ئەمشەو گەڕی سێیەمی چامپیۆنزلیگ بە چەند یارییەکی گرنگ دەستپێدەکاتەوە

یاریگا

بڕیارە ئەمشەو سێشەممە 23-10 گەڕی سێیەمی پاڵەوانێتی چامپیۆنزلیگ بە ئەنجامدانی 8 یاری گرنگ جارێکی دیکە دەست پێ بکاتەوە.

لە بەهێزترین یارییەکانی ئەمشەودا یاری نێوان مان یۆنایتدە کە بە شەیتانە سوورەکان ناسراوە بەرانبەر یۆڤێنتۆس کە بە خانمە پیرەکە باسی لێوە دەکرێت، لەم یارییەدا کە لە گروپی هەشتەمە لە کاتژمێر 10ی شەو بەڕێوە دەچێت، هەردوو یانەکە هەوڵ دەدەن پێشەنگ بگرن، بەتایبەتی مان یۆناتد کە بە بەسەرکەوتن پێشەنگ وەردەگرێت، لە هەمان کاتدا یانەی یۆڤی بە یەکسانبوون و بردنەوە لە پێشەنگی گروپەکەی دەمێنێتەوە، لە یارییەکی دیکەی ئەم گروپەش هەردوو یانە بریندارەکە (یۆنگ بۆیز)ی سویسڕی و (ڤالەسنیا)ی ئیسپانی لە سویسڕا لە کاتژمێر 7.55 ی ئەمشەو بەیەک دەگەن بەهیوای ئەوەی بتوانن خاڵەکانی یارییەکە دەستەبەر بکەن.

لە گروپی پێنجەمدا، یانەی بایەڕن میونشین دوای لەدەستدانی دوو خاڵی گرنگ لە گەڕی ڕابردوو بەرانبەر ئەیاکس ئەمجارە لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە کاتژمێر 7.55 خولەگ بەرانبەر یانەی ئایک ئەسینای یۆنانی یاری دەکات، لەم یارییەش بایەڕن پاڵێوراوە بۆ ئەوەی بتوانێت 3 خاڵی یارییەکە بباتەوە، هەر لە هەمان گروپیش بنفیکای پورتوگالی لە کاتژمێر 10 ی شەو دەبێتە میوانی یانەی ئەجاکسی هۆڵەندی یارییەکەش قورسە بۆ هەردولا لەبەر ئەوەی ئاستی هەردوو یانەکە لە یەک نزیکە.

لە گروپی پێنجەم، یانەی مان سیتی کە بارودۆخی زۆر باش نییە کاتژمێر 10ی شەو دەبێتە میوانی یانەی شاختار دۆنتسیکی ئۆکرانی، ئەم یارییە قورس دەبێت لەبەر ئەوەی شاختار لە نێو یاریگای خۆی یانەیەکی سەخت و بەهێزە، بەڵام بەهۆی بوونی ئەستێرەی کاریگەر لە ریزی تیپەکەی گواردیۆلا یانەی مان سیتی پاڵێوراوترە بۆ ئەوەی بتوانێت 3 خاڵی یارییەکە بباتەوە، لە یارییەکی دیکەشدا کە لە هەمان کاتدا بەڕێوە دەچێت، یانەی لیۆن و هۆفنهایم ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە و ئاستی هەردوو یانەکەش لەیەک نزیکە و هەردوو تیپ چاویان بڕیوەتە 3 خاڵی یارییەکە.

لەچوارچێوەی گروپی حەوتەم، ڕیال مەدرید هەلێکی زێڕینی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی لەگەڵ جەماوەرەکەی ئاشت بێتەوە، کاتێک لە ئەرکێکی ئاساندا بەرانبەر ڤکتۆریا بلزنی چیکی یاری دەکات، لەم یارییە کە لە کاتژمێر 10 ئەنجام دەدرێت، ڕیال مەدرید هەوڵ دەدات بە بردنەوەیەکی گەورە خۆی بۆ کلاسیکۆ ئامادە بکات، لە کاتێکدا ئەستەمە بۆ یانە چیکییەکە وێرای ئاستی خراپی ڕیال مەدرید بتوانێت کارێک بکات یان بە خاڵێک لەو یارییە بچێتە دەرەوە، لەدوووەمین یاری ئەم گروپەش ڕۆمای ئیتالی بەرانبەر سیسکا مۆسکۆ یاری دەکات، لەو یارییەش ڕۆما نزیکترە لە بردنەوە، لە هەمان کاتدا سیسکا مۆسکۆ هەوڵ دەدات سوپڕایزێکی دیکە دوای بردنەوە لە ریال مەدرید لە یارییەکەی ئەمشەو بۆ رۆماش دروست بکات.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر