لە یۆڤێنتۆس داوا دەکرێت چیدیکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لێدانی راستەوخۆ جێبەجێ نەکات

بەهۆی ئەوەی تاکو ئێستا نەیتوانیوە هیچ گۆڵێک بە لێدانی راستەوخۆ بۆ یۆڤێنتۆس بکات، داوا دەکرێت چیدیکە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لێدانی راستەوخۆ جێبەجێ نەکات، بەڵام ماوریزیۆ ساری رایەکی دیکەی هەیە.

لە دەستپێکی وەرزی رابردووەوە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە کۆی 28 لێدانی راستەوخۆ نەیتوانیوە هیچ گۆڵێک بۆ بیانکۆنێری بکات، لەکاتێکدا 19 جار شووتەکانی بەر دیوار کەوتوون، تەنیا حەوت تۆپی بۆ ناو گۆڵ بووە، ئەوانیش لەلایەن گۆڵپاریزەکانەوە بەرپەرچدراون.

ماوریزیۆ ساری، راهێنەری یۆڤێنتۆس لەبارەی وەرگرتنەوەی لێدانی راستەوخۆ لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەڵێت ‘لە یۆڤێنتۆس هەریەکە لە مێرالیم پیانیچ و کریستیانۆ رۆناڵدۆ راستەن و لە نێوان خۆیان بڕیار دەدەن هەر جارێک کامیان لێدانی راستەوخۆ جێبەجێ بکات، کریستیانۆش لەسەر جێبەجێکردنی لێدانە راستەوخۆیەکان بەردەوام دەبێت، دیبالاش دەتوانێت لە لای چەپ لێدانی راستەوخۆ لێبدات’.

پیانیچ حەوتەم باشترین یاریزانە لە مێژووی سێریا ئەی لە رووی جێبەجێکردنی لێدانە راستەوخۆیەکان، تاکو ئێستا 15 گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ کردووە، هاندەرانی یۆڤی داوا دەکەن پیانیچ لەجیاتی کریستیانۆ لێدانی راستەوخۆ جێبەجێبکات، لەکاتێکدا دۆن لە کاروانی وەرزشی خۆی 54 گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ کردووە.

 

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close