نهێنی و هۆکارەکانی شەوی کەوتنە خوارەوەی ریال مەدرید

0
Showing 1 of 1


کارۆخ ڕواندزی

ڕەنگە گەشبینترین هەواداری یانەی ئەیاکسی هۆڵەندی بەر لە یارییەکەی دوێنێ شەو چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد تیپەکەی بە ئەنجامی 4-1 لە پاڵەوانی سێ ساڵی ڕابردووی ئەوروپا بباتەوە و بۆ قۆناخی هەشت سەرکەوێ، لە هەمان کاتدا ڕەشبینترین هاندەرانی نێو ماڵی مەدریدی پێشبینی ئەوەیان نەدەکرد بەو کارەساتە و بەو ئەنجامە ئابرووبەرەو مالئاوایی لەو پاڵەوانێتییە بکەن، لە دوایین پێنج ساڵدا چوار جار لە باوەشیاندا گرتوە !.

شکستەکەی دوێنێ شەوی ریال مەدرید لە هیچەوە نەبوو، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکار و نهێنی گرنگی لەژێرەوە هەبوە، کە دەکرێت لەو خاڵانە باسی بەشێکی هۆکارەکانی بکرێت.

1- هیلاکی یاریزانانی ریال مەدرید

هیلاکی یاریزانانی ریال مەدرید لە ڕووی جەستەیی بەهۆی ئەنجامدانی 3 یاری بەهێز لە یەک هەفتەدا، لە بەرانبەردا یانەی ئەیاکس هەفتەیەک زیاتر هیچ یارییەکی ئەنجام نەداو تەنانەت یارییەکەی بەرانبەر زفلولە لە خولی هۆڵەندی دوا خرا بۆ ئەوەی باش خۆی بۆ ئەو یارییە ئامادە بکات.

2-دۆڕاندنی هەردوو یاری کلاسیکۆ

دۆڕاندنی دوو یاری کلاسیکۆ لە نێو یاریگای (سانتیاکۆ بیرنابیۆ) بەرانبەر یانەی بارسێلۆنای ڕکابەری سەرسەختی ریال مەدرید لەو ساتە ناسکەدا، کاریگەری خراپی لە ڕووی دەروونی بەسەر یاریزانەکان و یانەکەدا هەبوو، لەم دوو دۆڕانەی کلاسیکۆ ریال مەدرید دوو پاڵەوانێتی جامی شای لە کیس چوو هەروەها لە لیگای ئیسپانیاش بێ هیوا بوو، بەمەش بۆ یاری ئەیاکس فشارێکی دەروونی زۆر گەورە کەوتە سەر یاریزانان لە ترسی ئەوەی ئەو پاڵەوانێتیەش لەکیس نەدەن و تووشی کارەسات نەبنەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئاستی ئەیاکسیان لە یاری یەکەم بینی ، کە لە نێو ئەمستردام مەدرید توانی بە ئەزموونی خۆی و بەهۆی گەمژەیی هێرشبەرانی ئەیاکس یارییەکە بباتەوە.

3-گەمژەیی سێرجیۆ ڕامۆس

هەڵە کوشندەکەی ڕامۆس و گەمژەییەکەی لە یاری ڕابردوو کاتێک بە ئەنقەست کارتێکی زەردی وەرگرت و لەو یارییە بێ بەش بوو، دواتر یوفا پێی زانی و بۆ یارییەکی دیکەش سزای دا، شوێنی ڕامۆس لە یارییەکەی دوێنێ شەو زۆر بە باشی دیار بوو، یاری نەکردنی ئەو هێڵی بەرگری ریال مدریدی بۆ ئەیاکس خستە ڕوو، ڕامۆس لێرە وەکو پەندەکوردییەکەی خۆمان بۆ ڕیش چوو کەچی سمێڵیشی لەسەر دانا.

4- نەبوونی گۆڵکار و یاریزانی یەکلاکەرەوەی وەک ڕۆناڵدۆ 

نەبوونی گۆڵکار، دوای رۆیشتنی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ دەرکەوت کە هیچ لە هێرشبەرانی ریال مەدرید نەینتوانی بەشێکیش لە کاریگەری ڕۆناڵدۆ پڕ بکەنەوە، لاوازی ئەو هێڵە لەم وەرزە بە تەواوی دەرکەوتوە، بە تایبەتی دابەزینی ئاستی گاریس بەیل و ئاسنسیۆ و خراپی ماریانۆ هەموو فشارەکەی خستە سەر بن زیمە و ڤینیسیۆس و ڤاسکوێز، لێرەش پێرێزی سەرۆکی یانەکە بەرپرسی یەکەمە لەبەر ئەوەی لەوادەی زستانەی گواتسنەوەی یاریزانان هیچ هێرشبەرێکی بۆ یانەکە نەکڕی هەرچەندە کاتەکە گونجاو بوو، ئەوکاتیش ریال لەسەر هەموو نازناوەکان لە نێو ڕکابەرییەکان دابوو.

5-پێکانی ڤاسکوێز و ڤینیسیۆس و خراپی بەیل

چوونەدەرەوەی لۆکاس ڤاسکوێز و ڤینیسیۆس بەهۆی پێکانەوە، ئەو دوو یاریزانە چالاکترین دوو یاریزانی ریال مەدرید بوون لەو یارییەو یارییەکانی پێشووتریش، چوونە دەرەوەی ئەوان بۆ بەرژەوەندی بەیل و ئاسنسیۆ هێڵی هیرشبردنی ریال مەدریدی لاوازتر کرد.

6-کەم ئەزموونی و هەڵ کوشندەکانی سۆلاری

کەم ئەزموونی سۆلاری ڕاهێنەر هۆکارێکی دیکەی شکستەکەی مەدرید بوو، ئەو ڕاهێنەرە نەیتوانی دوای ئەو شکستانە ئامادەیی لە ڕووی دەروونیەوە بۆ یاریزانی بکات، بەپێچەوانەوە دژایەتی کردنی هەندێک لە ئەستێرەکان لەماوەی ڕابردوو کاریگەری خراپی بەسەر یانەکە هەبوو، جگە لەوەش نەیتوانی خاڵە بەهێزەکانی ئەیاکس کە لە یاری یەکەمدا بەڕوونی دیار بوون، کۆنتڕۆل بکات و بە شێوازێکی کراوەیی بەرانبەر یانەیەک یاری کرد کە زۆر خێرا تۆپ دەگوازنەوە و هێرشە پێچەوانەکانیشی زۆر مەترسیدارن، سۆلاری لە بیرچوو بوو کە یانەکەی بە یەکسانبوون و دۆڕان بە تاکە گۆڵێکیش سەردەکەوێت، بۆیە هەر بەپەلە یاریگای خۆی کردەوە و بە شێوەیەک یارییەکەی دەستپێکرد وەک چۆن تیپەکەی ئەو بە دوو گۆل لە دواوە بێت، بۆیەش هەر لەسەرەتاوە بە دوو گۆڵی خێرا ریال مەدرید شۆک کرا.

7- بەهێزی و ئازایەتی یانە ئەیاکس

بەهێزی و ئازایەتی یانەی ئەیاکس، لێرەدا نابێت لە تواناو بەهرەکانی یاریزانانی ئەیاکس کەم بکەینەوە، بەڕاستی ئەو یانەیە سەلماندی کە لە هیچەوە لە قۆناخی کۆمەڵەکان بایەرن میونشینی شەرمەزار نەکردبوو، بەڵکو یانەیەکی کامل ئەوسافە و تۆپی پێیەکی نموونەیی پێشکەش دەکەن، هەروەها ئەوان توانیان سوود لە هەموو خاڵە لاوازەکانی ریال مەردید و کێشەکانی وەربگرن، بۆیە ئەیاکس دەتوانێ سەرئێشە بۆ هەر یانەیەک دروست بکات کە لە قۆناخی هەشت ڕووبەڕووی ببێتەوە.

چارەسەر چییە؟

لەکۆتاییدا ئایا دەبێت چارەسەر چی بێت؟ بە تەنها کڕینی یاریزانان نابێتە چارەسەری کێشەکانی ئەو یانە گەورەیە، بەڵکو هەنگاوی یەکەم پێویستە لە هەڵبژاردەنەکانی سەرۆکایەتی یانەی ریال و ئەنجومەنی ریال مەدرید کە ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت متمانە بە (فلۆرۆنتینۆ پێرێز) نەکرێتەوە و لە سەرۆکایەتی دوور بخرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو بە هەڵەکانی هەموو کارە باشەکانی پێشووی خۆی سڕیوە، ئینجا بە هێنانی ڕاهێنەرێکی گەورە و چەندینی یاریزانی بەتوانا تیپەکە فۆڕمات بکرێت و سەر لە نوێ بنیات بنرێتەوە، ئەوەش لە بیرنەکەین کە لەگەڵ ڕۆیشتنی (پێرێز) بەدوور نییە زێدان جارێکی دیکە بیر لە گەڕانەوە بۆ یانەی شاهانە بکاتەوە، لەبەر ئەوەی هەر خۆی لەدەست دیکتاتۆریەتی پێرێز یانەی شاهانەی جێیهێشتبوو.

 

فەیسبووک-  Karox Rwandzi

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

Showing 1 of 1
Share.

Comments are closed.