یوفا ڕاگەینراوێکی گرنگ سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خولەکان دەردەکات

 

لەدوایین کۆبوونەوەی خۆیدا کە لە ڕێگای ڤیدیۆ بەلایڤ بەڕێوەچوو، فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا چەندین بڕیارو ڕاسپاردەی گرنگی سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی خولەکانی ئەوروپا دەرکرد.

بەگوێرەی کۆبوونەوەکەی لیژنەی جێبەجێکاری فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا پێداگری لەسەر ئەوە دەکرێت کە پێویستە بەر لە دەستپێکردنەوەی چامپیۆنزلیگ لە مانگی 8 دا خولەکانی وڵاتانی ئەوروپا کۆتایی پێ بێت، بۆ ئەمەش هەر ڕێگا چارەیەک بگیرێتە بەر ئاساییە بەمەرجێک ڕەچاوی تەندروستی هاندەران و یاریزانان و هەموو بەشداربووان لەبەر چاو بگیرێت و کارێکی سەرەکی بێت، بەڵام پێویستە دیاری کردنی پاڵەوانی خولەکان لەسەر بنەمایی شایستەیی بێت نەک بێ تەواو کردنی یارییەکان دەستنیشان بکرێت، ئامانجیش ئەوەیە ئەو یانانە دیاری بکرێن کە بۆ پاڵەوانێتییەکانی ئەوروپا سەردەکەون.

لەلایەکی دیکەشەوە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە خراپی لایەنی دارایی زۆر لە یانەکان کرا کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا وەستانی خولەکان زیانی زۆر گەورەیان بەرکەوتوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێ فیدڕاسیۆنەکە هاوکاری دارایی پێشکەش بەو یانانە بکات کە لە خولە ئەوروپییەکان بەشدارن.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا فیدڕاسیۆنەکە ئاماژەی کردوە کە پاڵەوانەتی یۆرۆ لە 2021 بەڕێوە دەچێت بەڵام هەر لە ژێر ناونیشانی یۆرۆی 2020 دەمێنێتەوە و ناوەکەی ناگۆڕیت.

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close