باشترینی مێژوو..!

سیروان حسن / سلێمانی

یەکێک لەپرسیارە بەردەوامەکان لە (تۆپی پێ)دا ئەوەیە ئایا باشترین یاریزانی مێژوو ھەیە ؟ ئەگەر ھەیە کێیە ؟ و چۆن دیاری کرا و لەبەرچی؟؟ بۆوەڵامی ئەمەش پێویستمان بە ئەرشیفێکی مێژوویی دەوڵەمەندە کە بەداخەوە لە لای ئێمە بوونی نیە وە هەروەها پێوویستمان بە کەسانێکی ئەکادیمی یان یاریزان و ڕاھێنەری خاوەن پێشینەی سەنگینی پراکتیکی وە پاشانیش چەند پێوەرێک کە پشتیان پێببەستین کە دەکرێت بڵێین ئەمانەن :

١ – لێھاتویی و توانای تاکەکەسی
٢-سەردەم و کاتی یاریکردن
٣- ئەنجام ودەسکەوت
٤- بەردەوامی وتەمەنی یاریکردن
٥-ڕۆڵی لەیەکلایی کردنەوەی خول و یاریە گەورەوقورسەکان.

سەبارەت بە(لێھاتویی و توانای تاکە کەسی)بەھرەیەکی خوداییە بۆ تاکەکان پەرەپێدان و ڕەخساندنی بۆ خزمەتی تیپ ئەرکی ڕاھێنەر و یاریزانەکەیە و ھیچ یاریزانێک نیە لەھەموو ڕویەکەوە باشترین بێت، چۆنیەتی یاریکردنی ھەرکەسێک جیاوازە لەوانی تر کە ڕەنگە یەکێک بە قاچەکانی باشتربێت لەوانی تر و یەکێک بە سەر یاری باشتر بکات و یەکێک بڕینی باشترە و یەکێک لە یاریسازکردندا باشترە و یەکێک لێدانی تۆپی بەھێزترە و یەکێک وردتر تۆپ ئاراستە ئەکات واتە ھەر یەکە و تایبەتمەندی جیاوازی ھەیە لەوانی تر ئەگەر بە پێی ئەم سەردەمەی ئێستا وردی کەینەوە ئەڵێین ئەوەتا دیبرۆین لەیاریسازیدا ناوازەیە و میسی لە بڕیندا ولیڤاندۆڤسکی لەھەستیاری گۆڵکردندا و ئیمپاپی لەخێرابڕینداو رۆنالدۆ لە لێدانی سەرداو ڤاندایک لە پچڕینی تۆپدا، وەک دەبینین کەس کامڵ نیە لەھەموو ڕویەکەوە،ئەمە تەنھا لەم سەردەمەدا ئەی ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو بۆشکاش و دیستیفانۆ و کوبا ویاشین وکرۆیف و پلاتینی و رۆناڵدۆکان و ڕۆناڵدینۆ ومیسی، ئەی (بێلیە و مارادۆنا)ی دوانەی مێژوو کە زۆرترین بەراوردیان لە نێواندا کراوە ، ئەمە لەکاتێکدا کە ھەندێک لەو یاریزانە نایابانەمان ھەر نەدیوە ،ئیتر چۆن بڕیار لەسەر نەدیدە بدەین لەکاتێکدا خەڵکانێک ھەن نکۆڵی لە شتی بینراو دەکەن، بۆیە ھیچ یاریزانێک نیە لە ھەموو ڕویەکەوە باشترین بێت .
ئینجا بێینە سەر (سەردەم وکاتی یاریکردن) عەرەب ئەڵێن (لکل زمن دولە و رجال) ھەر سەردەمە و دەسەڵات و پیاوی خۆی ھەیە ھەربۆیە ناکرێ ونابێت یاریزانێکی ئێستا بەراورد بکرێت بە یاریزانێکی ڕابردوو چونکە سەردەم و عەسرو زەمەنەکان جیاوازن ھەر لە یاسا و ڕێساو پێداویستی و خزمەتگوزاری ویاریگا و تەندروستی و پاداشت وھەمو شتێک ، جاران یاساکان وەک ئێستا نەبوون (بێلیە) لە جامی جیھانی ١٩٦٦ بە لێدان و عەزێت دان کرایە دەرەوە و (مارادۆنا)بە درێژایی مۆندیالەکان ئەوەندەیان لێدەدا وەک کورد ئەڵێت ئینسان دڵی کەفی دەکرد، یاریگاکان لەچاو ئەوانەی ئێستا کێڵگەی پەتاتەبوون، ھەندێ جار گۆماوو گۆلاو بون کە دوای یاری یاریزان درێسەکەی ئەبووە ڕەنگاوڕەنگی قوڕاو و ئارەق و خوێن ، گرنگی پێدانی تەندروستی وەک ئێستا نەبووە بۆ نمونە( گارانشیا)ی بەڕازیلی کە دەوترێت یەکێکە لەباشترین باڵەکانی مێژوو بە پێوەری تەندروستی ئێستا بەستەزمانە شەل بوە،( پیکنپاوەر) بە شانی پێکراوەوە دژی ئیتاڵیا لەیاری پێش کوتایی١٩٧٠ دەستی لە ملیدایە کەیاری ئەکات خۆ وەک ئێستا نەبوو کە خەویان بە دەقیقەیە و خواردنیان بەگرامەو تەندروستیان بە چرکە چاودێریکراوە و شاھانە ئەژین ھەر بۆیە بەراوردکردنی یاریزانی ئێستاو جاران نالۆژیکی و نادادییە .
دێینە سەر (ئەنجام ودەسکەوت) عەرەب ئەلێن (العبرە بالنتائج ) کوریش ئەلێت
( گوێز بەژمارە قازانجی دیارە)کەدەلێین فڵان باشترینی مێژووە ئەبێ ئەنجامەکانی شاھێدی بدەن کە باشترینە کە دەڵێین ئەوە باشترین قوتابییە ئەبێت نمرەکانی شاھێدی بۆبدەن ، من کە بڵێم فڵان کەس باشترین ڕاوچیە دەبێت ژمارەی ڕاوکراوەکانی شاھیدی بۆ بدەن ، بۆیە کەبە یاریزانێک دەوترێت باشترینی مێژوو ئەبێ ئەنجام و دەستکەوتەکانی سەلمێنەری ئەوەبن بۆ ئەمەش چەند پاڵەوانێتیەک ھەن بۆ تۆپی پێ کەدەبێت خاڵبەندی و ژماردنیان بۆ بکرێت کە گرنگترین ئەنجام (جامی جیھانە) پاشان (چامپیۆنزلیگ )و (خولی کیشوەری ھەڵبژاردەکان) و پاشان خول و جامە ناوخوییەکان ، بۆیە باشترینی مێژوو دەبێت لەبەدەستھێنانی جامەگرنگەکان بۆ وڵات و یانەکەی کۆنمرەی باشی ھەبێت و یەکلایی کەرەوە بوبێت تیایاندا چونکە دەبێت باشترینی مێژوو باشترینی مێژووی ھەڵبژاردە و یانەکەی بێت پێش ھەموو شت ئێنجا باشترینی کیشوەرەکەی و جیھان و پاشان مێژوو کە ئەمەیان گرنگتر و قورسترە ، باشترینی مێژوو کۆدەنگی لەسەرنەبێت لە خودی وڵاتی خۆیدا بەچی پێوەرێک ئەسەپێنرێت بەسەر تێکڕا و پێکڕای جیھان و مێژووش ،بێلیە ( ٣ جامی جیھانی ھەیە ) و چوارھەمیش بەلێدان و شکاندن نەیانھێشت لە١٩٦٦ ، تاوانی ئەویش نیە کە لە چامپیۆنزلیگ یاری نەکردوە ڕۆژگارەکەی وابووە ڕەنگە لە ئەوروپا یاری بکردایە ژمارەپێوانەییەکان ئێستاش زۆربەی ھی ئەوو لای ئەوبونایە، (زاگالۆ )ی بەڕازیلی لەبیلیە ڕەنگاڵەتری ھەیە ئەو جامی جیھانی وەک یاریزان وڕاھێنەر و یاریدەدەری ڕاھێنەروڕاوێژکار بەدەست ھێناوە ، (پیکنباوەر) ٢جار وەک یاریزان و ٢ جاریش وەک ڕاھێنەر گەیشۆتە کۆتایی جامی جیهانی، لە ١٩٧٤ وەک یاریزان و ١٩٩٠ وەک راهێنەر جامی جیهانی بەدەست ھێناوە، بەڵام دروست ئەوەی (مارادۆنا) جیاواز بوو ،ئەو سەرەتاکەی سالی ١٩٧٩ لە یابان بە دەست هێنانی کاسی جیھانی لاوان دەستی پێکرد و پاشان لە کاسی جیهانی١٩٨٢ ئاستی باش بوو وئینجا لە ١٩٨٦ کاسەکەی برد بەشایستەیی و لەگەل کۆمەڵێ یاریزان کە ئەو نەبوایە لە کۆریاشیان نەدەبردەوە کەئەوکاتە کوریا لاوازبوو، وەتائێستاشی لە گەڵدا بێت ئەو جامی جیهانیە بە ناوی (مارادۆنا) ناودەبرێت پاشان یانەی ناپۆلی کردە پاڵەوانی ئیتاڵیا ولەکاتێکدا لەناپۆلی یاریزانی سۆپەر و یەکلایی کەرەوە ھەر خۆی بوو تەنانەت چاودێران ئەیانوت مارادۆنا تۆپی پێی لەیاری کۆمەڵەوە گۆڕیوە بۆ یاری تاک و ئینجا ١٩٩٠ لەکاسی جیھان گەیشتەوە یاری کۆتایی و بە پەنارتیەکی گوماناوی ناوبژیوانێکی مەکسیکی لە دواساتەکانی یاریەکەدا بەئەڵمانیا دۆڕان کە یەکێکە لە یاریە ناوزڕاوەکانی کۆتایی کە بە ناحەق ئەرجەنتین تیایدادۆڕاو و فرمێسکەکانی مارادۆنا بۆئەو ناھەقیە وێنەیەکی تاڵە و ئەندریاس بریمەی خاوەن گۆڵی بردنەوەی ئەڵمانیالە ساڵی ٢٠٠٦ دانی بە نادروستی و ناهەقی پەنارتیەکەدا نا ، دیارە یاریزانی ناوازە زۆرن کە جامی جیھانیان نیە وەک کرۆیف وپلاتینی و میسی وکریستیانۆ بەڵام ھەرکەس شارەزابێت دەزانێت کاسی جیھان گرنگترین ئەنجامە لە تۆپی پیدا یاریزانێک باشترینی مێژووبیت ئەبێت مێژویەکی باڵای ھەبێت تیایدا ،پاش ئەم کاسە چامپیۆنزلیگ گرنگترین پاڵەوانێتی تۆپی پێیە لە جیھاندا کەزۆر یاریزان میژویەکی پرشنگداریان تیایدا تۆمار کردوە وەک کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و پاوڵۆماڵدینی ولیونێل میسی و سیدۆرف و دی ستیڤانۆ و گێردمولەر وزۆری تر و ھەروەھا ڕۆنالدۆ گۆڵکاری مێژویی خولەکەیشە ، ڕۆڵی ڕۆناڵدۆو میسی زۆردیارە لەم خولەدا بەڵام ڕۆناڵدو لەپێش میسیەوەیە چونکە پاڵەوانێتی زیاترە و گۆڵکاری خولەکەشە ، ئەم دوو پاڵەوانێتیە زۆر گرنگن بۆباشترینی مێژوو بە جورێک وەک نمرەی ئینگلیزی و زیندەوەرزانی وایە بۆ قوتابیەکی پۆلی شەشی ئامادەیی کە بیەوێت بچێتە کۆلێژی پزیشکی کە مەرجە لەودوانەدا نمرەی بەرزی ھەبێت دیارە زۆر ئەستێرە خاوەنی ئەم کاسە گرنگە نین لەوانە مارادۆناو ڕۆناڵدۆی دیاردە هەروەها (بێلیە) کە ھەریاری نەکردوە لە یانە ئەوروپیەکان ، دوای ئەم دوو خولەگرنگە خول و پاڵەوانیتیە کیشوەری و ناوخۆییەکان دێن بەڵام ئەم دووانە گرنگترینن کەمەرجە باشترینی مێژوو جێگای دەستی تیایاندا دیار بێت .

پاشان (بەردەوامی و تەمەنی یاریکردن )ومانەوە لەلوتکەدا کە بەدڵنیاییەوە کەس بەقەد میسی وڕۆناڵدو لەلوتکەدا ئەوەندەساڵ نەماوەتەوە کەنزیکەی ١٥ ساڵە و دیارە بونی ھەردوکیان لە یەک سەردەمدا و قوڵ کردنەوەی کێبڕکێکەیان لەلایەن ڕاگەیاندنەوەو ڕوناکی خستنەسەریان لەلایەن کۆمپانیا ودامەزراوەکانی بە بازاڕ کردنی وەرزش ڕۆڵی ھەبوە لە کێبڕکێکەدا و ئەو ھەموو ریکۆرد وخەڵات و نازناوە دوبارەبونەوەی زۆر قورس وزەحمەتە ھەرچەند باڵۆندۆر و زبێست و باشترینی مۆندیالیش بریتیە لە تێکەڵەیەک لە موجامەلە و خاتروخۆتر ولایەنگیری و بەبازاڕکردن و پارەپەیداکردن کە نمونەی زۆر زەق ھەن لەو بوارەدا وەک
شنایدەری ھۆڵندی و ئەنیستای ئیسپانی ٢٠١٠ و فرانک ڕیبیری ٢٠١٣ کە ھەموو کاسەکانی دنیایان بردبۆوە بەڵام باڵۆن دۆریان دا بەمیسی و ڕۆناڵدۆ، وەلە زەقترین ئەو موجامەلە کردنانەش لە باشترینەکانی مۆندیال ئۆلیڤەرکان ٢٠٠٢ لەیاری کۆتایی ئەڵمانیای بەدۆران دا بەڵام فیفاکردیانە باشترینی کاسی جیھان ، زیدان لەیاری کۆتایی٢٠٠٦ پاش کەللە هاویشتنەکەی بەکارتی سور دەرکرا کرایەباشترینی جامی جیھان ، دیارە چونکە (بێلیە) لە ئەوروپا یاری نەکردوە ئەم نازناوە مێژوی ئەو خەوشدار ناکات، ئەگەر لە یەکێک لە گەورەکانی ئەوروپا یاری بکردایە ئێستا چەند چامپیۆنزلیگ و باشترینی ساڵی دەبوو ؟ مارادۆنا بە نیمچە تەنهایی کاسی جیهانی برد و یەک قوللانج دوربوولە کاسی دووەم لە ١٩٩٠ وەهەر خودی خۆی بە نیمچە تەنها ناپولی کردە پاڵەوانی ئیتاڵیا ، ئەی ئەگەر لە بەرشلۆنەی سەردەمی ڕۆناڵدینهۆ و چاڤی و ئینێستا بوایە چەند چامپیۆنز و باشترینی ساڵی دەبرد؟ بەڕای من ھەرنازناوێک نابێت دووجار زیاتربەکەس بدرێت چونکە زۆر بەخشینی بە (میسی و ڕوناڵدۆ) لەسەر حسابی بێ بەشکردنی بۆفۆن و کاسیاس و چاڤی و ئینیستاو ڤاندایک ستەمێک بووە لەمان و ئەوانەی تریش ، وە کەمکردنەوەی ھەلی ھەڵکەوتن و ھەڵکشانە لەبەردەم ئەستێرەکانی تردا، دیارە (میسی و ڕۆناڵدۆ) ھەموو ساڵەکانیش بە شایستەیی نەبوون بە باشترینی ساڵ بە بەڵگەی ئەوەی یاریزانەکان پێشبڕکێیانە لەسەر چوون بۆ ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە کە بۆ بەدەستھێنانی باڵۆن دۆر ڕێگەی یاریزانانی ئەم دوو یانەیە نزیک ترە و ئاسانترە بۆیان باشترین نمونەش (لوکا مۆدریچە) کە تەنھا بەپرسیارێک باسی ئەکەم ئەویش ئەوەیە ئایا ئەگەر مۆدریچ یاریزانی یانەی ئەرسناڵ بوایە پارساڵ دەبووە باشترینی جیھان؟ .
دوا پێوەریش (ڕۆڵی یاریزانە لە یەکلایی کردنەوەی خول و پاڵەوانێتی و یاریە قورسەکاندا) كه ئەمەش وەکو ئەوانەی تر پێویستە پلەبەندی بۆ بکرێت چونکە قورسترينيان( کاسی جیھانه) مەعقول نیە (بێلیە)به حەڤدە ساڵی پاڵەوانی جامی جیهان بوبێت و ژمارەی گۆڵەکانی ناوی لە کتێبی گینسدا تۆمار کردبێت، وەک خولێکی ناوخۆیی حسابی بۆ بکرێت ، ئینجا خول و پاڵەوانێتیە کیشوەرییەکان و پاشان خولە ناوخۆییە گەورەکان پاشتر جام و کاسەکان و تا دوایی ، بۆیە ناکرێت گۆڵکاری جامی جیھان یان چامپیۆنزلیگ وەک خولە ناوخۆییەکان ئەژماردنی بۆبکرێت چونکە گۆڵ کردن لە جامی جیهان گرانە و سەختە ، ئەوەتا( میروسلاف کڵۆزە)ى ئەڵمانی گۆڵکاری مێژوی مۆندیاڵ ۱٦ گۆڵی هەیە و ڕۆناڵدۆی دیاردە ۱٥ گۆڵی هەیە بەڵام ناوی دیاردە لەچاو کلۆزە زۆر دوورە بەڵام چی ئەڵێیت لەگەڵ قەدەر وسعودیە ، هەر بۆیە لەخولە ناوخۆییەکانیش ناحەقی ئەبێت ئەگەر گۆڵکاری یان باشترینی پریمەرلیگ وەک باشترین یان گۆڵکاری بەلجیکی یان سویسری یان فەڕەنسیش حساب بکرێت چونکە ئاستەکانیان جیاوازن تەنانەت خولی ئیتاڵی و ئیسپانی و ئەڵمانی و ئینگلیزی ئاستیان جیاوازە و گۆڵ کردن و گەشانەوە تیایاندا کارێکی سەختە و قورس وگران، گۆڵکردن لە خولی ئینگلیزی قورسترە و زەحمەتتر و ڕێژەی گۆڵەکانی گۆڵکاری پریمەرلیگ کەمترن لە خولەکانی تر بە تایبەتی لالیگا بەڵگەش ئەو هەموو هاتریک و سوپەر هاتریکەی (ڕۆناڵدۆو میسی)یە لە ئیسپانیا ، وهەر لەبەرئەوەی ڕۆناڵدۆ لە زۆرترین خولی جیاواز یاری کردوە ئەزمون و ھەبونی خۆی زیاتر سەلماندووە ناھەقیە نادیدە گرتنی وحساب بۆ نەکردنی چونکە جیاوازی قوتابخانەکانی توپی پێ و جیاوازی خولی ناوخۆیی وڵاتان و خۆگونجاندن لەگەڵیاندا ئاسان و سانا نیە و تۆمارکردنی ژمارەی مێژوویی لەو خولە گەورانەدا کارێکی ناوازەی مێژووییە و لەبەرانبەردا میسی لەبەرشلۆنە میژووی نوسیوەتەوە و کارێکی ناوازە و نایابی مێژویی بۆ یانەکەکردوە و تۆمارێکی مێزوویی نوسیوەتەوە و گەورەترین کاریگەری ھەبوە لەسەر ئاست و ئەنجامی یانەکەی ، بەڵام خۆ ئەم دوانە واتە( میسی وڕۆناڵدۆ) لە ھەڵبژاردەکانیشیان
یاریزانبوون و بەشداری چەندین پاڵەوانێتیان کردوە ئەنجامەکانیان وەک یانەکانیان نیە ، دیارە ڕۆناڵدۆ لەمەیاندا تۆزێک باشترە و (جامێکی ئەوروپا و جامێکی یۆرۆ نەیشنی) ھەیە بەڵام میسی لەگەڵ ھەڵبژاردەکەی ھیچ پاڵەوانێتیەکی نیە و ئەمەش خاڵی لاوازیەتی ، کە دیارە ھیچیان لەگەڵ ھەڵبژاردەکانیان وەک یانەکانیان نین و نەیانتوانیوە ئەوەی بۆ یانەکانیان کردوە بۆ ھەڵبژاردەکەنیان بیکەن بەتایبەتی میسی .
تەمەنی تۆپی پێ نزیکە لە تەمەنی ئوتومبێل کە بزانن چەند گوڕانکاری و پێشکەوتنی تیاداھاتۆتە بوون بۆیە نالۆژیکیە بەراورد کردن لەنێوان ئاخرمۆدێل و دوا جیلی ئۆتۆموبیلێکی ئەم سەردەمە لەگەڵ ئەوانەی چلەکان و پەنجاکان چونکە سەردەمی خۆیان ئەوانیش باشترین بوون و لەداھاتودا ئەوانەی ئێستاش ئەبن بەڕابردوو ، زۆرترین بەراورد لە نێوان (بێلیە و مارادۆنا)دا کراوە کە لەدوو سەردەمی جیادا بون بەڵام چونکە میسی و ڕۆناڵدۆ لە یەک سەردەم و ساڵانێک لە یەک خولدا یاریان کردوە و فیفا ویوفا وکۆمپانیاکان و ڕاگەیاندنەکان ڕۆڵێکی گەورەیان بینی لە گەورەکردن وگەرم کردن و گڕدانی کێبڕکێی ئەو دوانە بۆ مەبەستی بازرگانی و بەبازاڕکردن وبازاڕگەرم کردن ، بۆیە بەبڕوای من باشترین یاریزانی مێژوو بوونی نیە ، چونکە ھەر بەراورد کردن لەنیوان یاریزانەکان نادروست و نالۆژیکیە ئینجا چۆن باشترینی مێژوو دیاری ئەکەیت لەکاتێکدا بەراوردکردنیان نادروست بێت ، ھەرکاتێک (ئازاترین ، بەھێزترین، جوانترین، مرۆڤی مێژوو )دەستنیشان کرا کە ناکرێت چونکە ئەو شتانە ڕێژەیین واتە ئەوەی تۆ بە جوانترینی ئەزانی لای کەسێکی تر وانیە و کەسێکی تر جوانترینە ، ئەوکەسەی لای من دەنگ خۆشترینی مێژووە لای تۆ وانیە وکەسێکی ترە وئەو یاریزانەی کەسێک بەباشترینی ئەزانێت لای کەسێکی تر وانیە و یاریزانی تر بەباشتر ئەزانێت وە ھەتا ئەم ڕێژەییە لە ناخی مرۆڤەکاندا بوونی ھەبێت ھیچ یاریزانێک نیە و نابێت بەباشترینی نەمێژوو و نە جوگرافیا.

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close