ڕۆما وه‌كو تیپێكی ته‌كتیكی گه‌وره‌

نووسینی: هه‌وراز كاوه‌ (شرۆڤه‌كاری تۆپی پێ)

له‌م ساڵانه‌ی دوایی تا ئه‌ندازیه‌ك هه‌موو ته‌ماشای خولی ئینگلیزی ده‌كه‌ین و به‌ باشی ڕاهێنه‌ر و یاریزانه‌كانی ده‌ناسین، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ناسروشتیبوو ئه‌م وه‌رزه‌ گه‌یشتنی یانه‌ی ڕۆما بوو به‌ قۆناغی چواری خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا، یان بینه‌ری ئێمه‌ كه‌متر یاریزانان و كاستی ڕاهێنه‌رانی ئه‌و تیپه‌ ده‌ناسن، چونكه‌ له‌م كاته‌دا خوله‌كانی دیكه‌ هه‌مووانی داگیركردووه‌، به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی نوسه‌ر ده‌بێت به‌ به‌رده‌وامی ئاگامان له‌ هه‌موو جموجۆڵه‌ تاكتیكییه‌كانی پێنج خوله‌ گه‌وره‌كه‌ی ئه‌وروپا بێت، ده‌یشزانم ئێستا زۆرێكتان پێتانخۆشه‌ شێوه‌ی یاری یانه‌ی ڕۆما و ئاستی ئه‌و یانه‌یه‌ به‌ر له‌ یارییه‌كه‌ی یانه‌ی لێڤه‌رپوول بزانن، كه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ جۆرێك له‌ خۆشی و چێژ له‌م قۆناغه‌دا به‌دی ده‌كرێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی چواره‌ی سه‌ركه‌وتوو هه‌ریه‌كه‌ی یانه‌ی وڵاتێكن.

یانه‌ی ڕۆما هاوشێوه‌ی ڕكابه‌ره‌كه‌ی چه‌ند یاریزانێكی ناسراوی كه‌می هه‌یه‌، به‌ڵام به‌كۆی ده‌نگی هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌ی ئاست و لایه‌نی ده‌روونی ئه‌و تیپه‌ جیا ده‌كاته‌وه‌ له‌ یانه‌كانی دیكه‌ ئاسووده‌، یاریكردنی كۆی یاریزانه‌كانه‌ له‌سه‌ر یاریگای ئۆڵۆمپی، هه‌روه‌ها ڕاهێنه‌ری یانه‌كه‌ دی فرانچیسكۆ كه‌متر په‌یوه‌سته‌ به‌ شێوه‌ پلانێكه‌وه‌، ئه‌و زیره‌كانه‌ به‌پێی توانستی تیپی به‌رامبه‌ر و ترسناكی هێرشبه‌ره‌كان ته‌كتیكی خۆی داده‌ڕێژێته‌وه‌، بۆ وێنه‌ له‌ به‌رامبه‌ر یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ شێوه‌ی ته‌كتیكی خۆی گۆڕی بۆ (3 – 5 – 2) كه‌ به‌ سێ‌ یاریزانی به‌رگری له‌ قوڵایی یاریگا یاریی ده‌كرد، ئه‌مه‌ش وایكردبوو هیچ جوڵه‌یه‌كی خێرا و ترسناك و هه‌ڵه‌ نه‌كرێته‌ سه‌ر گۆڵپارێزی یانه‌كه‌ی.

كاتێك تۆ په‌یوه‌ستی به‌لایه‌نی به‌رگرییه‌وه‌، چاكترین خاڵ سوود وه‌رگرتنه‌ له‌ تۆپه‌ وه‌ستاوه‌كان، فرانچیسكۆ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و سوود وه‌رگرتن له‌ تواناكانی ئیدین دیجیكۆ له‌ ڕێگای هه‌ر سێ‌ یاریزان (پاتریك شیك و كۆلارۆڤ و فلۆرێنزی) له‌ سه‌ره‌تای وه‌رزه‌وه‌ دوای ئاڵوگۆڕێكی كه‌م تۆپه‌كه‌ ده‌خرێته‌ لاكان و به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ بۆ بۆكسی تیپی ڕكابه‌ر و چه‌ندین گۆڵیشیان به‌و جۆره‌كردووه‌، كه‌ یانه‌ی لێڤه‌ریش له‌ كۆنتڕۆڵی تۆپی هه‌وایی لاوازن به‌ تایبه‌تی هه‌ردوو یاریزان (ڤان دیك و لۆڤرین)، هه‌روه‌ها یانه‌ی ڕۆما شێوه‌ی یاریكردنی خاوه‌، له‌ كاتێكدا تیپه‌كه‌ی ئه‌نفێڵد به‌بوونی سیانه‌ی پێشه‌وه‌ ده‌توانن ڕووبه‌رێكی گه‌وره‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن بۆ دروستكردنی جیاوازی، كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ خاڵی لاوازی گورگه‌كان داده‌نرێت.

له‌م ماوه‌یه‌ی دوایی پێشكه‌وتنی زۆر له‌ هێڵی به‌رگری ڕۆمادا به‌دیده‌كرێت، به‌ تایبه‌تی ڕاهێنه‌ر به‌ دانانی سێ‌ یاریزانی دڵی به‌رگری كه‌متر گوشاری له‌سه‌ر گۆڵپارێز داناوه‌ به‌ بوونی ئه‌ستێره‌كانی وه‌كو: (فازیۆ، مانۆلاس، جوان جیسۆس) كه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ شاشی و پڕنه‌كردنه‌وه‌ی جێگا بۆشه‌كان، یان هه‌ڵه‌ كه‌متر بكرێت له‌ یاریی گه‌ڕانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌.

به‌ كورتی: ئه‌م پلانه‌ی دی فرانچیسكۆ هێنده‌ی لایه‌نی به‌رگری پێویسته‌ ئه‌وه‌نده‌ جه‌خت له‌ هێرشكردنه‌وه‌ ناكاته‌وه‌، مه‌گه‌ر ته‌نیا له‌ گێمی دووه‌م به‌هۆی یاریزان ئۆندیره‌وه‌ خێرایی بۆ شێوه‌ یاریی تیپه‌كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ و گوشار بخاته‌ سه‌ر به‌رگری لێڤه‌رپوول، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات گورگه‌كانی ئیتاڵیا له‌ڕووی پێكهاته‌وه‌ گه‌وره‌ نین، به‌ڵكو ڕاهێنه‌رێكی هونه‌ری زیره‌ك، وه‌كو كارتێكی گه‌وره‌ تیپه‌كه‌ی ده‌جوڵێنێت.

Tags

بابه‌تی هاوشێوه‌

Back to top button
Close