ماڵی میسی ئاوابێت…

سيروان حسن / سلێمانی

لە شانۆگەریەکدا(عادل ئیمام) خزمەتکار بوو لە ماڵێکدا و لە کاتی ئیشکردندا قاپێکی شکان، ساحێب ماڵەکە وتی ئەو قاپە زۆر گرانە و پێتی ئەبژێرم، وتی بۆ واگرانە لەوەڵامدا وتی چونکە ئیمزای ناپلیۆن ی لەسەرە، ئەویش وتی(ناپلیۆن بۆناپارت) وازی لە سوپا و جەنگ و مەمالیک ھێناوە و دانیشتوە قاپی نانخواردنی ئیمزاکردوە، ئەمەم لەو شەست فانیلەیەوە بیرکەوتەوە کە گوایە لە وڵاتێکی ناو نەھێنراو بردویانە بۆ(میسی) ئیمزای کات کە سەیریان کردوە لەناویانا ھی سەرۆک وکوڕەکەی تیا بوە، سەرۆکی کوێ ؟؟ سەرۆکی وڵاتە ناونەھێنراوەکە!!!! کە نازانم بۆ ئێوارە خوانێک، نیوەڕۆ نانێک، دەعوەتێکی بۆ نەکرد چونکە دڵنیام (میسی) بە تەقلە وڕاکردن ئەچوو، چونکە لە سعودیە و کویت و زۆربەی وڵاتانی کەنداو بردیان بۆ دەعواتی مەچبوس خواردن و ماسی و گۆشتی برژاو خواردن، لەبەرنامەی(مەجلیس)ی (خالد جاسم) دانیشت و قسەی کرد و لەسەر شەقام و یاریگاکاندا وینەی لەگەڵ ئەگیراو تەنانەت وابزانم چوبو بۆ ھەندێ ماڵی تایبەتی گەورە بەرپرسان بۆ یاریکردن لەگەڵ منداڵەکانیاندا لە بەرامبەر پارە، ئیتر ئەمە سەرۆکی کوێیە ھێندە داماوو بێدەستەڵاتە دوو درێسی خۆی و کوڕەکەی ناوکێش کردوە لەگەڵ ٥٨ درێسی تردا و بەڕێز و حورمەتەوە تەقدیمی میسی کراوە تا ئیمزایان بکات و ئەویش زۆرنەرم ونیان ومیھرەبانە وابزانم ئیمزای کردون، کێ وتی؟(دی پاوڵ )ی ھاوڕێی میسی، کەی و لەکوێ و چۆن سەرچاوەکەی نادیارە!، کورد ئەڵێ :(بە ڕێویان وت کێ شاھێدتە وتی کلکم)، دی پاوڵ ئاساییە ئەمە بڵێت و مەدح و سەنا و بە شان و باڵی میسیدا ھەڵبدات و ئەزانین بۆ، بەڵام ئەوەی نازانین بۆ ئەوەیە تۆ لە کوردوستان و لە (دەزگایەکی ناسراو) و باوەڕپێکراوو موعتەبەر بۆچی و لەبەرچی ئەم ڕیکلام و بانگەشە بەلاشە ئەکەیت بۆ ھەواڵێکی بێ سەرچاوە و بێ بناغە و بێ دایک وباوک، چۆن ئەو جێگە و پێگەیە ئەبێت ببێتە مینبەری ڕیکلام و بانگەشە و پڕوپاگەندەی مفت و خۆڕایی و بەلاش بۆ میسی کە خۆی بەپارە و پاداشتی دارایی ھەموو ئەوانە ئەکات.
ھەمومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە چێژی و تۆپی پێ پشکێکی دەگەڕێتەوە بۆ میسی، بەڵام پیاھەڵدان و زیادەڕۆیی لە مەدح و سەنایدا و دروست کردن و بڵاوکردنەوەی زانیاری وھەواڵی نادروست بۆ گەورەکردنی و بەفریشتەکردنی کارێکی ناپێویست و نادروستە چونکە ئەوەی کە بە حیساب خێرو چاکە و(ئیحسان)ی لەگەڵ دەکات و ئەیەوێت گەورەی بکات ئەیکاتە جێگای ڕەخنە و بچوک کردنەوەی ئەگینا توخوا لەم کاتە ناسکەدا کە ھەموو جیھانی پیا تێ دەپەڕێت کاڵایەکی وەک نەوت نیوە زیاتری نرخی لەدەست داوە، ئابوری جیھان بەڵا لێی داوە، خەڵک لە کەرەنتینەدایە، ھەواڵێک ئەبینیت ئەڵێت میسی ھەواڵە خۆشەکەی ڕاگەیاند!! چیە؟ وەڵا میسی و یاریزانانی بەرشلۆنە ڕازی بوون موچەکانیان کەم بکەنەوەو ھەواڵەکەش وا داڕێژراوە کە گوایە سەرچۆپیکێشی ڕازیبونەکە میسی بووە ، برا ھەواڵی چی و ئەحواڵی چی ؟ ئەوە ھەواڵ نیە چونکە موچەی ھەموو یاریزانانی دونیا بەڕاھێنەر و ھەموو کارمەندانەوە کەم کراوەتەوە ڕازی بن یان ڕازی نەبن، ئیتر بۆ ئەوەی ئەمان ئەکرێتە ھەواڵ و گرنگی زیاتری پی ئەدرێ؟ و ھەر لە ھەمان پیگەی ھەواڵیشدا لەسەر یاریزانێکی ڕکابەری میسی ئەوترێت بێ عەھد و بەڵێنە وگوایە بەڵێنی بە گۆڵپارێزی یانەی کیڤۆ داوە درێسەکەی لەگەڵ ئاڵوگۆڕبکات بەڵام کە لەیاریەکەدا پەنارتیەکەی گێڕاوەتەوە ئەویش لە تۆڵەی ئەوەدا و لەتوڕەییدا وەعدەکەی بەجێنەھێناوە و درێسەکەی پێ نەداوە، نوسەر و داڕێژەری هەردوو هەواڵەکە یەک نوسەرە، واتە هەرهەمان نووسەر یەک کەسە ئەمیان گەورە ئەکات و لەپێگەی ئەویان ئەدات، هەرهەمان نووسەریش بوو لە مۆندیالی ٢٠١٨ی رووسیادا بۆ پاساوهێنانەوە بۆ شکستی میسی لە مۆندیالدا هەواڵێکی بێ سەرچاوە و بێ بناغە و بێ دایک و باوکی لە هەفتەنامەی هەمان دەزگادا بڵاوکردەوە، چەند مانگیکیش پێش ئێستا و چەند کاتژمێرێک پێش دەست نیشان کردنی براوەی خەڵاتی (Ballon Dor)هەرهەمان نووسەرلە پەیجەکەی خۆیەوە لە فەیسبووک پڕ بەقوڕگی هاواری دەکرد(واهەست دەکەم سبەینێ بەدرێسی بەرشلۆنەوە دەچم بۆ دەوامکردن)، هەموو ئەم نموونانەی کە باسم کرد کاری هاندەرە نەک شیکار و میدیاکار و بەرپرسی سایتێکی وەرزشی یان دیسکی وەرزشی کەناڵێک!!!!!.
وەرزشکاری زۆر مەزن لە جیھاندا ھەن کە کاری زۆر گەورەیان کردوە لەو تەنگانانەدا کە جیھان گیرۆدەی بوون، کاتێک عێراق وڵاتی کوەیتی داگیرکرد و بۆ خۆپارێزی لە ھێرشی ئەمریکا و ھاوپەیمانان کۆمەڵێک ھاووڵاتی بیانی وبەتایبەت ئەمریکی بەبارمتەگرت و لەو دۆخە ئاڵۆز و قورسەدا(محمەد عەلی کلای) ھاتە لای سەدام حسێن و ئەویش بۆ ڕێز و حورمەت و گەورەیی کلای ھەندێکیانی بەو بەخشی و ئازادی کردن، ئیستاش جیھان لەتەنگژەیەکی گەورەدایە بزانین کام وەرزشکار کارێک ئەکات دوای چارەکە سەدەیەکی تر بە زیندوویی بمێنێتەوەو باس بکرێت کە بە دڵنیاییەوە ئەو یاریزانە نابێت کە بە ھەزارحاڵ ڕازی بوبێت موچەکەی کەم بکرێتەوە، یان لەو دەیان ملیۆن دۆلارەی لەساڵێکدا دەستی ئەکەوێت دەست بەرێت تەنھا ملیۆنێک ببەخشێت کە ناکاتە داھاتی چەند سەعاتێکی، لەکاتێکدا کە پارە بەخشینی ئەو خەڵکە نەبێت کە گیرۆدەی پەتای کۆرۆنا بوون زۆربەی ئەو یاریزانانە لە وڵاتەکانی خۆیاندا بە ئاستەم ژیانیان ئەگوزەرا و بە ئەستەم پارەیان چنک دەکەوت و یاریزان ھەیە لە قۆناغی منداڵیدا لە وڵاتی خۆی لە نەبونی و نەداریدا توشی بەد خۆراکی بووە و کێشەی تەندروستی ھەبووە کەچی ئێستا لەسایەی یاریکردن لە ئەوروپادا بەدەرزەن ئوتومبیلی لامبۆرجینی ئیتاڵی ھەیە و بەزەییەکی بە حاڵی ئێستای ئیتاڵیا و ئیسپانیادا نایەت، بەدەیان لیتر بۆنی گرابەھای فەڕەنسی ھەیە و دڵی بۆ ئێستای ئەو وڵاتە نابزوێت، جیھان و ئەوروپا بەتایبەتی لە گەورەترین مەترسیدایە و زۆربەی ئەستێرەکان وەک پێویست بەدەم کێشە گەورەکەوە نەچون وهیچ کەسێکیان تائێستا کارێکیان نەکردوە کە مێژوو بە خاڵێکی گەش و زێڕینی مرۆڤدۆستی بۆیان تۆمار بکات لەکاتێکدا ئەگەر تۆپی پێ و یاریکردن لە ئەوروپا نەبوایە ڕەنگە ھەندێکیان ئێستا لە وڵاتی خۆیان کارێکی ئاسایی و ژیانێکی کەمتر لە ئاساییان ھەبوایە چونکە زوربەیان ئاستێکی لاوازی مەعریفیان هەیە و زۆربەیان لە خوێندن و قوتابخانەدا تەمبەڵ و کۆڵ بوون، بەڵام لەو باوەڕەدام جیهانی پێش و پاش کۆرۆنا جیاواز دەبێت و ئەو هەلی بەخشینەی بۆیان هەڵکەوت و زوربەیان نە یانتوانی لەئاستیابن و ببەخشن ئەوە جیهانی پاش کورونا لێیان ئەستێنێت بڵام بە گەورەیی نا بە بچوکی، بە بەخشش و مرۆڤایەتی نا بە زەرەر و زیان.
ئینجا مەسەلەی پێنج دەرزەن درێسەکەی وڵاتی هین ھەرامە کە جوتێکیان ھی سەرۆک ھین و کوڕەکەی بوو سەریشیان لێ شێواندم سەرەتا وام زانی تایبەتە بە (یەکی نیسان)کە سەیری بەرواریش ئەکەم دوو ڕۆژی ڕێکی ماوە بۆیە وتم یامن مێژوەکەم لێ تێکچووە یان كاكى نووسەری ئەوهەواڵە.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close