ئەمزانی خوا قوبوڵی ناکات…

سیروان حسن / سلێمانی

زۆر دەمێکە جیھان گیرۆدەی دەستی ناعەدالەتیە و نادادی ھەموو بوارەکانی ژیانی تەنیوەوگرتۆتەوە بەشێوەیەک کە ھەموو سنورەکانی تێپەڕاندوە و ھیچ ویژدانێکی زیندوو و نیمچەمردوش بۆی ھەزم ناکرێت و پێی قبوڵ ناکرێت .
تەنھا لەبواری وەرزش وئەگەر(تۆپی پێ)بەنموونەوەربگرین دنیایەکە پڕاوپڕ لە ناعەدالەتی و نادادی بەجۆرێک کە خەریکە ئەبێتە بازاڕی کڕین و فرۆشتن و بەکۆیلەکردن و لەم بازاڕەشداچەند کۆمپانیایەکی زەبەلاح لەڕێگەی خاوەندارێتی یانەکانەوە خەریکی فرۆشتنی کاڵای چێژن واتە بووەتە دنیای چێژ فرۆشتن و تا ئەوپەڕی ئەندازە حەزوخولیای ھەوادارانی تۆپیان قۆستۆتەوە بۆ پارە پەیداکردن و بۆئەم مەبەستەش ھەموو ڕێگایەکیان گرتۆتەبەر و ھەموو بوارەکانیان قۆرخ کردوە.
یاریزانی یانە گەورە ومام ناوەندەکانی ئەوروپا زۆربەیان بۆندەکانیان دەیان ملیۆن دۆلار و یۆرۆن و دەیان یاریزانیش بۆندی سەروو سەد ملیۆن و زیاتریشیان ھەیە،جگە لەم بۆندانە موچەی ھەفتانەی زەبەلاح و پاداشتی بردنەوەکان و ڕیکلام و شتی تریش بە دەیان ملیۆن دۆلار ئەدرێت بەو یاریزانانە ، موچەی(میسی)لە ساڵێکدا نزیکەی شەست ملیۆن یۆرۆ زیاترە و وەک لێکدراوەتەوە ھەموو دەقیقەیەکی یاریکردنی نزیکەی پازدە ھەزار یۆرۆ زیاتر وەردەگرێت هەرلەئەمیشەوەبڕوانەئەوانی تریان بە پێی ناسراوی و ئاستیان پارەی گەورە گەورە وەردەگرن، لە ھەمان کاتدا مرۆڤەکان لە ھەندێ شوێنی ھەمان ئەو جیھانەی کە زۆر بە بچوک ناودەبرێت بۆ چەند دۆلارێک دەناڵێنن کە بیدەن بە خۆراکی ڕۆژانە ،لەکاتێکدا ملیۆنەھا ھاووڵاتی ئێرانی ڕۆژانە دۆلارێک کەمتریان دەست دەکەوێت ، منداڵێکی سوری کاتێک پەیامنێری کەناڵێکی عەرەبی پرسیاری لێ ئەکات ماوەی چەندە گۆشتی نەخواردوە لەوەڵامدا مناڵەکە ئەپرسێت گۆشت چیە؟ کەچی(کەریم بنزیم)ە مانگی ئەگەر (چوار)یاری بکات(نۆ)ھەلی گۆڵکردن ئەچوێنێت و گۆڵێک ئەکات و مانگی نزیکەی ملیۆنێک یۆرۆ وەرئەگرێت واتە ھەر ھەلێکی فەوتاو سەد ھەزار یۆرۆ کەوتووە!!!! ھاوڵاتیەکی چینی ڕۆژانە ئیشێکی قورسی تاقەت پڕوکێن ئەکات بە ١٠ دولار لەشارەکەیدا بەڵام یاریزانیکی وەک(ئۆسکار)ی بەڕازیلی ساڵانە نزیکەی ٢٧ ملیۆن دۆلار موچەکەیەتی لەیانەی ( شەنگەهای)لەخولی تۆپی پێی چین، خۆم لەناو( ئەڵمانیا)ی دڵی ئەوروپادا قوتابیەکی کۆلیجی پزیشکیم دی لە قاوەخانەیەک کاری ئەکرد دوای خوێندن ڕۆژانە بە٢٠یۆرۆ، ھەر لەو شارەداو لە یانەی(فرایبۆرگ)چەندین یاریزانی نیمچە نەخوێندەوار هەن کەھەفتانە(سەدان ھەزار یۆرۆ) موچەکانیانە ، ئەمە چ پێوەریکە؟!!! وە چ یاسایەکی ئەرزی یان ئاسمانی ئەمە قوبوڵ ئەکات !!!!!! .
خەلکێک بەھۆی حەز و خولیایەکەوە نەفسی چوەتە سەر وەرزشێک ولەسەر گیرفانی ئەم خەڵکە ئاشێکی ھاڕینی پارەی ڕەنج و ماندوبونی ئەمان دانراوە کە پارەی ئەم خەڵکە ئەکاتە ئارد و دەرخواردی چەند حوتێکی ئەدات کە حەزو ئارەزوی ئەم خەڵکەیان قۆستۆتەوە ئەگینا کەی ڕەوایە ڕیکلامی چواردەوری یاریگاکانی(تۆپی پێ)بە چرکە ئەژمار دەکرێ و ھەر چرکەیەکی بە گوێرەی ئاستی ئەو یاریەی کە لە یاریگاکەدا دەکرێت ئەگۆڕێ ،نرخی ڕیکلامی چواردەوری یاریگاکان و ڕیکلامی تەلەفزێۆنی لە ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە خولەکانی تۆپی پێی ئەمەریکی(NFL)و باسکە(NBA)وهۆکی سەربەفر(NHL)ویاری بیسبۆل (MLB)وتۆپی پێ(MLS)ھەر چرکەیەکی بە دەیان وسەدان ھەزار دۆلارە (بە پێی جیاوازی یاری و ئاستی تیپەکان) لەسەر گیرفانی ئامادەبوانی یاریگاکە و تەماشاکەرانی تەلەفیزیۆنەکانە، دیارترین وگەورەترین نرخی ڕیکلامی تەلەفزێۆنی لە ئەمساڵدا تۆمارکراکە بە ڕیکۆردێکی جیهانی هەژمارکرالەم بوارەدا کاتێک لەدوایاری خولی تۆپی پێی ئەمەریکی(NFL)کە یاری کۆتاییەکەی بە(Super Bowl)ناسراوەو بۆ ئەمساڵیش هەردووتیپی(کەنساس سیتی چیف)و(سان فرانسیسکۆ49)گەیشتنە یاری(Super Bowl)وکەناڵی(FOX)ی ئەمەریکی یارییەکەی دەگواستەوە،نرخی(٣٠چرکە) ڕیکلام لەکاتی یارییەکەداگە یشتە(پێنج ملێۆن و شەدسەد هەزار دۆلار).
لەم گێژاوی(کۆرۆنا)یەدالە کەناڵەکانی تەلەفزیۆنەوە کەسێکمان دی کە لە ئەمەریکاکە پێکوتەی لەسەر تاقیکرایەوە وەک (خۆبەخشێک) دیارە بۆ خزمەتی تەواوی مرۆڤایەتی ،ئەگەرلە داهاتووشداخەڵاتێکی دارایی وەربگرێت کە سەیری بڕی پاداشتەکەی ئەکەی دەبینیت ناکاتە بڕی ئەو پارەیەی کە لە (٢٠دەقیقە)دا (ئەدریان)ی گۆڵچی لیڤەرپوڵ وەری ئەگرێت ، ئەو (ئەدریان)ەی کەلیڤەرپۆڵی بەدۆڕان دا چونکە ژمارەی ئەو گۆڵانەی لێی کرا یەکسان بوو بەو شوتانەی کەئاڕاستەی کران !!!! لەئیسپانیا نەخۆش لە ڕاڕەوی نەخۆشخانەکاندا کەوتون و وردە وردە ئەخنکێن چونکە ھەناسەیان توندەو ئامێری ھەناسەدان کەمە و بەشیان ناکات و ئامێرێکی ھەناسەدان بە نزیکی(٦ ھەزار یۆرۆ)یە کە موچەی ھەفتەیەکی ھازارد دەکاتە نزیکەی (حەفتا)دانە لەو ئامێرە ئەمە لەکاتێکدا ھازارد (حەوت) یاری بە تەواوی نەکردوە بۆ ڕیاڵ !!! .
ھەندێ جار ئەمانبینی تابلۆیەکی (پابلۆ بیکاسۆ )یان (لیوناردۆ دافنشی )بەچەندان ملیۆن دۆلار فرۆشراوە لە مەزاددا یان بلیتی ئامادەبونی کۆنسێرتێکی(محمەد ڕەزاشەجەریان) یان(کازم ساھیر) یان ئاھەنگێکی موسیقی( یانی)یۆنانی بە بڕێک پارەی تاڕادەیەک زۆر بووە یان بلیتی ئامادەبونی شانۆییەکی بۆنمونە(عادل ئیمام)یان چون بۆ نمایشێکی سێرک تاڕادەیەک گران بوون بەڵام ئەوەی لە وەرزشدا ئەگوزەرێ بێ ویژدانیە تا ڕادەی گیرفان بڕین و بێ شعوریە بەرامبەر مرۆڤایەتی تاڕادەی دڕندەیی کە بە جۆرێکی وا برەوی پێ دراوە کە شەوقی لە تابلۆکانی(سلڤادۆر دالی) و دەنگی لە سیمفۆنیەکانی (مۆزارت)وڕەنگی لە شانۆگەری و فیلم و ھونەر بڕیوە و یاریگاکان وا فراوان کراون تا دەیان ھەزار کەس لەخۆ بگرن و لەناویاندا ھەناسەدانیش بە پارەیە و تەنانەت ئەو ڕۆژانەش کە یاریان تیا نیە بۆ سەردان و وێنەگرتن تیایاندا کراوەن بێگومان بەپارە وھەر یانەیەک جەماوەرێکی باشی ھەبێت یەکەم ھەنگاو یاریگاکەی فراوان ئەکات چەند بتوانرێت و ئەنتیکەخانەی گەورەی تیادەکاتەوە وجام و میدالیا ووێنەوجلوبەرگی یانەکەی تیا نمایش ئەکرێت بۆسەردانکەران بێگومان بە بڕێکی زۆر پارە ئینجا سەرپەرشتیار و نوسینگەکانی گرەو کردن و لۆتۆ و قوماربازی کە ژمارەی خەیاڵی و ناعەقڵانی تیا بەرچاوئەکەوێت و ھەر لە نزیک ئەمانەشەوە لەسەر شەقامەکانی ئەوروپا منداڵێک موسیقا ئەژەنێت و پیاوێک خۆی کردوە بە(سپایدەر)مان و کچێک وێنە ئەکێشێت و پاکەتێک یان شەبقەیەکیان داناوە تا چەند سەنتێکیان بۆ تێ فڕێدەیت و ئەم نموونەیەشم بەچاوی خۆم دیوە نزیک یاریگای (بازل)لە سویسرا.
بەم شپرزەیی و شڵەقاویەی دنیا کە ژیانی ھەموان لە مەترسیدایە ھەموو ڕۆژێک بەرپرسێکی وەرزشی (یابان) لێدوان ئەدات ودوپاتی ئەکاتەوە کە ئۆڵۆمپیاد لەکاتی خۆیا ئەکرێت پێشمان ناڵێت چۆن ؟ چۆن و لەکوێیا ھەزاران وەرزشکار لە دەیان وڵاتی جیاجیا و دەیان ھەزار ھاندەری ڕەگەز جیاجیا کۆئەکاتەوە لە شوێنێکدا و چۆن ئەمریکیەک و ھۆڵندیەک قەناعەت پێ ئەکات لەگەڵ چینیەک و ئێرانیەک دەستلەملانکەن!!! ، بەڵام زیانی ماددی دواخستنەکە ئەمەندە زۆرە ھەرئامادەنین بیریشی لێ بکەنەوە مەگەر ناچار بکرێن و دواجار پاش فشارێکی زۆر بەکشاندنەوەی چەندین وڵاتی گرنگ لە ئۆڵۆمپیاد بە نابەدڵی و ناچاری ئێستا بڕیاری دواخستنی ئۆڵۆمپیاد درا.
لەھەر کەسێک بپرسی وەرزشی ئێستا و جاران کامیان بەچیژبوو تەنھا ئەوانە ئەڵێن ئێستا کە (جاران)یان نەبینیوە، چونکە پارە ڕاستە وەرزشی گەورەکردوە بە ژمارە بەڵام لەسەربچوک کردنەوەی خۆشی و چێژ و جوانی وەرزش ، زۆرێک ئەبینم لای خۆشمان کە زۆری ژمارەکان وێردی سەرزمانیانە ، بۆندی فڵان ئەمەندەیە و موچەی ئەوی تر ئەوەندەیە ،بێ ئەوەی بۆ تەنها جارێکیش لە ڕێگای میدیای( بینراو،بیستراو،نووسراو) ئاماژەیەکیان بەوە دابێت کە هەموو ھەموی لەسەرگیرفان و باخەڵی ئەو خەڵکەیە کە گوناھەکەی ئەوەیە شەیدای وەرزشەوھەواداری تۆپی پێیە ، ئەو خەڵک وجەماوەرە پارەنەدات چۆن لە چەند کاتژمێرێکدا بڕێکی باش لە بۆندە (٢٢٢ملیۆن)یەکەی(نیمار)دەست یانە پاریسیەکە دەکەوتەوە تەنھا لە فرۆشتنی سەدان ھەزاران درێسدا کە ناوی نیماری پێوەیە !! وەلە ھەمان کاتیشدا گەنجێکی بەڕازیلی لە(نیمار) ڕۆشنبیرترو شەنگ تر لای تاوەری (ئیڤڵ)لە پاریس مەدالیا ئەفرۆشێت بۆ ڕۆژانەی(بیست یۆرۆ) و سەعاتێکیش بەدەوروخولی کڕیارەکەیدا دێت و سوپاسی ئەکات و ھەفتانەش بەو پارەیەی چنگی ئەکەوێت بە ھەندێکی بچێت بۆ سەیری (نیمار)!!! ئەگەر ئەوترێت (میسی و ڕۆناڵدۆ )و کێ و کێ خزمەتی مرۆڤایەتیان کردوە بۆ مەگەر (ئەدیسۆن و ئەرخەمیدس ومحەمەد عەلی کلای و مارکۆنی و شکسپیر و شارلی شاپلن و شەجەریان و…..) خزمەتی مرۆڤایەتیان نە کردوە کە بە هەمویان بەقەد موچەی( ۳)مانگی (میسی)یان لە خێر و بێری دنیایان نەخواردوە و بەرنەکەوتوە یان ئەگەر ئەڵێن ئەو ئەستێرانە لێهاتوو خاوەن بەهرەن بۆ مایکڵ ئەنجیڵۆ بەهرەدار بوە یان (مایکڵ باڵاک)ی ئەڵمانی، موزیسیان (یانی)یۆنانی بەهرەمەندە یان (سادیۆمانی)سەنیگالی ،(دیستۆڤیسکی) بەهرەدار بوە یان ( لیڤاندۆفسکی)پۆلەندی،(مارکێزی) نوسەر یان(لاوتارو مارتینێز)ی ئەرجەنتینی !!!!!!!!!
کورد ئەڵێت :(خوا حەقی بزنی بێ شاخ بە سەر شاخدارەوە ناھێڵێت)و ئەو ھەموو چاوچنۆکی و تێرنەخواردن و پەلاماردان وقۆرخکاری و بێویژدانیە ئەنجام وئاکامی باش و چاکی لێ چاوەڕوان نەدەکرا،ئەوە لە لای لابەلاوە بەڵایەک ھاتوە یاریگا و یانەی کردوە بە چۆڵی قوڵفە کەچی واش (یەکێتی تۆپی پێ ی ئەوروپی) بڕی (١٠ملیۆن یۆرۆ)ی تەرخان کردوە بۆ قەڵاچۆکردنی کۆرۆنا کە ناکاتە بۆندی خراپترین یاریزان لە یانەیەکی ئەوروپی کە لە ساڵێکدا (١٠ )یاری بکات ، دەک خوا لە دەستانی بەزیاد نەکات ..!!!.
دنیای وەرزش لەسەر جوانی بونیادنرا و حەز وخۆشەویستی و ڕێز بناغە وبنچینەیەتی ، لەھەمان کاتدا ھەموو وەرزشکارو وەرزشدۆستێک مافی ژیانی شایستەی ھەیە بەزیادەوە بەڵام زیادەڕۆیی لە بە ماددی کردنی وەرزشدا و بێویژدانی لە کێشانەوەی پارە لە ھەموو لایەکەوە لە جەماوەری وەرزشی کارێکی نامرۆڤانە و نادروستە،ئەمە لای منێک کە (سێ چارەکی تەمەنم) لە یاری و یاریگا و چاودێری وەرزش وڕاگەیاندنی وەرزشیدا سەرف کردوە ئەی ئەبێ لای خەڵکێکی تر چۆن بێت کە ئەبینن زۆر لە (ھونەرە جوانەکانی مرۆڤایەتی) لافاوی (تۆپی پێ )بردونی و زۆربەیان سوتاون بەئاگری بێ جەماوەری و بێنازی ، بەڵام لەو بڕوایەدام (کۆرۆنا )ھەندێک شتی بنچینەیی بگۆڕێت لەدنیادا بە جۆرێک کە (جیھانی دوای کۆرۆنا) جیاواز ئەبێت لە زۆر شتدا و لەوانەش وەرزش و بەتایبەتی (تۆپی پێ ).

بابه‌تی هاوشێوه‌

بابەتی زیاتر

Close
Back to top button
Close