بەریتانیا ترسی لە تۆڵەی هاندەرانی رووسیا هەیە و ئەمریکاش نیگەرانە


یاریگا

 

بەر لە چەند سەعاتێک لە دەستپێکی مۆندیالی ڕوسیا، بەریتانیا ترسی تۆڵەکردنەوەی هاندەرانی رووسی لە میانی یارییەکانی جامی جیهانی (مۆندیال)ی 2018 هەیە و ئەمریکاش نیگەرانە.

رۆژی پێنجشەممە 14/6/2018، یارییەکانی خولی 21ـەمی مۆندیال لە 11 شاری ولاتی رووسیا دەست پێ دەکەن و لە یەکەم یاریی مۆندیالیشدا، هەردوو هەڵبژاردەی رووسیا و سعودیە رووبەڕووی یەک دەبنەوە.

بەهۆی شەڕە بەردەوامەکانی هاندەرانی ئینگلتەڕا (بەریتانیا) بەتایبەت شەڕی هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردە لە یۆرۆی 2016 و کوژرانی سێرگی سکریپاڵ، سیخوڕی رووسی و بەریتانی و گرژبوونی پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە، بەریتانیا لە سەلامەتیی گیانی هاندەرانی وڵاتەکەی، دەترسێ.

هەروەها ویلیام ئیڤانینا، بەڕێوەبەری سەنتەری نیشتمانی بۆ ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕیی ئەمریکی نیگەرانیی خۆی لە سیخوڕیکردن بەسەر گەشتیارانی ئەمریکی لە رووسیا، نیشان داوە.

ویلیام ئیڤانینا هۆشداریی لەبارەی ئەگەری سیخوڕیکردن و هاککردن لەلایەن ”چەتە ئەلیکترۆنییە رووسییەکانەوە“ داوەتە ئەو هاووڵاتییانەی ئەمریکا، کە بۆ بینینی یارییەکانی مۆندیال سەردانی رووسیا دەکەن.

ئەو بەرپرسەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە زانیارییەکانی ناو مۆبایلی زیرەک، کۆمپیوتەر و هەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنیی گەشتیاران ئەگەری هەیە بکەوێتە دەست حکوومەت و باندە تاوانکارییە ئەلیکترۆنییەکانی رووسیاوە.

رۆژی 4/3/2018، لاشەی سێرگی سکریپاڵ و کچەکەی بەبێ هۆشی لە شەقامێکی شاری سالیزبوری لە باشووری بەریتانیا دۆزرانەوە. حکوومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، کە ئەو بە گازێکی کیمیاوی هێرشی کراوەتە سەر.

سەرچاوەکانی پۆلیسی بەریتانی باسیان لەوەش کردووە، کە چەند دەزگایەکی هەواڵگریی جیهانی سەلماندوویانە دەزگای هەواڵگریی رووسیا لەپشت ئەو هەوڵەی تیرۆرکردنە.

سێرگی سکریپاڵ ئەفسەرێکی دەزگای هەواڵگریی سەربازیی رووسیا بوو. کاری بۆ دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا دەکرد و دواتر ئاشکرا بوو و دەستگیر کرا. لە ساڵی 2010 لە میانەی گۆڕینەوەی سیخوڕە دەستگیرکراوەکان، ئازاد کرا و نێردرایە بەریتانیا.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر