مووچه‌ی ساڵانه‌ی یاریزانان كابوسێكی گه‌وره‌ی یانه‌كان

نووسینی: کامەران پاڵانی، ڕۆژنامەنووسی وەرزشیی.

یاریگانێت/ وه‌ك ده‌زانین له‌م رۆژگاره‌ی ئێستاماندا، لایه‌نی دارایی باڵی كێشاوه‌ به‌سه‌ر تۆپی پێدا، یانه‌كان به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی فراوانكردنی سه‌رچاوه‌كانی داهاتیانن و یاریزانه‌كانیش به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی زیادكردنی داهاتی ساڵانه‌یاندان، هه‌ربۆیه‌ نوێكردنه‌وه‌ی بۆندی یاریزانه‌كان كێشه‌ بۆ كارگێڕی یانه‌كان درووست ده‌كات، به‌وه‌ی یاریزانه‌كان به‌ مه‌رجی به‌رزكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی ساڵانه‌یان له‌وه‌ی پێشوو، بۆنده‌كانیان نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌گه‌رنا:-

1- یان بۆنده‌كه‌ نوێ ناكه‌نه‌وه‌ و له‌ كۆتایی بۆنده‌كه‌ به‌خۆڕایی ڕووده‌كه‌نه‌ ئه‌و یانه‌یه‌ی پاره‌یه‌كی زیاتریان پێده‌ده‌ن (لیڤاندۆڤسكی بۆنده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ بروسیا دۆرتمۆند نوێ نه‌كرده‌ و به‌بێ به‌رانبه‌ر ڕووی كرده‌ بایرن، له‌ به‌رانبه‌ردا یانه‌ باڤاریه‌كه‌ له‌ بری ئه‌و پاره‌یه‌ی كه‌ نه‌یاندا به‌ دۆرتمۆند، مووچه‌یه‌كی ساڵانه‌ی زیاتریان دایه‌ لیڤاندۆڤسكی).

2- یان پێش كۆتایی هاتنی بۆنده‌كه‌یان به‌ وه‌رزێك یان نیو وه‌رز به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی كه‌متر له‌چاو نرخی ڕاستوقینه‌ی خۆیان له‌ بازاری گواستنه‌وه‌دا ڕووده‌كه‌ن یانه‌یه‌كی تر، (تیبۆ كۆرتوا كۆتایی ئه‌م وه‌رزه‌ بۆنده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ چێڵسی كۆتایی ده‌هات، بۆیه‌ به‌بێ به‌رانبه‌ر و به‌ ویستی خۆی ڕووی ده‌كرده‌ یانه‌یه‌ك، سه‌رنجام له‌ مێركاتۆی هاویندا به‌ پاره‌یه‌كی كه‌متر له‌ نرخی راسته‌قینه‌ی خۆی له‌ بازاری گواستنه‌وه‌ی یاریزاناندا، ڕووی كرده‌ ریاڵ مه‌درید).

3- بۆ ئه‌وه‌ی یاریزانه‌كان ئه‌و 2 خاڵه‌ی سه‌ره‌وه‌ دووباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌، كارگێڕی هه‌ندێك یانه‌ 2 وه‌رز یان 3 وه‌رز پێش كۆتایی هاتنی بۆندی یاریزانه‌كانیان، ده‌كه‌ونه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵیان و به‌بێ فشارێكی ئه‌وتۆ و پاش دیراسه‌كردنی بارودۆخی داراییان بۆنده‌كه‌یان به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زیاتر له‌وه‌ی پێشوو نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌ و بڕه‌ پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی به‌ مه‌رجی شكاندی بۆنده‌كانیان دیاری ده‌كه‌ن. (كارگێڕی ریاڵ مه‌درید ئه‌م كاره‌یان له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ سێرخیۆ رامۆس و ماركۆ ئه‌سینسیۆ و چه‌ند یاریزانێكی تر ئه‌نجامدا).

4- كارگێڕی هه‌ندێك یانه‌ بێ گوێدانه‌ بارودۆخی داراییان، به‌ مه‌رج و داواكاری یاریزانه‌كانیان رازی ده‌بن و مووچه‌كانیان به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆر نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی خه‌رجیه‌كان و یانه‌كان تووشی كورتهێنانی بووجه‌ ده‌بن، چونكه‌ پێوه‌ری درووست بۆ كرێ و مووچه‌ له‌ كۆی داهاتی یانه‌كان بریتییه‌ له‌ 45% بۆ 50%ی كۆی داهاته‌كه‌.

بۆ نموونه‌: یانه‌ی ریاڵ مه‌درید بڕی (57%)ی داهاته‌كه‌ی به‌ كرێ و مووچه‌ ده‌ڕوات، به‌ڵام یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ بڕی (77%)ی داهاته‌كه‌ی به‌ كرێ و مووچه‌ ده‌ڕوات، هه‌ربۆیه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا بارودۆخی دارایی یانه‌ی ریاڵ مه‌درید دروستترێكه‌ له‌ بارودۆخی دارایی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌.

تێبینی:- كرێ و مووچه‌ له‌ داهاتی یانه‌ بریتییه‌ له‌ كرێ و مووچه‌ی سه‌رجه‌م یاریزانانی تیپی یه‌كه‌م و لاوان و قوتابخانه‌كان و ستافی كارگێڕی و كارمه‌ندانی یانه‌كه‌ نه‌ك مووچه‌ی یاریزانانی تیپی یه‌كه‌م به‌ ته‌نها.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر