئارەزومەندیشدا ئاستی وەرزش وەک پێویست نیە و بەھا گیانی و ئینسانیەکان باڵان ، سیستەمی نیمچە پیشەگەر ئەوە لەھەندێ وڵات پەیڕەو ئەکرێت بەتایبەتی وڵاتە عەرەبیەکان کەویستیان باڵانسێک ڕاگرن لەنێوان ئەم دوانەدا وەک خەیام دەڵێت نەتەواو کافر نە تەواو ئیسلام ،کەچی لەھەردوو جەژن بوون ، نە ئاستیان باشە و نەبەھاکانیش ماون وەک جاران ، ئەمەی لای ئێمە ھیچ لەمانە نیە و لەھیچیان ناچێ و بگرە لەھیچیش ناچێ ،جگە لەچەند ھەوڵێکی تاکەکەسی کە بێویژدانیە نادیدە بگیرێن، پاڵەوانێک ئەنجامیێکی باش ئەھێنێ ، وەرزشکارێک ژمارەیەک تۆمار ئەکات ، میدیاکارێک بەرنامەیەکی ڕێک وپێک دێنێتە ھەبوون ، ئەمانە ھەموی ھەوڵی تاکە کەسیە ،لە مێژەوە وەرزش لای ئێمە بێ سیستم و بێ ژێر خانە ،لە ھەوڵی بەکۆمەڵدا زۆر بێ سەرمایەین، لەم ڕۆژانەدا میدیاکار و ڕاگەیاندنکارێکی وەرزشی بەھەوڵ و کۆشش و گەڕانێکی زۆر بەڵگەیەکی مێژوویی ناوازەی پێ ئاشنا کردین کە وەک یەکەم ھەواڵی وەرزشی کوردی لە مێژوودا ھەژمار ئەکرێت ، سەرەڕای ئەوەی کەناڵێکی ئاسمانیش لە دەستپێکی بەرنامەکانیدا ئەو میدیاکارەی کردە میوانی سەرەکی لەبەر گرنگی بابەتەکەی ، بەڵام ئەفسووس هیچ دەستخۆشی و ھاندان و سوپاس وپێزانینێکیشمان نەدی پێشکەشی بکرێت لە میدیاکارە وەرزشیەکان بۆ ئەو ھاوپیشەیەی خۆیان، بۆ ؟ بە دڵنیاییەوە لە دوو ئەگەر زیاتر نیە یان ئیرەیی پێ ئەبەن ، یان کارەکەی بەھەند وەرناگرن کە ھەردوکیشیان خراپن ، یان مەشغوڵ و سەرقاڵی هەواڵی جیابونەوەی دایکی نیمار بوون!!!!!. بونیاد نانی وەرزش کۆمەڵێک پێویستی ھەیە کەپێش ھەموویان یەکتر قبوڵ کردن و گوێ لەیەکتر گرتن و ڕێزگرتنی بەرانبەر و قبوڵ کردنی دۆڕاندن و ڕێزگرتنی یاسا وەرزشیەکانە و وەلانانی شارشارێنە و خزم خزمێنەیە و دانانی کەسی شارەزاو شیاو لەشوێنی گونجاووشایستە و فێرکردنی پەیامی برایەتی وخۆشەویستی وگیانی وەرزشی ھەر لەمناڵیەوە ، کەئەمانەشمان نیە ھەر کاتێک ئەمانەمان ھەبوو ئینجا ئیتر پێویستمان بە قوتابخانە و ئەکادیمیای وەرزشی ھەیە ، دیارە ئەمانەمان نیە چونکە ئەگەر ھەمانبوایە ئەوا یاری نێوان یانەکانمان لە ھەموو ئاستەکاندا بەبرایانە و دۆستانە کۆتاییان پێ دەھات و ئاژاوە و ژاوەژاومان نەدەبێنی و یاری لە یاریگای بێلایەندا تەواو نەدەکرا و تیپێکمان نەدەبینی بەدەرزەن و زیاتریش گۆڵ لەخۆی تۆمار بکات بۆ بەخشینی خولەکە بەتیپێکی تر و بێبەشکردنی یانەیەکی تر بەھۆکاری ناوچەیی و شارشارێنە و زۆر وەرز ئەمە ڕویداوە . دروست کردنی وەرزشی تەندروست و ساغڵەم کار و کات و خەرجی زۆری پێویستە کە ڕەنگە لە ئێستادا قورس و ئەستەم بێت کە بەئاستەم بودجە بۆ کارە ھەرە پێویست و لەپێشەکان نیە و پەیدا نابێت، بۆ وەرزش سەختتر و زەحمەت ترە بەڵام کێشە ئەوەیە لە کاتە ئاسایی وبێ کێشە و پارەزۆری و تەخشان وپەخشانیشدا ھەر ھەوڵ نەدراوە ھەنگاوە دروست و ڕاستەکان بنرێن بۆ بونیادنانی بناغەی وەرزش کە فاکتەرێکی گرنگی کەسایەتی تاکە لەھەموو کۆمەڵگایەکدا ، تاکەکانی کۆمەڵگا سەرمایە ودەستمایەی میللەتن ،ساغ و دروستی و بەھێزیان مایەی لەشساغی و بەپێزی میللەتەکەن و وەرزشیش سەرمەشق و سەرتۆپی بەھێزی تاکە ، زەحمەتە گەلێک ببینیت بەھێز وتواناو پێشکەوتوبێت و بناغەی وەرزشی دواکەوتوو لاواز ونابوت بێت و میللەتێکیش نابینیت دواکەوتوو بێ تەن و تین و لاواز بێت و لە وەرزشدا پێشکەوتوو بەھێز و توانابێت. کاتێک وەرزشکار و ڕاھێنەر و ڕۆژنامەوان وشیکاری وەرزشی پڕۆفیشناڵ و بەتوانامان دەبێت کە وەرزشێکی گەشەسەندوو پێشکەوتومان ھەبێت وپێچەوانەکەشی ھەر وایە واتە ھەتا وەرزش گەشەنەکات و پێش نەکەوێت ھەر یاریزانێک یان ڕۆژنامەنوس ومیدیاییەک بڵێت من وا لێھاتوو واجیھانیم و واپڕۆفیشناڵ وشارەزام وەک ئەوە وایە بڵێت من ھێلکەی کەڵەشێرم ، شیری بزنی نێرم ، چونکە لە قوڕاو تۆز ھەڵناسێت ، لە شوێنی لێژا ئاو ناوەستێت، لە خەڵوزاندا گوڵەباخی سپی ناڕوێت .

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close