تەواو، ریال مەدرید لەبارەی چارەنووسی سۆلاری خۆی یەکلاکردەوە

0

ریال مەدرید لەبارەی چارەنووسی سانتیاگۆ سۆلاری خۆی یەکلاکردووەتەوە و بەنیازە بەفەرمی ئەو راهێنەرە ئارجێنتینییە تاکو کۆتایی ئەم وەرزە لە پۆستەکەی بهێڵێتەوە.

جۆسێپ پێدرۆلی پێشکەشکاری بەرنامەی بەناوبانگی شیرینگیتۆ کە زۆر لە یانەی ریال مەدریدەوە نزیکە، دوای سەرکەوتنەکەی شەوی رابردووی ریال مەدرید رایگەیاند، بەرپرسانی یانە مەدریدییەکە بڕیاریان داوە متمانەی تەواو بدەنە سۆلاری و ئەو راهێنەرە ئارجێنتینییە تاکو کۆتایی ئەم وەرزە لە پۆستەکەی بەردەوام بێت.

سۆلاری لەوەتەی رۆژی 29ی مانگی رابردووەوە بە شێوەیەکی کاتی لە شوێنی جولیان لۆپیتێخی دەستبەکاربووە و لە ماوەی 14 رۆژدا لەگەڵ ریال مەدرید چوار سەرکەوتنی لەسەر یەکی بەدەستهێناوە، دوو سەرکەوتنی لە لالیگا بووە، یەکێکیان لە چامپیۆنزلیگ و ئەوی دیکەشیان لە جامی شای ئیسپانیا بوو.

لە مێژووی ریال مەدریددا یەکەمجارە راهێنەرێک لە چوار یاریی دەستپێکی کارکردنی لەسەر یەک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، سۆلاری لەگەڵ لۆس بلانکۆس لەو چوار یارییەدا 15 گۆڵی کردووە و تەنیا دوو گۆڵی لێکراوە.

ریال مەدرید کۆتایی مانگی رابردوو بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی لۆپیتێخی دوورخستەوە و بە شێوەیەکی کاتی سۆلاری راهێنەری تیپی دووەمی یانەکەی کردە جێنشینی، بەڵام تاکو ئێستا ئەو راهێنەرە ئارجێنتینییە بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت لەم چەند رۆژەدا ریال مەدرید بەفەرمی سۆلاری تاکو کۆتایی ئەم وەرزە وەکو راهێنەری یانەکەی بە میدیاکان بناسێنێت.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

Share.

Comments are closed.