دیمانه‌_تایبه‌ت به‌ یاریگا.. سالار جه‌لال باسی دوایین بڕیاری خۆی له‌سه‌ر وازهێنانی له‌ كۆمێنتاری ده‌كات و په‌رده‌ له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی خۆی بۆ بارسا و یانه‌كانی دیكه‌ هه‌ڵده‌داته‌وه‌

1798785_523180574466666_15273313_nیاریگا – سۆران لوقمان

له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا ئه‌وه‌ی سه‌یری تۆپی پێی كردبێت ناوی (سالار جه‌لال)ـی بیستووه‌، به‌ڵكو ئه‌و پیاوه‌ بۆ هه‌زاران هه‌واداری وه‌زشی بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌و ژماره‌ی مۆبایلی ئه‌وه‌نده‌ به‌ربڵاو بووه‌ له‌كاتی هه‌ر پێشهاتێكی وه‌رزشی زه‌نگه‌كانی مۆبایله‌كه‌ی سالار و خوله‌كژمێره‌كانی كاتژمێر له‌رووی لێدانه‌وه‌ یه‌كسان ده‌بن !  پڕزانیاری سالار گه‌یشتۆته‌ رادده‌یه‌ك ناسناوی (مه‌وسوعه‌كه‌)ـی بۆ به‌كار ده‌برێت، له‌ رۆژنامه‌ی هه‌ولێر به‌ ستوونی (لاكێشه‌ی سه‌وز)، له‌ رادیۆی په‌یامنێر به‌ هه‌واڵه‌ وه‌رزشییه‌كان و به‌رنامه‌ی (ئۆفساید)، له‌ كه‌ناڵی ئاسمانی زاگرۆس به‌ هه‌واڵه‌ وه‌رزشییه‌كان و له‌ كه‌ناڵی كوردستان سپۆرتیش به‌ گواستنه‌وه‌ی یارییه‌كان به‌ زمانی كوردی ده‌نگی سالار له‌ هه‌موو شوێنێكی كوردستان سه‌دا ده‌داته‌وه‌. له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا سالار جه‌لال وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی یاریگانێت ده‌داته‌وه‌…

ئه‌گه‌ر زه‌مه‌ن بگه‌ڕێته‌وه‌ دواوه‌ ئایا سالار جه‌لال جارێكی دیكه‌ بیر له‌ كاری كۆمێنتاری(بێژه‌ری یارییه‌كان) ده‌كاته‌وه‌ ؟ له‌ نێوان كاری كۆمێنتاری و پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ و بێژه‌ری هه‌واڵ له‌ كامیان ئاسووده‌تریت و كامیان زیاتر له‌ تۆ نزیكه‌ ؟

ئه‌م كاره‌ به‌رێكه‌وت هاته‌ پێشم، یه‌كه‌م كاری كۆمێنتاریم بۆ ساڵی 2000 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌ كه‌ناڵی گوڵان پێویستیان به‌ بێژه‌رێك هه‌بوو داوا له‌ من كرا ئه‌و كاره‌ ئه‌نجام بده‌م و منیش داواكه‌م قبوڵكرد و چاوه‌ڕێی كاردانه‌وه‌ی بینه‌ران بووم، كاردانه‌وه‌كه‌ زۆر باش بوو، به‌رپرسانی تیڤییه‌كه‌ش زۆر هانیان دام، بۆیه‌ منیش به‌رده‌وام بووم. هه‌ركارێك خۆشی و ئیمتیازاتی خۆی هه‌یه‌، به‌لای من كاری بێژه‌ری هه‌واڵ له‌ رادیۆ له‌ هه‌مووی خۆشتره‌و بواری جوڵاته‌وه‌ی زیاتری تێدایه‌.

له‌ سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی 2000 له‌ كه‌ناڵی لۆكاڵی (گوڵان) زۆر گرنگیت به‌ یارییه‌كانی پریمه‌رلیگ ده‌دا و هه‌رده‌م ستایشی ئه‌و خوله‌ت ده‌كرد، به‌ڵام به‌مدواییانه‌ له‌ (كوردستان سپۆرت)گرنگی زیاترت به‌ لالیگا ده‌دا، جیاوازی له‌ نێوان ئه‌و دوو خوله‌ چییه‌ ؟ كامیان به‌هێزترن ؟

له‌ ته‌له‌ڤزیۆنی گوڵان من یه‌كه‌م كه‌س بووم له‌ كوردستان خولی ئینگڵته‌ڕا دواتر خولی ئیسپانیا و ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا و چامپیۆنزلیگم گواسته‌وه. خولی ئینگڵته‌ڕا خێراترین و به‌هێزترین خوله‌ له‌ رووی توانای جه‌سته‌ییه‌وه‌، خولی ئیسپانیش خولی نه‌رم و توانای هونه‌ری به‌رزه‌، هه‌ردوو خولیش شایسته‌ی سه‌یركردن و رووماڵكردنن، بۆیه‌ من سه‌یری هه‌ردوو خوله‌كه‌ به‌ هاوسه‌نگی ده‌كه‌م به‌بێ جیاوازی.

په‌شیمان نیت له‌وه‌ی هانده‌ران زانیان هانده‌ری بارسێلۆنا و بڕازیلیت ؟ ئه‌وه‌ به‌ هۆكاری به‌شێكی زۆری ره‌خنه‌كانی هانده‌ران و گوێگرانت نازانیت ؟

ئه‌وه‌ ته‌نیا له‌ وڵاتی ئێمه‌ كێشه‌یه‌، له‌ وڵاتان زۆر ئاساییه‌ بزانیت ئه‌و بێژه‌ره‌ هانده‌ری كام یانه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌، له‌لای ئێمه‌ كێشه‌و گرفت بۆ بێژه‌ره‌كه‌ په‌یدا ده‌كات، بۆیه‌ هیواداربووم كه‌ هیچ كه‌سێك ئه‌و زانیاریانه‌ نه‌زانێت، ئێستاش له‌لای من كارێكی ئاساییه‌ به‌ڵام به‌راستی كێشه‌ی بۆ دروست كردووم.

خۆشترین یاریی كه‌ كۆمێنتاریت له‌سه‌ر كردبێت كامه‌ یاریی بوو ؟

ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆرم به‌رێكردووه‌، یاریی خۆشیش زۆر بووینه‌، له‌وانه‌ یاریی كۆتایی مۆندیالی 2002 له‌نێوان بڕازیل و ئه‌ڵمانیا، یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ له‌ نێوان ریال مه‌دردی ئیسپانی و بایرلیڤه‌ركوزنی ئه‌ڵمانی له‌ ساڵی 2002، یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ له‌ نێوان لیڤه‌رپوولی ئینگلیزی و ئه‌یسی میلانی ئیتاڵی له‌ 2005، یاریی كلاسیكۆی ریال مه‌دریدی ئیسپانی و بارسێلۆنای ئیسپانی كه‌ 3-3 یه‌كسان بوون، چه‌ندین یاریی دیكه‌ش.

جگه‌ له‌ بارسێلۆنا كامه‌ یانه‌ی دیكه‌ت خۆش ده‌وێت ؟

له‌ هه‌ر وڵاتێك یانه‌یه‌كم خۆش ده‌وێت، لیڤه‌رپوول له‌ ئینگڵته‌ڕا، ئه‌یاكس له‌ هۆله‌ندا، هامبۆرگ له‌ ئه‌ڵمانیا، مارسیلیا له‌ فڕه‌نسا، ئینته‌رمیلان له‌ ئیتاڵیا، بۆكاجنیۆرز له‌ ئارجێنتینا و ساوپاولۆ له‌ بڕازیل.

له‌وه‌ته‌ی سه‌یری تۆپی پێ ده‌كه‌یت كامه‌ یاریزانت پێ باشترین یاریزانی تۆپی پێیه‌ له‌ جیهاندا ؟

له‌هه‌ر سه‌رده‌مێك یاریزانێك په‌یدا ده‌بێت، به‌ بۆچوونی من رۆناڵدینهۆی بڕازیلی دووباره‌ نابێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م یاریزانه‌ له‌ رێره‌وی تۆپی پێ لایدا ئه‌گینا تا ئێستا ئه‌ستێره‌یه‌كی دره‌وشاوه‌ ده‌مایه‌وه‌.

دوای ته‌واوبوونی یاریی كۆتایی مۆندیال بڕیاری وازهێنانی خۆت له‌ كۆمێنتاریدا، له‌ فه‌یسبووك كاردانه‌وه‌ی زۆری دروستكرد، له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كتدا راتگه‌یاندووه‌ پاش ماوه‌یه‌كی دیكه‌ بیرێك له‌ بڕیاره‌كه‌م ده‌كه‌مه‌وه‌، جارێكی دیكه‌ ده‌گه‌ڕێیه‌وه‌ بۆ كۆمێنتاری ؟

جارێك نازانم، تا دوای چه‌ند مانگێكی دیكه‌ به‌لێنم داوه‌ به‌و بڕیاره‌ دابچمه‌وه‌ له‌به‌ر خاتری هاوڕێیان و بارده‌ران ئه‌و كات بڕیاره‌كه‌م ئاشكرا ده‌كه‌م، به‌ڵام تا ئێستا بڕیاری وازهێنانم داوه‌و په‌شیمان نیم.

چه‌ند سالار جه‌لالی دیكه‌ دروستبووه‌ تا تۆ ئاوا بێباكانه‌ واز له‌ كۆمێنتاری بهێنیت ؟ هه‌ستناكه‌یت دوای تۆ و جه‌لال په‌رێشان به‌شی كۆمێنتاری كوردی هه‌تیو ده‌بێت ؟

ئه‌م كاره‌ له‌سه‌ر سالار و جه‌لال ناوه‌ستێت، ئه‌م كوردستانه‌ ده‌توانێت ده‌یانی وه‌كو سالار دروست بكات، خۆ سالاریش له‌ سفره‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌م كاره‌ی خۆش یوێت بۆ ئه‌وه‌ی لێی سه‌ركه‌وتوو بێت، من به‌ هه‌موو زمانێك سه‌یری یارییه‌كان ده‌كه‌م و سوود له‌ هه‌موو بێژه‌ره‌كان ده‌بینم.

به‌ راشكاوانه‌ كامه‌ كۆمێنتاری كوردیت پێ سه‌ركه‌وتووه‌ ؟ وه‌ له‌سه‌ر ئاستی كۆمێنتاره‌ عه‌ره‌به‌كان به‌ كامیان سه‌رسامیت ؟

هه‌ر كه‌سێك شێوازی تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌و جه‌ماوه‌ری خۆی هه‌یه‌، به‌ڵام من من هه‌رده‌م گوێڕایه‌لی ده‌نگی په‌رێشانم، من سه‌یری یارییه‌كان به‌ ده‌نگی هه‌موو كۆمێنتاره‌كان ده‌كه‌م به‌ بێ جیاوازی و هه‌ر یه‌كێكیان تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌.

سالار جه‌لال ئه‌و ماندووبوونه‌ی بۆ میدیای وه‌رزشیی كوردی كردوویه‌تی به‌هه‌ده‌ر چووه‌ ؟ ئایا هه‌ست به‌ مه‌غدووری ده‌كه‌یت ؟

ماندوبوونم به‌هه‌ده‌ر نه‌چووه‌، رۆژانه‌ به‌ هه‌زاره‌ها كه‌س گوێبیستی هه‌واڵه‌ وه‌رزشییه‌كان نه‌بن به‌ ده‌نگی سالار جه‌لال ئاسووده‌ نابن، ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ی له‌ خه‌ڵك ده‌یبینم گه‌وره‌ترین سامانه‌ بۆ من، هه‌ندێك جار به‌ڵێ هه‌ستده‌كه‌م كه‌ غه‌درم لێكراوه‌و به‌ته‌واوی مافی خۆم وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام ئه‌و هه‌سته‌ كاتییه‌ زوو له‌بیری ده‌كه‌م.

مه‌وسوعه‌كه‌ چ بیرۆكه‌یه‌كی بۆ میدیای وه‌رزشی هه‌یه‌ كه‌ تاكو ئێستا دابینكردنی پێداویستییه‌كان بووبێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ؟

یه‌كه‌م بیرۆكه‌ی من ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ میدیای وه‌رزشی كار ده‌كه‌ن پێویسته‌ یه‌كتریان خۆش بوێت و به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كتریان بوێت. پێداویستی زۆر گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی میدیاكار داهێنان بكات له‌ بواره‌كه‌ی خۆیدا، پاڵپشتی ماددی بۆ میدیاكاری وه‌رزشی زۆر گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ یه‌ك ده‌زگا كار بكات و تواناكانی به‌سه‌ر چه‌ند ده‌زگایه‌ك دابه‌ش نه‌بێت، چونكه‌ ئێستا میدیاكاران ناچارن له‌ چه‌ند ده‌زگایه‌ك كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بژێوی ژیانیان دابین بكه‌ن.

له‌وه‌ته‌ی سه‌یری تۆپی پێ ده‌كه‌یت ده‌كرێت باشترین پێكهاته‌ی تۆپی پێمان به‌ رای خۆت پێبلێی ؟

پرسیارێكی زۆر زه‌حمه‌ته‌ به‌ڵام ناچارم وه‌ڵام بده‌مه‌وه‌…

گۆڵپارێز: ئیكێر كاسیاسی ئیسپانی

هێلی به‌رگری: رۆبێرتۆ كارلۆسی بڕازیلی، پاولۆ مالدینی ئیتاڵی، كارلۆس پویۆلی ئیسپانی، مایكۆنی بڕازیلی

هێلی ناوه‌ڕاست: كریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگاڵی، ئاندرێس ئینیێستای ئیسپانی، زێنه‌دین زێدانی فڕه‌نسی، رۆناڵدینهۆی بڕازیلی

هێلی هێرشبردن: لیۆ میسی ئارجێنتینایی، رۆناڵدۆی بڕازیلی

10448735_586413554810034_7207861940587848489_n417520_168548549929872_757078178_n10352411_575298589254864_7355565581635246470_n

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

1 لێدوان

Leave A Reply