مۆدڕیچ باسی خەونی بردنەوەی بالۆن دۆر و ڕۆیشتنی ڕۆنالدۆ دەکات

یاریگا

لە تازەترین لێدوانیدا دوای سەرکەوتنە مەزنەکەی هەڵبژاردەی کڕواتیا بە ئەنجامی 2-1 بەسەر هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا و گەیشتن بە یاری کۆتایی، لۆکا مۆدریچ باسی خەونی بردنەوەی بالۆن دۆری کرد و لەسەر ڕۆیشتنی رۆنالدۆش بۆچوونی خۆی دەربڕی.

لەم بارەیەوە مۆدڕیچ دوای گەیشتنی کڕواتیا بۆ یاری کۆتایی مۆندیال سەبارەت بە خەونی بردنەوەی بالۆن دۆر وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی” بردنەوەی تۆپی ئاڵتوونی باشترین یاریزان خەونی هەموو یاریزانێکە و خەونێکی گەورەیە، بەڵام لەو ساتە تەنها بیر لە بردنەوەی مۆندیال دەکەمەوە، ئەوەی کردوومانە کارێکی گەورەیە، بەڵام گرنگترین کار بردنەوەی مۆندیال دەبێت کە دەبێتە هۆی خۆشحاڵکردنی هەموو گەلی کڕواتیا، ئێستا ئەوە تاکە خەمی منە، هیوادارم نازناوەکە ببەینەوە”.

دەربارەی گۆڕینی لە دوا خولەکەکانی یاریدا ئەستێرە کڕواتییەکە گوتی” من زۆر هیلاک ببووم، دەترسام ماندووبوونم کاریگەری خراپی لەسەر تیپەکە هەبێت، بۆیە خۆم بە ڕاهێنەرم گوت کە گۆڕانکاری بکات و پێم ڕاگەیاند کە دەمەوێت یاریگا جێبهێڵم”.

لەکۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە رۆیشتنی ڕۆنالدۆ ، لۆکا مۆدڕیچ گوتی ” ڕۆنالدۆ یاریزانێکی زۆر گرنگ بوو، بۆ ئێمە، بەڕاستی هیوداربووم هەر لەگەڵ ئێمە بمێنێتەوە، پێم ناخۆش بوو ڕیاڵ مەدریدی جێهێشت”.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر