واده‌ی راكێشانی تیروپشكی قۆناخی چاره‌كی كۆتایی چامپیۆنزلیگ

0

ئه‌مشه‌و ناسنامه‌ی سه‌رجه‌م یانه‌كانی قۆناخی چاره‌كی كۆتایی چامپیۆنزلیگ ئاشكرابوو، رۆژی هه‌ینی تیروپشك بۆ قۆناخی چاره‌كی كۆتایی و پێشكۆتایی ئه‌نجام ده‌درێت.

ئه‌و یانانه‌ی گه‌یشتنه‌ قۆناخی چاره‌كی كۆتایی: بارسێلۆنای ئیسپانی، لیڤه‌رپوولی ئینگلیزی، مانچێسته‌ر سیتی ئینگلیزی، مانچێسته‌ر یونایتدی ئینگلیزی، تۆتێنهام هۆتسپێرسی ئینگلیزی، یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی، پۆرتۆی پۆرتوگاڵی و ئه‌یاكس ئامسته‌ردامی هۆڵه‌ندی.

رۆژی هه‌ینی كاتژمێر 02:00ی دوای نیوه‌ڕۆ به‌ كاتی كوردستان تیروپشكی قۆناخی چاره‌كی كۆتایی چامپیۆنزلیگ راده‌كێشرێت، كه‌ به‌گوێره‌ی یساكانی یوێفا ده‌كرێت سه‌رجه‌م یانه‌كان رووبه‌ڕووی یه‌كتری ببنه‌وه‌ و یاریگا سپۆرت راسته‌وخۆ تیروپشكه‌كه‌ ده‌گوازێته‌وه‌.

ئه‌مساڵ جیاواز له‌ ساڵانی رابردوو، راسته‌وخۆ دوای راكێشرانی تیروپشكی قۆناخی چاره‌كی كۆتایی، تیروپشكی قۆناخی پێشكۆتاییش ده‌كرێت و تاكو یاریی كۆتایی رێگای سه‌رجه‌م یانه‌كان یه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌، كه‌ تیروپشكه‌كه‌ له‌ شاری نیۆن له‌ سویسڕا له‌ باره‌گای سه‌ره‌كی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌وروپا ئه‌نجام ده‌درێت.

یارییه‌كانی چوونی قۆناخی چاره‌كی كۆتایی رۆژانی 9 و 10ی مانگی داهاتوو ده‌كرێن، یارییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ش رۆژانی 16 و 17ی هه‌مان مانگ ئه‌نجام ده‌درێن، یارییه‌كانی قۆناخی پێشكۆتایی رۆژانی 30ی ئه‌پرێل و 1ی مایۆ ئه‌نجام ده‌درێن و یارییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ش رۆژانی 7 و 8ی هه‌مان مانگ به‌ڕێوه‌ ده‌چن.

یاریی كۆتایی رۆژی 1ی یۆنیۆ له‌ یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ له‌ مه‌درید ئه‌نجام ده‌درێت و سه‌رجه‌م یارییه‌كانی قۆناخه‌كانی داهاتوو به‌هۆی گۆڕانی كاتی وڵاتانی ئه‌ورپا كاتژمێر 10:00ی شه‌و به‌ كاتی كوردستان ده‌ستپێده‌كه‌ن.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

Share.

Comments are closed.