شرۆڤه‌… گواستنه‌وه‌ی ئالێكسس سانچێز له‌ نێوان سوودمه‌ندبوون و زه‌ره‌رمه‌ندبوونی بارسێلۆنا و ئارسناڵ

ئالێكسس سانچێز به‌ درێسی ئارسناڵ

ئالێكسس سانچێز به‌ درێسی ئارسناڵ

یاریگا – دوای ئه‌وه‌ی ئالێكسس سانچێز به‌رامبه‌ر 30 ملیۆن پاوه‌ند روویكرده‌ یانه‌ی ئارسناڵی ئینگلیزی و ریزه‌كانی بارسێلۆنای ئیسپانی جێهێشت، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی هانده‌رانی یانه‌ له‌نده‌نییه‌كه‌ دڵخۆشن به‌و گرێبه‌سته‌و هانده‌رانی یانه‌ كه‌ته‌لۆنییه‌كه‌ش دڵته‌نگن به‌ له‌ده‌ستدانی یاریزانه‌ چیلییه‌كه‌و پێشبینی ده‌كه‌ن وه‌رزی داهاتوو شوێنی سانچێز چۆڵ بێت.

سانچێز له‌گه‌ڵ ئارسناڵ

گرێبه‌ستكردنی گه‌نه‌رز له‌گه‌ڵ سانچێزی 25 ساڵان دڵی هانده‌رانی یانه‌ ئینگلیزییه‌كه‌ی خۆشكردووه‌و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌بۆنه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئه‌و كوڕه‌ چیلییه‌ دڵخۆشی خۆیان ده‌رده‌بڕن، چونكه‌ ئه‌وان چه‌ندین وه‌رزه‌ نه‌یان بینیوه‌ ئارسن ڤینگه‌ر گرێبه‌ستی له‌و شێوه‌یه‌ واژوو بكات، دوای گواستنه‌وه‌ی مه‌سعود ئۆزێل له‌ ریال مه‌دریده‌وه‌، ئه‌وه‌تا سانچێزیشیان له‌ بارسێلۆنا رفاند و كۆچكردنی به‌هره‌مه‌ندو ئه‌ستێره‌كانیان له‌ ئارسناڵه‌وه‌ بۆ ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره‌ی لالیگا پێچه‌وانه‌ كرده‌وه‌.

گه‌رچی به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئاستی یاریزانه‌كه‌ی پێشووی بارسا له‌ هه‌ڵبژارده‌ی چیلی و یانه‌ی ئۆدینێزی ئیتاڵی، ده‌توانین بلێین ئه‌و كوڕه‌ چیلییه‌ هێزی زیاتر به‌ تۆپهاوێژه‌كان ده‌به‌خشێت و له‌رووی شێوازیی یاریكردنه‌وه‌ له‌ ته‌كتیكی ڤینگه‌ر نزیكه‌، به‌ڵام خاڵی لاوازی وه‌رزی رابردووی ئارسناڵ له‌ باڵه‌كان نه‌بوو، به‌ڵكو له‌ نه‌بوونی دوا كه‌س بوو بۆ ته‌واوكردنی هێرشه‌كان و نه‌بوونی گۆڵكارێك.

ته‌كتیك و پلانی وه‌رزی داهاتووی ڤینگه‌ر به‌هۆی گواستنه‌وه‌ی سانچێز:

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام ڤینگه‌ر پشت به‌ پلانی 4-3-3 یانیش 4-2-3-1 ده‌به‌ستێت، له‌وانه‌یه‌ وه‌رزی داهاتوو سانچێز له‌ شوێنی واڵكۆت یاریی بكات و ئه‌و یاریزانه‌ ئینگلیزییه‌ش بچێته‌ ناو بۆكس و وه‌كو هێرشبه‌رێكی ژماره‌ 9 یاریی بكات كه‌ وه‌رزی رابردوو زیاتر له‌ جارێك داوای ئه‌و پێگه‌یه‌ی له‌ ئارسن ده‌كرد، ده‌شكرێت له‌پاڵ سانچێز جیرۆ له‌ شوێنی خۆی بمێنێته‌وه‌و واڵكۆت شوێنی خۆی له‌به‌رژه‌وه‌ندی یاریزانه‌ چیلی و فڕه‌نسییه‌كه‌ له‌ده‌ستبدات.

1194986806906859364football_pitch__andy_bur_01-svg-hi (1)

له‌وانه‌شه‌ ڤینگه‌ر به‌هامان شێوه‌ی سامپاولی راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی چیلی وه‌كو هێرشبه‌ر سوود له‌ سانچێز وه‌ربگرێت و گواستنه‌وه‌ی ئه‌و یاریزانه‌شی بۆ ریزه‌كانی گه‌نه‌رز هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ مه‌به‌سته‌ بێت و واز له‌ هێرشبه‌ری كلاسیكی بهێنێت و به‌سوود وه‌رگرتن له‌ سێ یاریزانی بزێوی وه‌كو واڵكۆت و سانچێز و چامبێرله‌ین رووبه‌رووی یانه‌ ئینگلیزییه‌كان بێته‌وه‌. چونكه‌ سانچێز له‌ مۆندیالی 2014 وه‌كو هێرشبه‌ر یاریی ده‌كردو تاكو بڕێكی زۆر باش له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو بوو.

بارسێلۆنای دوای سانچێز

فرۆشتنی سانچێز 30 ملیۆن پاوه‌ندی برده‌ ناو خه‌زێنه‌ی بارسێلۆنا كه‌ له‌وانه‌یه‌ یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ كڕینی لویس سوارێزی یاریزانی یۆرۆگوایی یانه‌ی لیڤه‌رپوولی ئینگلیزی، به‌ڵام هانده‌رانی بلاوگرانا پرسیارێك له‌ ناو مێشكیان دروستبووه‌ ئایا هاتنی سوارێز واده‌كات سانچێز پێویست نه‌بێت، یاخود سوارێز ده‌توانێت به‌هه‌مان شێوه‌ی سانچێز له‌گه‌ڵ شێوازی 4-3-3 یاخود تیكی تاكا و میسی بگونجێت، چونكه‌ سانچێز له‌ باڵه‌كان جیاواز له‌ وه‌رزه‌كانی دیكه‌، وه‌رزی رابردوو ئاستێكی به‌رزی له‌گه‌ڵ بلاوگرانا پێشكه‌شكردو له‌ 27 یارییدا له‌سه‌ره‌تاوه‌ یاریی پێكراو 19 گۆڵی تۆماركردو 10 گۆڵی بۆ هاوڕێكانی دروستكرد.

1194986806906859364football_pitch__andy_bur_01-svg-hi (2)كڕینی سوارێز مانای ئه‌وه‌ نییه‌ بارسا چیتر پێویستی به‌ سانچێز نامێنێت، چونكه‌ هێشتا لویس ئێنركی پێویستی به‌ یاریزانێكی دیكه‌ی هێرشبه‌ر هه‌یه‌ له‌ته‌ك سوارێز و میسی یاریی بكات و ترسێنه‌رترین سێكوچكه‌ دروست بكه‌ن، هه‌روه‌كو گواردیۆلا له‌ 2009 به‌ هێنری و میسی و ئیتۆ ئه‌وه‌ی دروستكردبوو. ئه‌گه‌ر بارسا بیری له‌ فرۆشتنی سانچێز نه‌كردباوه‌و به‌ پاره‌ی فرۆشتنی سیسك فابریگاس و چه‌ند یاریزانێكی دیكه‌ی نه‌ویستراو، به‌جددی له‌ كڕینی سوارێز بچوبا پێشه‌وه‌و ئه‌و یاریزانه‌ یۆرۆگواییه‌ی بگواستباوه‌ كامپ نو، به‌ سێ هێرشبه‌ری ئه‌مریكای لاتینی هه‌موو ئه‌وروپایان ده‌تۆقاند.

1194986806906859364football_pitch__andy_bur_01-svg-hi

ئه‌گه‌ر بارسا بشتوانێت سوارێز بگوازێته‌وه‌ ریزه‌كانی، سوارێز و نێیمار و میسی له‌ پێشه‌وه‌ به‌هێزترین هێلی هێرشبردن دروستده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ ئه‌وكاتیش پێویستیان به‌ یاریزانی یه‌ده‌گی وه‌كو سانچێز هه‌بێت.

 

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر