دوو ڕاهێنەری جیهانی بۆ وەرگرتنی ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق پاڵێوراون

یاریگا

سەرچاوەیەکی بەپرس لە فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عێراق ڕایگەیاند کە دوو ڕاهێنەری جیهانی بۆ پۆستی ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق پاڵێوراون.

شەڕار حەیدەر، جێگری یەکەمی سەرۆکی فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عێراق ئاشکرای کرد کە لیژنەی تایبەت بە دەستنیشانکردنی ڕاهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق دوای لادانی باسم قاسم، هەردوو ڕاهێنەر (گۆس هیدینگ)ی هۆڵەندی و (وەحید خەلیۆزیچ)ی بۆسنی بۆ شوێنگرتنەوەی ڕاهێنەری لادراو پاڵاوتوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات، هەروەها گوتیشی لەسەر بڕیاری لیژنەکە فیدڕاسیۆنی تۆپی پێی عیراق مافی بڕیاری کۆتایی هەیە، بۆ ئەوەی ڕاهێنەرێک دەستنیشان بکات.

بەگوێرەی میدیاکانی عێراقی هەردوو ڕاهێنەرەکە ئەزموونێکی زۆریان هەیە لە ناوچەکەش کاریان کردوە و هەردووکیشیان لە مۆندیال ئەزموونی زۆر باشیان هەیە و دوو ناوی گەورەن لە نێو ڕاهێنەرانی جیهانیدا.

ئاشکرایە کە حکومەتی عیراق بڕیاری داوە بری دوو ملیار دینار وەک سەرەتایەک بۆ هێنانی ڕاهێنەرێکی جیهانی سەرف بکات، بۆ ئەوەی هەڵبژاردەی عێراق بۆ پاڵەوانێتی ئاسیا ئامادە بکات و بتوانیت ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنێت.

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر