میران خه‌سرۆ له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ یاریگادا.. شانازی به‌ بانگه‌شه‌كردنی بۆ پارتی ده‌كات و ئاماده‌یه‌ له‌ پێناوی یانه‌ی هه‌ولێر بمرێت

میران خه‌سرۆ

میران خه‌سرۆ

یاریگا – سۆران لوقمان

له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌ هێلی ناوه‌ڕاستی یانه‌ی هه‌ولێر كوڕێكی لاوی جه‌سته‌ لاوازی ژیرت به‌رچاو ده‌كه‌وێت، رۆژ دوای رۆژ متمانه‌ی به‌خۆی زیاتر ده‌بێت، دوای ئاوابوونی تیشكی ئه‌ستێره‌ی مۆفه‌ق یونس و محه‌ممه‌د خۆشناو، خه‌ریكه‌ یاریسازێكی دیكه‌ی كورد پێده‌گاته‌وه‌. میران خه‌سرۆی یاریزانی یانه‌ی هه‌ولێر یه‌كێكه‌ له‌ خوێنه‌ره‌ به‌رده‌وامه‌كانی ماڵپه‌ڕی یاریگا و ئه‌مجاره‌یان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كانی ماڵپه‌ڕه‌ وه‌رزشییه‌ یه‌كه‌مه‌كه‌ بخوێنێته‌وه‌، قسه‌ بۆ ماڵپه‌ڕه‌كه‌مان ده‌كات و له‌ دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا بۆ یاریگا ده‌دوێت..

مانگێكی دیكه‌ له‌ چاره‌گی كۆتایی جامی یه‌كێتی ئاسیا به‌رامبه‌ر هانۆی تیتی ڤێتنامی یارییتان هه‌یه‌، دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی خولی عێراق و ئه‌و بارودۆخه‌ داراییه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر تێیكه‌وتوه‌، تا چه‌ند متمانه‌ت به‌ تیپه‌كه‌ت هه‌یه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ ببێته‌ پاڵه‌وانی ئاسیا ؟

زۆر متمانه‌م به‌خۆمان هه‌یه‌ راسته‌ كێشه‌ی داراییمان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یاریزانه‌ عه‌ره‌به‌كانیش به‌رده‌وام نه‌بن ئێمه‌ وه‌كو یاریزانه‌ كورده‌كان ئاماده‌ین بێبه‌رامبه‌ر یاریی بكه‌ین.

به‌پێی چه‌ند سه‌ر‌چاوه‌یه‌كی تایبه‌تمان زانیومانه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئه‌یوب ئۆدیشۆ له‌ پۆسته‌كه‌ی نه‌مێنێت، له‌ئاستی تیپه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ ئۆدیشۆ رازیت ؟

زۆر رازیم، هه‌ندێك كه‌موكوڕی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌پێی ئه‌نجام تیپه‌كه‌مان زۆر باش بووه‌، له‌سه‌ر ده‌ستی كاپتن ئه‌یوب ئه‌دیشۆ دووه‌ی خولی عێراق بووین و ئێستا له‌ قۆناخی چاره‌گی كۆتایی جامی یه‌كێتی ئاسیاین.

ئه‌گه‌ر ئه‌یوب بڕوات ده‌گوترێت پێویسته‌ هه‌ولێر پشت به‌ راهێنه‌ری كورد ببه‌ستێت، تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ دایت؟ باشترین راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر له‌رابردوودا تۆ كارت له‌گه‌ڵ كردبێت كێ بوو ؟

ئه‌گه‌ر راهێنه‌ر كورد بێت بۆ یاریزانه‌ كورده‌كان زۆر باش ده‌بێت، چونكه‌ زیاتر گرنگی به‌ یاریزانه‌ كورده‌كان ده‌دات. نزار مه‌حروس باشترین راهێنه‌ربوو له‌ مێژووی یانه‌ی هه‌ولێر، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ش یانه‌ی هه‌ولێر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و خولی عێراقی به‌ ته‌نیا دۆڕانێك به‌ده‌ستهێناو گه‌یشت به‌ یاریی كۆتایی جامی یه‌كێتی ئاسیا.

بینیمان له‌م وه‌رزه‌ی عێراق له‌ یارییه‌كدا به‌ پێكانه‌وه‌ یارییت ته‌واوكرد، چی وای لێكردی جه‌سته‌ت له‌ پێناو یانه‌كه‌ت بخه‌یته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ ؟

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من له‌ هیچ یانه‌یه‌كی دیكه‌ یاریم نه‌كردووه‌و هه‌ر له‌و یانه‌یه‌ بوویمه‌، به‌ ماڵی خۆمی ده‌زانم و ئاماده‌م له‌ پێناوی بمرم.

له‌ تیپی تازه‌ پێگه‌یشتوانه‌وه‌ یاریی بۆ یانه‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌یت، میران و هه‌ولێر تاكه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌ ؟

له‌ ته‌مه‌نێكی زۆر بچوكه‌وه‌ له‌ یانه‌ی هه‌ولێر یاری ده‌كه‌م و تاكه‌ یاریزانم له‌ قوتابخانه‌ی یانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ هه‌موو قۆناخه‌كانم بڕیوه‌و تاكو كۆتایی ژیانی وه‌رزشیم له‌ یانه‌ی هه‌ولێر درێژه‌ به‌یاریكردنم ده‌ده‌م.

هه‌ندێك كه‌س به‌ بۆسكێتسی هه‌ولێر ده‌تناسێنن، وابزانم خۆشت حه‌زت به‌و نازناوه‌یه‌ ؟

من سێرجیۆ بۆسكێتسم زۆر خۆش ده‌وێت و بۆ من شانازییه‌ هانده‌ران به‌و یاریزانه‌ گه‌وره‌ بمچوێنن.

له‌كاتی به‌ڕێوه‌چوونی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، له‌گه‌ڵ یاریزان عیماد ئه‌سعه‌د بانگه‌شه‌ت بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان كرد، ئه‌مه‌ چۆن بوو؟ ئایا خزمه‌تكردنی پارتی به‌ وه‌زرشی كوردستان وای لێكردیت ئه‌و بانگه‌شه‌یه‌ بكه‌یت؟ یانیش بانگه‌شه‌ كردنه‌كه‌ كارێكی بازرگانی و بزنس بوو ؟

نه‌خێر كارێكی بازرگانی نه‌بوو، با كاره‌كه‌ به‌ حیزبی نه‌كرێت و وه‌رزش و سیاسه‌ت تێكه‌ڵ نه‌كه‌ین، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی من له‌ یانه‌ی هه‌ولێر چاوم كردۆته‌وه‌ ته‌نیا پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵپشتی یانه‌كه‌مانه‌، زۆر به‌ شانازییه‌وه‌ش ئه‌و كاره‌م كردووه‌و زۆر خۆشحاڵ بووم.

به‌رده‌وام هه‌واڵ و راپۆرته‌كانی ماڵپه‌ڕی یاریگا لایك ده‌كه‌یت و خوێنه‌رێكی به‌رده‌وامی ماڵپه‌ڕه‌كه‌مانی، چ قسه‌یه‌كت بۆ ماڵپه‌ڕه‌كه‌مان هه‌یه‌؟

ماڵپه‌ڕێكی زۆر پرۆفیشناڵه‌، هه‌موو رۆژێك سه‌یری ده‌كه‌م و زۆر سه‌ركه‌وتووه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر رۆژێك یارییه‌ك نه‌بینم ده‌چمه‌ ناو ماڵپه‌ڕه‌كه‌تان و سه‌یری گۆڵه‌كانی یارییه‌كان ده‌كه‌م، هیوادارم نموونه‌تان زۆربێت.

پڕۆفایل..

ناو: میران خه‌سرۆ سه‌لیم

رێكه‌وتی له‌ دایكبوون: 1/7/1989

له‌ تیپه‌كانی تازه‌پێگه‌یشتوان و لاوانی یانه‌ی هه‌ولێر یاریی كردووه‌

993727_539115606162636_726471600_n10336689_744360685626131_5502004006798348360_n

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر

Leave A Reply