ژاپۆنییەکان بە ئاست و ڕەوشتی بەرز جیهانیان سەرسام کرد

محەمەد دەرگەڵەیی

هەڵسوکەوتی دوێنێ شەوی هاندەرانی ژاپۆنی دوای یارییەکەی بەلجیکا سەرنجی هەموو جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، هاندەرانی ژاپۆن کە بەمەبەستی پشتگیری کردن و هاندانی تیپەکەیان هاتبوونە رووسیا، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو تیپەکەیان بەگۆڵێکی کوشندە بەرامبەر هەڵبژاردەی بەلجیکا لە یارییەکانی قۆناغی 16 مۆندیال تووشی دۆڕان هات، یاریگایان چۆڵ نەکرد، ئەویش نەک بۆ دەربڕینی ناڕەزایی دژی ڤار و ناوبژیوانان و شتی دی بەڵکۆ بۆ ئەوەی پاشماوەکانیان و هەرچی زبڵی ناو یاریگا هەیە پاکی بکەنەوە، بەم هەڵسوکەوتەشییان سەرنجی ئامادەبووانی ناو یاریگا و هەموو جیهانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا.

بەڵێ ئەو هەڵسوکەوتە سەرنج ڕاکێشەی هاندەرانی ژاپۆن دوای تەواوبوونی یارییەکە بەچەند خولەکێک، وەک بەرزترین نموونەی شارستانیەتی و ڕەوشت بەرزی لە زۆرترین میدیاکانی جیهان بڵاوبووەوە و بەجوانترین وێنە و دیمەنی ڕۆژ وەسفی لێوەکرا.
وێنەکان و گرتە ڤیدیۆییەکانی پاککردنەوەی یاریگا لە لایەن هاندەرانی هەڵبژاردەکەی ژاپۆن کە بە شێوەیەکی تراژیدی ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد، لە سۆشیال میدیا بەگشتی و لە چەندین کەناڵی گەورەی دیاری جیهان بە شێوەیەکی تایبەت، باسی لێوە کراوە، سەرسوڕهێنەرە کە هاندەران وێرای ئازاری دۆڕاندنی تیپەکەیان هەڵسوکەوتی شارستانییان نەگۆڕا و پاککردنەوەی کورسییەکانی نێو یاریگایان لە بیر نەکرد و وەکو هەموو جارێک، ئەو نەریتە باوەی خۆیان جارێکی دیکە لە بیرنەکرد، ئەوان پێیان وایە پاک و خاوێنی بەڵگەیە بۆ ڕۆشنبیری گەل، لەوەش بەدڵنیاییەوە زۆر ڕاست دەکەن.

لەکۆتاییدا دەکرێ بڵێین ژاپۆنییەکان جگە لەوەی بەئاستی بەرزیان وانەیەکیان بە تیپە بچووکەکان دا، بەوەی کە دەتوانن ئازایانە یاری بکەن و نەبن بە نێچیرێکی ئاسانی هەڵبژاردە گەورەکان، سەلماندییان کە ڕەوشتی بەرز زیاتر جوانتریان دەکات و بە ڕەوشتی بەرزیان گەورەییان پیشانی جیهان دەدەن، لەکۆتاییدا تەنها دەڵێم هیوادارم ئەو وانەیەی ژاپۆن وانەیەکیش بێت بۆ هاندەرانی کوردستان و سوود لەو دیمەنە جوانەی دوێنێ شەوی هاندەرانی ژاپۆن وەربگرن.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر