هەموو شتێك دەربارەی وێمبڵدۆن بزانە: (تایبەتمەندی، ڕیزبەند، ڕیکۆرد، مێژوو)

تایبەتمەندی وێمبڵدۆن: ئاماده‌کردنی ڕوه‌ند حسن

* وێمبڵدۆن تاکە گراندسلامە کە لەسەر یاریگای چیمەن بەڕێوەدەچێت، پێشتر زۆربەی پاڵەوانیەتیەکان لەسەر چیمەن بەڕێوەدەچوون بەڵام دواتر گۆڕان بۆ تارتان و بەشێکی تریان بۆ گڵ وەکو ئەمریکای کراوە و ئستوڕالیای کراوە کە پێشتر لەسەر چیمەن ئەنجام دەدران دواتر گۆڕان بۆ تارتان بەڵام وێمبڵدۆن هەر وەکو خۆی ماوەتەوە و لەسەر چیمەن بەڕێوەدەچێت.

* پۆشینی جلی سپی بۆ هەموو یاریزانەکان، کە ئەمە یاسایە و پێویستە هەموو یاریزانەکان پەیڕەوی بکەن، ئەو تایبەتمەندیە تەنها لە وێمبڵدۆن هەیە و لە تەواوی پاڵەوانیەتیەکانی تر یاریزان ئازادە چ جۆرە ڕەنگێك هەڵدەبژێرێت بۆ جلەکانی.

* جگە لە یاریزانەکان ناوبژیوانەکانیش جلی تایبەتیان هەیە، لەکاتی دادوەریکردنی یارییەکان دەیپۆشتن.

* یاریزانە پیاوەکان ناو دەهێنرێن بە (gentleman) واتا پیاوێکی خانەدان و ئافرەتانیش ناو دەبردرێن بە (ladies) واتا خاتوون.

* بە پێچەوانەی هەموو پاڵەوانیەتیەکانی تر تەنها وێمبڵدۆن ڕیکلامی تێدا نییە.

* کاتێك یاری تەواو دەبێت پێویستە هەردوو یاریزان بەیەکەوە بچنە دەرەوەی یاریگا ئەگەر شای بەریتانیاش لە یارییەکە ئامادە بوو دەبێت هەردوو یاریزان سڵاوی لێبکەن و بە چەمانەوەیەك ڕێزی لێبگرن.

* وێمبڵدۆن بەڕێوەدەبرێت لەلایەن AELTC کە کورتکراوەی (all england lawn tennis club)ە کە ساڵی 1868 دامەزراوە و چەند جار گۆڕانکاری بەسەر ناوەکەیدا هاتووە.

* لەکۆی 540 کوڕ و کچ کە لە قوتابخانەکانەوە دەهێنرێن 250یان هەڵدەبژێردرێن وەك (ball boy) و (girl boy) کە تۆپ دەدەن بە یاریزانەکان و لەکاتی تەواو بوونی خاڵەکان خاولیان پێدەدەن تا دەم چاویان ووشك بکەنەوە .

* لەناو یاریگای سەرەکی بەشێك هەیە بەناوی ڕۆیاڵ بۆکس کە لە 74 کورسی پێکهاتووە تایبەتە بە کەسانی ناودار و شای بەریتانیا و خێزان و هاوڕێکانی.

* تیکێتی یاری کۆتایی لە یاریگای سەرەکی نزخەکەی 210 پاوەندە.

* خواردنەکانی وەك فراولە بە ئایسکرێم و سانویچ و زەڵاتە دیارترین خواردنی وێمبڵدۆنن.

* پاڵەوانی ئاستی پیاوان و ئافرەتان لە خوانێکی ئێوارە بەشداری دەکەن و بەیەکەوە دانس دەکەن لە (گایڵد هۆڵ).

* پاش تەواو بوونی وێمبڵدۆن 346 هەزار پاوەند لە داهاتی تکیتەکان دەچێتە سەر هەژماری وێمبڵدۆن بۆ کاری خێرخوازی.

* چیمەنی یاریگاکانی وێمبڵدۆن 8 ملی مەتر بەرزە.

* ساڵانە پێش دەستپێکردنی وێمبڵدۆن 50 هەزار گوڵ و سەوزایی دەڕوێندرێت لە کۆمەڵگای وێمبڵدۆن.

* وێمبڵدۆن تاکە پاڵەوانیەتی تاکی هەموو وەرزشەکانە کە زۆرترین کارمەندی هەبێت، 6000 کارمەندی هەیە لە هەموو بەشەکان.

* کۆی خەڵاتە داراییەکانی وێمبڵدۆن دەگاتە 34 ملیۆن پاوەند کە زۆرترین خەڵاتی داراییە لە هەموو پاڵەوانیەتیەکانی تێنس،
هەروەها یاریزانی براوەی تاکی پیاوان و ئافرەتان بڕی 2 ملیۆن و 250 هەزار پاوەند وەردەگرن.

* وێمبڵدۆن ڕیزبەندی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ 32 باشترین یاریزانی ڕیبەندی ATP کە تاکە پاڵەوانیەتیە ڕیزبەندی تایبەت بەخۆی هەبێت هەر بەپێی ئەو ڕیزبەندە ڕۆجەر فێدرێر بە پلەی یەکەم بەشداری دەکات ئەگەرچی نادال لە ڕیزبەندی ATP بە جیاوازی 50 خاڵ لەپێش فێدرێرە.

ڕیزبەندی وێمبڵدۆن:

وەك ئاماژەم پێکرد وێمبڵدۆن تەنها پاڵەوانیەتیە کە ڕیزبەندی تایبەت بەخۆی هەبێت بۆ 32 باشترین یاریزان لە ڕیزبەندی ATP.
چۆنیەتی پڕۆسێسی ڕیزبەندییەکە بەم شێوەیە:

1- خاڵەکانی ڕیزبەندی ATP وەردەگیرێت لە 25ی مانگی 6.
2- %100ی ئەو خاڵانە وەردەگیرێت کە یاریزانەکە لە 12 مانگی ڕابردووی وەرزی چیمەن کۆی کردووەتەوە کە لە پێش بەرواری 25ی مانگی 6ی 2018 هەژمار دەکرێت.
3- %75ی خاڵی باشترین ئەنجامی وەرزی چیمەنی یاریزانەکە وەردەگیرێت لە 12 مانگی ڕابردوو کە لە پێش بەرواری 25ی مانگی 6ی 2018 هەژمار دەکرێت.

ڕیکۆردەکانی وێمبڵدۆن:

* لە ئاستی پیاوان ڕۆجەر فێدرێر 8 نازناوی بەدەستهێناوە کە زۆرترینی مێژووی وێمبڵدۆنە لەسەر ئاستی پیاوان.

* لەسەر ئاستی ئافرەتانیش مارتینا ناڤراتیلۆڤا 9 نازناوی بەدەستهێناوە کە زۆرترینی مێژووی وێمبڵدۆنە لەسەر ئاستی ئافرەتان.

* خێراترین سێرڤ لە مێژووی وێمبڵدۆن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010 کاتێك تایلۆر دانتی ئەمریکی بە خێرایی 148 میل لە کاتژمێرێك سێرڤێکی لێدا.

* لە ئافرەتانیش ڤینۆس ویلیامز خێراترین سێرڤی ڕیکۆرد کردووە کە ساڵی 2008 سێرڤێکی بە خێرایی 129 میل لە کاتژمێرێك لێدا

* درێژترین یاری لە مێژووی وێمبڵدۆن یاری نێوان جۆن ئیسنەر و نیکۆلاس ماهوت بوو ساڵی 2010 کە 11 کاتژمێر و 5 خولەکی خایاند و بە سێ ڕۆژ تەواوکرا، لە هەمان کاتدا درێژترین یاری مێژووی تێنسیشە.
تەنها سێتی پێنجەم 491 خولەکی خایاند و بە 138 گەیم تەواو بوو کە زۆرترین کات و زۆرترین گێمی تێدا ئەنجام دراوە لە مێژووی تێنس،
لەم یارییەدا 980 خاڵ ئەنجامدرا ماهوت 502 خاڵی بەدەستهێنا و ئیسنەر 478، لەگەڵ ئەوەشدا ئیسنەر یارییەکەی بردووە،
هەر لەم یارییە 123 تۆپ بەکار هات کە زۆرترین تۆپە بەکارهێنرابێت لە مێژووی تێنس بۆ یاریێك،

* جۆن ئیسنەر لەم یارییە توانی 113 ئەیس لێبدات کە ژمارەی پێوانەییە لە وێمبڵدۆن و مێژووی تێنس.

* گۆران ئیڤانسیڤیچ ساڵی 2001 زۆرترین ئەیسی هەبووە لە مێژووی پاڵەوانیەتیەکە کاتێك 212 ئەیسی لێداوە لە تەواوی پاڵەوانیەتیەکە.

* لە ماوەی 131 ساڵ لە بەڕێوەچوونی وێمبڵدۆن تەنها 8 جار پاڵەوانیەتیەکە تەواو کراوە بەبێ ئەوەی یارییەکان بووەستێت بەهۆی باران بارین.

* ڕۆجەر فێدرێر و بیۆرن بۆرگ تەنها دوو یاریزانن لە سەردەمی کراوەی تێنس کە نازناوەکەیان بردووە بەبێ ئەوەی هیچ کۆمەڵەیەك بدۆڕێنن
ڕۆجەر فێدرێر لە 2017
بیۆرن بۆرك لە 1976.

* ساڵی 2001 گۆران ئیڤانسیڤیچ ڕیزبەندی 125 بوو بە کارتی بانگهێشت بەشداری وێمبڵدۆنی کرد و نازناوەکەی بەدەست هێنا.
* بچووکترین یاریزان کە نازناوەکەی بەدەستهێنابێت بۆریس بێکەر بوو ساڵی 1985 لە تەمەنی 17 ساڵی

* گەورەترین یاریزان کە نازناوەکەی بەدەستهێنابێت ئارثۆر گۆر بوو کاتێك ساڵی 1909 لە تەمەنی 41 ساڵی نازناوەکەی بردەوە.

مێژووی وێمبڵدۆن:

* بە کۆنترین پاڵەوانیەتی مێژووی تێنس دادەنرێت کە ساڵی 1877 بۆ یەکەم جار پاڵەوانیەتیەکە لەسەر ئاستی پیاوان بەڕێوەچوو، دواتر ساڵی 1884 بۆ یەکەم جار لەسەر ئاستی ئافرەتان بەڕێوەچوو.

* ساڵی 1908 یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە کۆمەڵگەی وێمبڵدۆن بەڕێوەچوون.

* ساڵانی 1915 و 1916 و 1917 و 1918 وێمبڵدۆن بەڕێوەنەچوو بەهۆی جەنگی یەکەمی جیهان.

* ساڵی 1922 بۆ یەکەم جار ڕێگایەكی بچووك دانرا لە نێوان یاریگاکان تا خاڵکی بتوانن بە ئارەزووی خۆیان سەیری ئەو یارییە بکەن کە حەزیان لێیەتی.

* ساڵی 1924 بۆ یەکەم جار یاریگای ژمارە 1 کرایەوە.

* ساڵی 1937 بۆ یەکەم جار پەخشی تەلەفزیۆنی زیادکرا بۆ یارییەکانی وێمبڵدۆن.

* ساڵی 1940 بەهۆی جەنگی دووەمی جیهان بۆمبێك بەر یاریگای سەرەکی کەوت.

* ساڵانی 1940 و 1941 و 1942 و 1943 و 1944 و 1945 وێمبڵدۆن بەڕێوەنەچوو بەهۆی جەنگی دووەمی جیهان.

* ساڵی 1968 وێمبڵدۆن بوو بە پاڵەوانیەتیێکی کراوە واتا یاریزانی هەموو ووڵاتەکان بۆیان هەبوو بەشداری تێدا بکەن.

* ساڵی 1997 یاریگای ژمارە 1 نۆژەن کرایەوە.

* ساڵی 2001 پێشەوەی یاریگای سەرەکی نۆژەن کرایەوە.

* ساڵی 2007 بۆ یەکەم جار ئامێری هۆك ئای (چاوی باز) زیادکرا بۆ یاریگاکانی وێمبڵدۆن.

* ساڵی 2009 بۆ یەکەم جار سەقفی جوڵاو زیادکرا بۆ یاریگای سەرەکی.

* ساڵی 2011 ماستەر پلانێکی نوێ جێبەجێ کرا بۆ کۆمەڵگەی وێمبڵدۆن و هەندێك چاکسازی لە کۆمەڵگاکە کرا.

* ساڵی 2012 یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد لە لەندەن بەڕێوەچوو و یاری تێنسیش لە کۆمەڵگەی وێمبڵدۆن بەڕێوەچوو ئەوکات فێدرێر نازناوی وێمبڵدۆنی بەدەستهێنا لە یاری کۆتایی لە ئەندی مۆڕای بردەوە بەڵام لە ئۆڵۆمپیادی لەندەن ئەندی مۆڕای لە ڕۆجەری بردەوە و مەدالیای ئاڵتونی بۆ بەریتانیا دەستەبەرکرد.

* ساڵی 2017 کارکردن دەستیپێکرد بۆ زیادکردنی سەقفی جوڵاو بۆ یاریگای ژمارە 1 و ئەمساڵ کاریپێدەکارێت.

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close