دایکی نیمار و میدیای وەرزشی کوردی

 سیروان حسن / سلێمانی
بیرمەندی گەورەی عێراق ( علی الوردی) ئەڵێت نەدارترین وفەقیرترین کەس ئەوەیە کە تەنھا پارەی ھەیە وھیچی تر ، دەشڵێن ھیچ شتێک نیە بەقەدەر پارە ڕەوشتی مرۆڤ تێک بدات ، دەشڵێن ھەندێ پارەدار بەتایبەتی ئەوانەی لە کوردەواریدا پێیان ئەوترێت (نەدی و بدی وتازەپیاکەوتوو) کاتێک پارەیان ئەبێت شتی سەیر و سەمەرە ئەکەن و وادەزانن پارە ھەموو شتێکە و ھەوڵ ئەدەن تۆڵەی ژیانی فەوتاوو ڕۆژانی نەبونی و نابوتیان بکەنەوەو هەوڵ دەدەن ئاست نزمیان بە پارە داپۆشن ، بەڵام ھەموو ئەمانە چ پەیوەندیەکیان بەھەواڵی وەرزشیەوە ھەیە ؟ . لەم چەند ڕۆژەی دوایدا لە چەند کەناڵێکی ئاسمانی و تەلەفزیۆنی ناوخۆ و پێگەی وەرزشی لای خۆمان باس باسی دایکی نیمارە کە شتێکی کردوە کە باسی ناکەمەوە چونکە ھەموتان دەیزانن ، ئەوەی لای من مەبەستە ئەوەیە ئەم بابەتە چ پەیوەندیەکی ھەیە بەڕاگەیاندنی وەرزشی ، ئەگەر بێ ھەواڵییە و بێ کاریە ئەوا وەرزش ھەمووی بەھۆی کوروناوە پەکی کەوتوە ، ئەو ھەواڵە نەبونی باشترە ، وەئەگەر بەھەواڵی وەرزشیشی ئەزانن ئەوە دیوی ناشرینی وەرزشە کە بە ھۆی پارەی ھەڵڕژاوی بەرشلۆنە و باریس سان جیرمان بۆ نیمار و دەوڵەمەندکردنی خێزانەکەیان لەڕوی مادیەوە بوە بەھۆی داڕوخانیان لەڕوی بەھای ئەخلاقی مرۆڤایەتیەوە ، چونکە لەو ڕۆژەوە کە باوکی نیمار ھەستا بە کردنەوەی کۆمپانیایەکی کڕین و فرۆشتن و بڕێک پارەی بۆندی چونی نیمار بۆ بەرشلۆنەی بەگەندەڵی بۆ خۆی برد یەکسەر وازی لەدایکی ھێناوە و پاش ماوەیەک دایکیشی ڕێکخراوێکی بەسپۆنسەری نیمار کردۆتەوە و ئەو کوڕەی ناسیوە کە ئاواتی ئەوەبووە وێنەیەک لەگەڵ نیمار بگرێ ئێستا بوە بە زڕباوکی و دیارە لەداھاتودا پۆستێک وەردەگرێ لە ستافی حاشیەی نیمار و دەوڵەمەند و ناسراو دەبێت ودواتریش ئەبێت بەیەکێ کە خەڵک بیەوێت وێنەیەکی لەگەڵ بگرێ، ئەمانە ھەرھەموی لەسەر حسابی( ناسڕ خڵێفی ) خاوەنی ( پاريس سان جيرمان )و دیارە ئەویش لەسەر شانی ھەوادار و وەرزشدۆستان و عاشقانی تۆپی پێ، واتە تەنھا پارە ئەم ھەواڵە ئەبەستێتەوە بەوەرزشەوە ئەویش پارەی ناڕەوا و نادروست کەلەکولتوری ئیمەدا پێی دەوترێت (پارەی حەرام) ، واتە ھەر کەناڵ و تیڤی وپێگەیەکی وەرزشی و ڕاگەیاندنکارێکی وەرزشى لاى خۆمان باسی ئەم بابەتەی بکردایە هەقبوو لەم گۆشەنیگایەوە باسی بکردایە و ناڕەوایی ئەو پارە زەبەلاحانەی بواری تۆپی پێیان بدایە بەر لیدوان و لێکدانەوە ، نەک خۆ سەغڵەت کردن و Search کردن بە دوای ژیاننامەی بۆی فرێند یان راستتر دۆستەکەی دایکی نیمار و واشی پیشان بدەن زۆر هەوڵیان داوە بۆ دەست خستنی ئەو بەناو( زانیاری)یانە و هەروەک ئەوەی هەنگوینیان لە داردا دۆزیبێتەوە بۆ بینەرو بیسەر وخوێنەری بەستەزمانی لای خۆمان ، دەبووایە لە جێگای ئەم کارەیان بیان ووتایە ئەو ھەموو پارە ناڕەوایەی دراوە بەنیمار بوەتە ھۆی ھەڵوەشانەوەی خێزانیان لەڕوی بەھا وە و ھەڵتەکاندن و داروخانیان گەشتۆتە ئاستێک پیرۆزبایی نامۆ بۆیەک بنێرن ، وەبەزمانی حاڵ وەسف و ڕونکردنەوەی ئەو داڕمانە و داڕوخانە خێزانیەیان بکەن. تەنھا پارە ئەوحاڵەتە ئەبەستێتەوە بەوەرزشەوە کەچی ئەوەی سەیرە برادەرانی لای خۆمان بەس باسی ئەوە ناکەن و ھەر ئەوە ماوە دوعای خۆشگوزەرانیان بۆ بکەن و پێیان بڵێن پیروخەڕۆ بن بەیەکەوە ھەرچەند دایکی نیمار پیربووە و بەس خەڕۆیەکەی ماوە ، لە یەکێک لە (تی ڤی) یەکانی لای خۆماندا یەکێکیانم بینی کە زۆربەی کات بە شیکەرەوەو شرۆڤەکار خۆیمان پێ دەناسێنێت دەیووت : من دڵنیام ئەم ( پەیوەندی عیشقەی) !! دایکی نیمار هەر ساڵێک دەخایەنێت و جیا دەبنەوە ، بە وویژدانتان ئەم پێشبینیە زیرەکانەیە کاری کەسێکە بە خۆی بڵێت( شرۆڤەکاری وەرزشی ) !!!!!!. ئەم ڕوداوە ھیچ پەیوەندیەکی بەڕاگەیاندنی وەرزشیەوەنیە تەنھا ئەوە نەبێت کە ئەو پارەیەی ئەو خێزانەی ھارکردوە ھی وەرزشە ، بەڵام گوناھو ناحەقیەکی گەورەیە کەناڵی ئاسمانی موعتەبەرو تەلەفیزیونی زۆر بینەر و سایت و ماڵپەڕی ناسراوو زۆر خوێنەری وەرزشی کاتیان ئەوەندە زۆربێت خۆیان بەو شتانەوە خەریک کەن و دانیشن لەبەرنامەیا باسی بکەن و بیکەنە بابەتی وتار و لێکۆڵینەوە و کاتی خۆیان بە فیڕۆ بدەن لەئامادەکردنی بەرنامەو وتارەکانیاندا و کاتی خەڵکیش بە زایە بدەن لەسەیرکردن و چاودێریاندا و کاتی منیش کە ھێنایانمە قسە ، ئەو کەسانەی لە فەیسبوکی خۆیان بۆ زۆرکردنی لایک و شەیر و کۆمێنت بلاوی دەکەنەوە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە بەڵام لە کەناڵی ئاسمانی و تەلەفیزیۆن و سایتی موعتەبەر کە دەبنەمیوانی خێزان و ماڵەکان بەڕاستی کێشەیە بەتایبەتی بەرنامەیەکی وەرزشیم بینی هێندە بە حەماسەوە و بێ پەردە باسی بابەتەکەی ئەکرد پیاو ڕوی نەدەهات لەگەڵ خێزان وکەسە نزیکەکانی سەیری (بەرنامە وەرزشی)!!یەکەبکات ، لە بیری چوبووکە ئەو لە کەناڵێکی ئاسمانی فرە بینەرەوە بەرنامە پێشکەش ئەکات و میوانی ماڵەکان و خێزانەکانی کوردە کە قسەکردن سنوری هەیە وناکرێ بە شێوەیەک بدوێیت ڕوی ئەو زنجیرانەی سپی بکەیتەوە کەخەڵک بێزارە لە بێ پەردەیی گفتوگۆکان و هەڵسوکەوتی هونەرمەندەکان لەکاتێکدا هەموان ئەزانن کە نواندنە ، بەڵام ئەم پێشکەشکاری بەرنامەی وەرزشیە ، ئەرێ پێم ناڵێن بەرنامەی ورزشی و دایکی نیمار کوجا مەرحەبا !!!! . زۆرجار باسی ئەو بڕە پارە خەیاڵی و نامەعقولەم کردوە کە لەتۆپی پێدا ئەدرێتە یاریزان و ڕاھێنەر ، ئەوەتا قسەکەم وادەرچوو و ساغ بوەوە بۆمان کە پارەی حەرام و ناحەقی تۆپی پێ ئەو خێزانەی نیماری چی لێکردوە ، کەڵەشێرێک كەڵەشێرێکی تر بچێت بەلای مریشکەکەیا خۆی لەسەر ئەدا بەکوشت کەچی دۆلار ویۆرۆ ی بارسا و باریس وایان لەم خێزانە بەختەوەرەکردوە کە لە کەڵەشێرومریشکیش کەمتر بیرکەنەوەو بێ هەستتربن ، ئینجا کەسایەتی و خوو ڕەوشتی نیمار بەراورد بکەن لەگەڵ (بیلیە و سوکرات و زیکۆ) بزانن پارە چ ڕۆڵێکی بینیوە لە کەسایەتی و ڕەوشتیاندا، بۆیە ھیوادارم دوای کورونا ئەو پارە زەبەلاحانە کەم ببنەوە و موچە و پاداشتەکانیان کەم بێتەوە و نەبێتە ھۆی ھەڵوەشانی خێزانێکی ئاوا بەختەوەر و موحتەرم!!!!!!!!

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close