هاندەرانی لیڤەرپول بۆ یەکەمین جار داوای فرۆشتنی محەمەد سەلاح دەکەن

یاریگا

شکستەکەی دوێنێ شەوی یانەی لیڤەرپول بەرانبەر یانەی ناپۆلی زەنگی مەترسی بۆ بەردەوام بوونی محەمەد سەلاحی گۆڵکاری یانەکە لەگەڵ ڕێدز لێدا، کاتێک بۆ یەکەمین جار بەشێک لە هاندەرانی یانە سوور پۆشەکە داوای فرۆشتنی ئەستێرەی یانەکەیان کرد.

پێگەی ڕۆژنامەی (دەیلی ستار)ی ئینگلیزی ڕەخنەی لە ئاستی یانەی لیڤەرپول گرت و ئاماژەی کرد کە ئەوە یەکەمین جار لە ساڵی 2006 کە یانەکە نەتوانێت یەک تۆپی دروست ئاڕاستەی گۆڵی یانەی بەرانبەری بکات، هەروەها تیشکی خستە سەر ئاستی محەمەد سەلاحی گۆڵکاری پرێمەرلیگ و ئاماژەی کرد کە بۆ سێیەمین یاری لەسەر یەکەوە نەیتوانی چالاکی خۆی پیشان بدات و ئاستێکی باش پێشکەش بکات، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی بەشێک لە هاندەرانی ڕێدز لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ یەکەمین جار داوایان کرد سەلاح بفرۆشن تا نرخەکەی بەرزە و بێزاری خۆیان لە کێشەکانی یاریزانەکە دەربڕی بەتایبەتی لەگەڵ سادیۆ مانی کە لەگەڵ سەلاح لە هێڵی هێرشبردن یاری دەکات.

دەیلی ستار لە درێژەی بابەتەکەی هەندێک توانج و قسەیەکی چەند هاندەرێکی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا یەکیان دەلێت” پێویستە سەلاح بفرۆشین”، لە کاێکدا یەکی دیکە زۆر بەتوندی دەڵێت ” با ئەو سەلاحە بفرۆشین، بەراستی کێشە لەوە نییە کە چەند یارییەکە گۆڵ تۆمار ناکات بەڵکو کێشەکە لە شێواز و ئاستی یاریزانەکەیە”، یەکێکی دیکەش دەلێت” بەوپەڕی جیدیەت دەڵێم بێ دوو دڵی پێویستە بە زووترین کات سەلاخ بفرۆشین”، هاندەرێکی دیکەش پێی وایە ئێستا سەلاح پارەیەکی باش دەکات و باشتر وایە زوو بیفرۆشن و سوود لە پارەکە وەربگیرێت و یاریزانی دیکەی پێ بکڕن.

ئاشکرایە کە لە وادەی هاوینەی گواستنەوەی یاریزانان چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا بایەخیان بە سەلاح دا، بەڵام یانە ئینگلیزییەکە گرێبەستێکی تازەی لەگەڵ یاریزانە میسرییەکە واژۆ کرد و مەرجی شکاندنی گرێبەستەکە و مووچەی یاریزانەکەشی بەرز کردەوە.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر