ئەمڕۆ دووەمین گەڕی چامپیۆنزلیگ بە کۆمەڵێک یاری گرنگ دەست پێ دەکات


یاریگا

ئەمڕۆ لە میانی دووەمین گەڕی قۆناغی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا 8 یاری گرنگ لە یاریگا جیاجیاکانی ئەوروپا ئەنجام دەدرێت.

لەکاتژمێر 7.55 خولەک بە کاتی هەولێر دوو یاری ئەنجام دەدرێت، یانەی مان سیتی بە سەرپەرشتی گواردیۆلا دوای شکستەکەی یاریگای خۆی بەرانبەر لیۆنی فەرنسی دەیەوێت لە نێو یاریگای هۆفنهایمی ئەڵمانی سەرکەوتن تۆمار بکات و هیوای خۆی زیندوو بکاتەوە ،لە یارییەکی دیکەشدا یانەی یۆڤێنتۆس لە ئەرکێکی ئاساندا لەسەر یاریگای خۆیدا بەرانبەر یۆنگ بۆیزی سویسڕی یاری دەکات.

لە کاتژمێر 10 ی شەودا 6 یاری دیکە ئەنجام دەدرێت، لە ڕوسیا یانەی ریال مەدرید دەبێتە میوانی سیسکا مۆسکۆی ڕووسیا یارییەکەش بەهۆی یاری نەکردنی گاریس بەیل و مارسیلۆ و ئیسکۆ ئاسان نابێت هەرچەندە ڕیال مەدرید زیاتر پاڵێوراوە 3 خاڵی یارییەکە بباتەوە، لە یارییەکی دیکەدا شەیتانە سوورەکان لە ئەرکێکی قورس بەرانبەر ڤالەنسیا یاری دەکەن، لەو یارییەش مۆرینیۆ دەیەوێت بە تۆمار کردنی سەرکەوتنی دووەم لە چامپیۆنزلیگدا برینەکانی پرێمەرلیگی پێ ساڕێژ بکات و بۆ ماوەیەک خەمەکانی شکستەکانی خولی ناوخۆ لە بیر هەوادارانی یانەکە بباتەوە.

هەر ئەمشەو یارییەکی بەهێز و هاوسەنگ نێوان لیۆنی فەرنسی و شاختار دۆنتسیک ئەنجام دەدرێت، هەروەها یانەی رۆماش لە یاریگای خۆیدا دەیەوێت لە ڤیکتۆریا بلیزنی چیکی بباتەوە تا بتوانێت قەرەبووی شکستی بەرانبەر ڕیاڵ بکاتەوە و هیواکانی خۆی زیندوو بکاتەوە، یانەی بایەڕن میونشینی ئەڵمانی لە یاریگای خۆیدا میونداری یانەی ئەجاکس ئەمستردامی هۆڵەندی دەکات، لەو یارییەش یانەی باڤاری دەیەوێت بە پشت بەستن بە خاک و هاندەران بردنەوەی دووەمی تۆمار بکات، لە دوایین یاریشدا یانەی ئایک ئەسینای یۆنانی لە یارییەکی زەحمەت ڕووبەڕووی بینفیکای پورتوگالی دەبێتەوە، لەم یارییە هەردوو یانە دوای شکستیان لە یەکەم یاریدا بەدوای تۆمار کردنی ئەنجامێکی باش دەگەڕێن.

ئاشکرایە کە سبەی چوارشەممەش لە هەمان خولدا 8 یاری دیکەی گروپەکانی دیکەی چامپیۆنزلیگ بەڕێوە دەچێت، کە تێیدا یاری تۆتنهام و بارسێلۆنا لە لەندن بە یەکێک بەهێزترین ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە دادەنرێت، هەروەها یاری ناپۆلی و لیڤەرپولی ئینگلیزیش یارییەکی ئاگرینی دەبێت.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر