راپۆرت.. بۆ یه‌كه‌مجار یانه‌یه‌كی كوردستانی ده‌بێته‌ پاڵه‌وانی جامی یه‌كیه‌تیی ئاسیا ؟

10389191_717759601610402_228095247975579316_nیاریگا – يانه‌ی هه‌ولێر بۆ دووه‌مجار له‌ مێژووی خۆیدا خۆی گه‌یاندۆته‌ یاریی كۆتایی جامی یه‌كیه‌تی ئاسیا، دوای شكستهێنانی له‌ ساڵی 2012 كه‌ به‌ یانه‌ی كوێتیی كوێتی دۆڕا، یانه‌ كوردستانییه‌كه‌ رۆژی 18 ـی ئه‌م مانگه‌ چاوی له‌وه‌یه‌ بۆ یه‌كه‌مجار وه‌كو یانه‌یه‌كی كوردستانی ببێته‌ پاڵه‌وانی دووه‌م به‌هێزترین پاڵه‌وانیه‌تی كیشوه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ی جیهان.

له‌ دوبه‌ی مێژوو شیرین ده‌بێت یان تاڵ ؟

رۆژی 18ـی ئۆكتۆبه‌ر/تشرینی یه‌كه‌م له‌ دوبه‌ی له‌ یاریگای (مه‌كتوم بن راشد) به‌ ناوبژیوانیه‌تی كیم دۆنگ جینی كۆریای باشوور له‌ یاریی كۆتایی جامی یه‌كیه‌تی ئاسیادا رووبه‌رووی یانه‌ی قادسیه‌ی كوێتی ده‌بێته‌وه‌، كه‌ پێشتر یانه‌ كوردستانییه‌كه‌ له‌ ناو یاریگای خۆی له‌ ساڵی 2012ـدا  4-0 به‌ یانه‌ی كوێتیی كوێتی دۆڕاوه‌و پاسه‌وانانی قه‌ڵا له‌و یارییه‌دا چاویان له‌ نووسینه‌وه‌ی مێژووه‌.

یانه‌ی هه‌ولێر یه‌كه‌مین یانه‌ی عێراقییه‌ دوو جار له‌ مێژووی جامه‌كه‌دا بگاته‌ یاریی كۆتایی، به‌ڵام ئیمپراتۆر چاوی له‌ نووسینه‌وه‌ی مێژووێكی گه‌وره‌تره‌و كوڕانی هه‌ولێر ده‌یانه‌وێت به‌ به‌ده‌ستهێنانی جامه‌كه‌ گرێكوێره‌ی كوێتییه‌كان بكه‌نه‌وه‌و بۆ یه‌كه‌مجار كیشوه‌ری ئاسیا به‌ زمانی كوردی بدوێت.

له‌ ساڵی 2012 كاتێك یانه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگای فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری له‌ یاریی كۆتاییدا میوانداریی یانه‌ی كوێتیی كوێتی كرد، پاسه‌وانانی قه‌ڵا شۆكێكی گه‌وره‌یان تووش هات و مێژووێكی تاڵیان له‌سه‌ر ده‌ستی كوێتییه‌كان بۆ نووسرایه‌وه‌، به‌ڵام كوڕانی هه‌ولێر ده‌یانه‌وێت له‌ دوبه‌یه‌وه‌ مێژووێكی شیرین بنووسنه‌وه‌و یادگارییه‌كی خۆش تۆمار بكه‌ن.

هه‌ولێری “قه‌رزدار” راوه‌ستانی نییه‌ !

به‌هۆی ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی تووشی هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌، یانه‌ی هه‌ولێر دووچاری بارێكی دارایی سه‌خت هاتووه‌و قه‌رزه‌كانی گه‌یشتووه‌ته‌ چه‌ند ملیارێك، به‌ڵام خۆڕاگریی ده‌سته‌ی كارگێڕیی یانه‌كه‌ی پایته‌خت و له‌خۆبوردوویی راهێنه‌ر و یاریزانانی یانه‌كه‌ی وایكردووه‌ زه‌ردپۆشه‌كان پێچه‌وانه‌ی باره‌ داراییه‌كه‌یان، ئه‌نجامی كه‌م وێنه‌ به‌ده‌ست بهێنن و بگه‌نه‌ یاریی كۆتایی.

به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ یاریی كۆتایی یانه‌ی هه‌ولێر وه‌كو تیپی میوانداریكه‌ر ده‌ناسرێت، به‌ڵام به‌هۆی خراپی بارودۆخی به‌شێكی هه‌رێمی كوردتان یارییه‌كه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ ناچێت و به‌رپرسانی یانه‌كه‌ دوبه‌یان ده‌ستنیشانكردووه‌و خه‌رجییه‌كی زۆریش ده‌كه‌وێته‌ یانه‌كه‌، له‌ كاتێكدا ماوه‌یه‌كی زۆره‌ یانه‌ كوردستانییه‌كه‌ به‌قه‌رز به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و به‌رپرسانی یانه‌كه‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ له‌ هه‌وڵداندان بۆ دابینكردنی خه‌رجییه‌كانی یاریی كۆتایی و پێدانی به‌شێك پاره‌ به‌ یاریزانان، كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ بڕی گرێبه‌ست و مووچه‌كانیان وه‌رنه‌گرتووه‌.

ئه‌گه‌ر یانه‌ كوردسانییه‌كه‌ ببێته‌ پاڵه‌وانی ئاسیا ئه‌وا 300 تا 400 هه‌زار دۆڵار وه‌كو خه‌ڵاتی پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ وه‌رده‌گرێت، خۆ ئه‌گه‌ر ئیمپراتۆر پله‌ی دووه‌میش به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌وا نزیكه‌ی 250 هه‌زار دۆڵاری پێده‌درێت، ئه‌مه‌ش هه‌رچه‌نده‌ له‌وانه‌یه‌ كێشه‌ی دارایی یانه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كات، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ پشووێك به‌به‌ر یانه‌كه‌ بهێنێته‌وه‌.

ئاماده‌كارییه‌كان بۆ یارییه‌كه‌

یانه‌ی هه‌ولێر له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ ئه‌و یارییه‌ ده‌ستپێكردو دوور له‌ چاوی كامێراكان تاكو 14 ـی ئه‌م مانگه‌ له‌سه‌ر راهێنانه‌كانی به‌رده‌وام ده‌بێت، دواتر به‌ره‌و وڵاتی ئیمارات به‌ڕێده‌كه‌وێت و له‌وێ شێره‌كانی هه‌ولێر دوا ئاماده‌كارییه‌كانیان بۆ یارییه‌كه‌ ده‌كه‌ن. یه‌كێتیی تۆپی پێی عێراق سه‌ره‌ڕای ده‌ستپێكردنی وه‌رزی نوێی خولی بژارده‌، ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر دواخرانی یارییه‌كانی نوێنه‌ره‌كه‌ی له‌ جامی یه‌كیه‌تیی ئاسیا ده‌ربڕیوه‌و ئیمپراتۆر ته‌واو بۆ یاریی كۆتایی یه‌كلاكراوه‌ته‌وه‌.

هانده‌ران له‌ هه‌ولێر ده‌یانه‌وێت بچنه‌ دوبه‌ی و له‌وێ ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنیان بگێڕن، به‌ڵام عومه‌ر سه‌لیمی نوێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر به‌سه‌ردانێكی فه‌رمیی له‌ ئیماڕاته‌و رایگه‌یاند یه‌كێتی تۆپی پێی ئاسیا و وڵاتی ئیمارات ره‌تیانكرده‌وه‌ بتوانن به‌ جیاواز ڤیزه‌ به‌ هانده‌ران بدرێت، به‌ڵكو ده‌بێت له‌ رێگای كونسوڵخانه‌ و نووسینگه‌كان كاره‌كانیان رایی بكه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ریشدا چه‌ند بازرگانێكی كوێتی بڕیاریان داوه‌ گواستنه‌وه‌ی هانده‌ران بۆ یارییه‌كه‌ له‌ ئه‌ستۆ بگرن.

10426887_381173362030125_6328304013488963192_n

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر