ئیکاردی بەهۆی سەندنەوەی نیشانی کاپتن مان دەگرێت

0

بەهۆی وەرگرتنەوەی نیشانی کاپتنی لێی، ماورۆ ئیکاردی مانی گرتووە و ئامادە نییە ئەمشەو یاریی بۆ ئینتەر میلان بکات.

دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە یانەی ئینتەر میلان بەفەرمی رایگەیاند چیدیکە ماورۆ ئیکاردی کاپتنی یانەکەیان نییە و سەمیر هاندانۆڤیچیان دەستنیشانکرد بۆ ئەوەی ببێتە کاپتنی یانەکە، راستەوخۆ ماورۆ ئیکاردی رەتیکردەوە لە یاریی ئەمشەو بەرامبەر راپید ڤییەنا لە یۆرۆپالیگ یاریی بکات.

لۆچیانۆ سپالێتی، راهێنەری ئینتەر میلان پێش یاریی ئەمشەویان دانی بە مانگترنی ئیکاردی دانا و گوتی ‘وەرگرتنەوەی نیشانەی کاپتنی لە ئیکاردی بڕیارێکی سەخت و بە ئازار بوو، بەڵام ئەم بڕیارە بە رای سەرجەم ئەندامانی ئینتەر دراوە و لەپێناوی بەرژەوەندی یانەکەش ئەم بڕیارە دراوە، من ئیکاردیم بانگهێشت کردبوو بۆ یاریی راپید ڤییەنا، بەڵام ئیکاردی رەتیکردەوە بەسداریی ئەم یارییە بکات’.

هەروەها سپالێتی گوتیشی ‘ئیکاردی بە وەرگیرانەوەی نیشانەی کاپتنی دڵتەنگ و بێزارە و ئەمەش کاریگەریی هەبووە، بەڵام هیوادارم هەموومان بیرمان تەنیا لەلای یارییەی راپید ڤییەنا بێت’.

ئیکاردی هاوینی 2021 گرێبەستەکەی لەگەڵ ئینتەر میلان کۆتایی دێت و تاکو ئێستا ئامادە نییە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەمەش وەرگیرانەوەی نیشانەی کاپتنی بۆ ئامادە نەبوونی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دێت، بەڵام کەناڵی سکای سپۆرت ئاشکرایکردبوو، بەشێک لە هاوڕێیەکانی ئیکاردی بەهۆی نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی هەست دەکەن ئیکاردی وەکو سەرکردە دەر ناکەوێت و ئەوان داوایان کردبوو چیدیکە کاپتنی یانەکەیان نەبێت.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

Share.

Comments are closed.