یانەیەکی ئینگلیزی لە ڕاهێنەر گۆڕیندا ڕیکۆرد دەشکێنێت

یاریگانێت/ بە هاتنی ڕاهێنەرێکی نوێ بۆ یانەی لیدز یونایتدی ئینگلیزی، دەبێتە یازدەهەمین ڕاهێنەر لەوەتەی مانگی ٤ی ٢٠١٣، ئەمەش زیاترە لە هەر یانەیەکی تری سیستمی یانەکانی ئینگلیزی لەڕووی گۆڕینی ڕاهێنەرەوە.

یانەکەی خولی پلەیەکی ئینگلیزی کە بە چامپیۆنشیپ ناسراوە، دوێنێ دەستبەرداری پاوڵ هێنکینگبۆتۆمی ڕاهێنەری بوو، لە کاتێکدا کە کەمتر لە چوار مانگە ئەرکەکەی پێ سپێردرا بوو.

هێکینگبۆتۆم کە ڕاهێنەری پێشووتری یانەی برانسلی بووە، سەرەتای مانگی دووی ئەمساڵ جێگەی تۆماس کریستیانسنی گرتەوە، بەڵام لە ١٦ یاریدا یانە نوێکەیدا، ٨ یاریانی دۆڕاندبوو، ئەم ئەنجامانە وای کرد لە پلەی ١٣ی خولەکەدا بگیرسێتەوە.

ڕاهێنەر نێیڵ ۆرنۆک تەنها زیاتر لە ساڵێک توانی بمێنێتەوە، دواتر لە مانگی ٤ی ٢٠١٣ پۆستەکەی جێهێشت. جێگرەوەی ۆرنۆک، بریان مەکدیرمۆت بوو کە ئەمەشیان توانی تەنها تا مانگی ٥ی هەمان ساڵ بخایەنێت. داڤید هۆکادەی و دارکۆ میلانیک پێش گەشتن بە ساڵی ٢٠١٤ ماڵئاوایان لە لیدز کرد. نێیڵ ڕێدفێرن ٦ مانگ چانسی ڕاهێنەرایەتی هەبوو، دواتر ئۆوێ ڕۆزلەر بەدوایدا هات و بوونە بە ٤ ڕاهێنەری دەستبەرداربوو لە تەنها ١٦ مانگدا.

بەدوای ئەماندا نۆرەی ستیڤ ئیڤانس هات، کە ئەمەشیان ٧ مانگ ئەو چانسەی هەبوو، لە کاتێکدا گاری مۆنگی بەدوادا هات نزیکەی ساڵێک لەسەر پۆستە پڕ لە ئاڵوگۆڕەکە مایەوە. کریستنسن شوێنی گرتەوە و ئەم جارەیان لە مانگی ٦ی ٢٠١٧ توانی تا مانگی ٢ی ٢٠١٨ بمێنێتەوە. هێکنیگبۆتۆم کۆتا ڕاهێنەریان بوو کە تەمەنی ئەرکەکەی ١١٥ ڕۆژ زیاتری نەخایاند.

ئەوەی ئێستا جێی باسە، دوای زنجیرەیەک لە ڕاهێنەر گۆڕین، ناوی مارسێل بێلسای ئەرژەنتیی بەهێزە بۆ گرتنە ئەستۆی ئەم پۆستە چۆڵە و زنایارییەکان وا دەڵێن کە یانەکە گفتوگۆکانی لەتەک بێلسای خاوەن ئەزمووندا دەست پێکردووە.

لەم ڕووەوە تەنها یانەی واتفۆرد ڕکابەری لیدز یونایتد دەکات لە گۆڕینی ڕاهێنەردا. واتفۆرد کە خافی گارسیای کردە شوێنگرەوەی مارکۆ سیلڤا، ئەوە نۆیەمین ڕاهێنەریانە لە ماوەی پێنج ساڵدا.

 

وێنەی پۆڵ هێکینگبۆتۆمی تازە لەسەرکار لادراو

Comments - کۆمێنتت چییە ؟

کۆمێنتت

شەیر بکە لەگەڵ هاوڕێیانت.

دەربارەی نووسەر