ڕامۆس لایکی پۆستێک دەکات پڕە لە هێرش بۆ سەر یانە و یاریزانەکان، جگە لە خۆی و…

یاریگانێت/ یاری کلاسیکۆی نێوان بارسێلۆنا و ڕیاڵ مەدرید و دەرەنجامەکانی، لە یارییەکی ئاسایی دەرچووە و وەک بووبێتە ڕووداوێکی گرنگ و پڕ مشتومڕی ناوەندە وەرزشییەکە.

هەفتەی نۆیەمی خولی ئیسپانی کە تێیدا شانۆگەرییەکەی بارسا و ڕیاڵ بوو. یانەکەی کەتەلۆنیا بەبێ مێسی و، یانەکەی پایتەختیش بەبێ ڕۆناڵدۆ ڕووبەڕووی یەک بوونەوە و بلوگرانا وانەیەکی مێژووی داوە قەڵای سپی کاتێک 1-5  لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێ هێنا.

فان پەیجێکی سێرجیۆ ڕامۆسی کاپتنی مێرەنگی لە ئینستاگرام بە کاردانەوەیەکی توند نووسیویەتی:
“باشە، بەسە واتا بەسە. ئەمە چی بوو چی؟ ئەرێ لە یادتانە ئێوە چی درێسێک دەپۆشن؟ لە یادتانە؟ ئەوە بۆچی کۆرتوا گۆڵپارێزی ئێمەیە؟ مەبەستم ئەوەیە ئاخۆ ئەو هەر دەزانێت کە گۆڵپارێزە یان چی؟ سوودی نییە…

بەرگریی خراپ، هەر زۆر خراپ. ئەی خوایە! خراپترین ئاستی ناچۆ، ڤارانیش دوای پاڵەوانبوونیان لە جامی جیهانی، هەر نەیدەزانی چی دەکات… مارسێلۆ و ڕامۆس تاکە یاریزانی ناویان بوو کە شتێکیان کردبێت. هەرچەند هەڵەی بەرگرییش هەبوو لەلایەن هەردوکیانەوە.
ناوەڕاستی یاریگا چی؟ هەر بوونیان نەبوو. ئەی هێرشبەر؟ هەر نەبینران. ئەی ڕاهێنەر؟ ئەویش دەردەکرێت. هەموو ئەم بارودۆخە هۆکاری ئەوەیە کە یاریزانەکان بەبێ هەبوونی هیچ پاڵنەرێک یاری دەکەن، بەبێ خواستی بردنەوە. هەروا لە نێو یاریگا ڕادەکەن و نازانم چی. پەهـ! نامەوێ بەردەوامبم. یان ئەوەتا ئەمە دەبێتە ڕوونکردنەوەیەکی گەورە کە هەموو کێشەکانی ئەم یانەیە لە خۆ بگرێت.”

هەندێ لە میدیا و سۆشیاڵ میدیا لایکردنی ڕامۆسیان بۆ ئەم پۆستە وا لێک داوەتەوە کە سێرجیۆی کاپتن هاوڕابێت لەگەڵ بۆچوونی پۆستەکەدا. ئەگەرچیش تێیدا ڕاستەوخۆ ڕەخنە لە ئاستی کۆرتوا و ناچۆ و ڤاران و تەواوی هێڵەکانیتر گیراوە.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر